نووسەرێكی گەرمیانی نزیك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای دەگەیەنێت، پەیامەكەی شاسوار عەبدولواحید لەبارەی خۆپیشاندان، سەلماندوویەتی كە ”ئەو پیاوە حەرفێك لە سیاسەت و فیكری سیاسی نەگەیشتووە“.
تەها سلێمان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە: ”ئەوەی گوێی لە پەیامەکەی سەرۆکی نەوەی نوێ بووبێ، سەبارەت بە خۆپیشاندان و بەتایبەت بۆ خەڵکی هەولێر، تێدەگات ئەم پیاوە حەرفێک لە سیاسەت و فیکری سیاسی و چەمکی حزب و ستراتیژ و ئامانج و تاکتیکی حزب، جا لە دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن بێ، نەگەیشتووە“.
هاوكات بە مایەی ”بەدبەختی“ زانیوە كە خەڵكانێك بە دوای كەسانێكی وەك شاسوار عەبدولواحید دەكەون و ”لە كۆتاییشدا دڵخۆرد دەبن“.
جەختیشی كردۆتەوە، شاسوار عەبدولواحید ”حەزی لە دەسەڵات و خۆنواندنە، بەڵام نازانێ چۆن پێی بگات و ناشیگاتێ، تەنیا حەزی لێیە، زۆرجاریش حەز چەپەڵە و جڵەوی نەكەیت، سەرت دەخوا یان بەلایەنی كەمەوە دەتكاتە مەسخەرەی ڕۆژی شەقام و بان و ناو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە“.