حسێن قاسم حەسوون: هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییان جێگای بایەخن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

حسێن قاسم حەسوون: هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییان جێگای بایەخن

لە دیمانەیەکی (باسنیوز)دا حسێن قاسم حەسوون، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان، باسی هەڵوێستی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆمەڵکوژیی ئێزدییان دەکات و دەڵێت، سوپاسی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن کە هەشت ساڵە خەڵکی ئاوارەیان لەناو دڵ و ماڵی خۆیاندا حەواندووەتەوە و ئەمەش بە ڕوویەکی جوانی هەرێمی کوردستان وەسف دەکات و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بە جێگای بایەخ دەزانێت.

(باسنیوز) هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندی کەیسی ئێزدییان لەڕووی نێودەوڵەتییەوە چۆنە؟

حسێن قاسم حەسوون: سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا ئێستا دوو لیژنەی دامەزراندووە، یەکێکیان لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و ئەوەی دیکەش، ئۆفیسێکی تایبەتی دامەزراندووە کە هەر لە دەستپێکی کۆمەڵکوژیی ئێزدییانەوە تاوەکوو ئێستا کار دەکات بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراوە ئێزدییانەی کە لە دەستپێکی ساڵی 2014دا کەوتبوونە دەست داعش، ئەو ئۆفیسەش تا ئێستا سێ هەزار و 556 کەسی ئێزدیی لە دەست داعش ڕزگار کردووە، ئەمەش سەربڵندییەکی گەورەیە بۆ ئێزدییان و هەرێمـی کوردستان.

(باسنیوز) بەم کارانەی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن تەماشای کوردستان دەکات؟

حسێن قاسم حەسوون: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە تەماشای ئەم هەوڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام ئەوە جێگای داخە کە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەسی ئێزدی لە دەستی داعشدان و چارەنووسیان دیار نییە، هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەم کەسانە و ئاڵیات و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ گەڕان و دیارکردنی شوێنی ئەو کەسانە.

(باسنیوز) حکوومەتی عێراق چی کردووە بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی؟

حسێن قاسم حەسوون: ئێمە لە میدیاکانەوە سەبارەت بە دیاریکردنی چارەنووسی ئەم کەسانە دەبیستین، بەڵام لە واقیعدا هیچ هەنگاوێکی ئەوانمان نەدیوە و هیچ کارێکی ڕژدیان نەکردووە.

(باسنیوز) ڕەوشی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی ئێزدی چۆنە؟

حسێن قاسم حەسوون: ئێستا ٨٧ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، 445 ڕوفات لەو گۆڕانە دەر‌هێنراون و لەو 445 کەسەش ناسنامەی 146 کەس ئاشکرا بووە و ناسراونەتەوە و بە ڕێوڕەسمی ئایینی و یاسایی بە خاک سپێردراون.

(باسنیوز) گیانی هاوکاری لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بۆ هاوکاریکردنی ئێزدییان چۆن دەنرخێنن؟

حسێن قاسم حەسوون: ئێمە سوپاسی هەڵوێستی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەشت ساڵە خەڵکی ئاوارەیان لەناو دڵ و ماڵی خۆیاندا حەواندووەتەوە، ئەمەش ڕوویەکی جوانی هەرێمی کوردستانە لە جیهاندا کە خەڵک بەم هەموو برایەتی و هاوکارییە پێکەوە دەژین و ڕێز لە یەکتری دەگرن، ئەمەش هەنگاوێکی گەورە و گرنگە و دەگەڕێتەوە بۆ نەهجی سەرۆک بارزانی کە هەمیشە بە برایەتی و پاراستنی پێکەوەژیان کاری کردووە.