باوكی كوژراوێكی په‌كه‌كه‌: په‌كه‌كه‌ كوڕه‌كه‌میان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و بە كوشتیان دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

باوكی كوژراوێكی په‌كه‌كه‌: په‌كه‌كه‌ كوڕه‌كه‌میان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و بە كوشتیان دا

 “تكا لە خەڵك دەكەم لەوە‌ تێ بگه‌ن كە پەكەكە منداڵەكانتان به‌ كوشتن ده‌دات” 

باوكی كوژراوێكی په‌كه‌كه‌، داخی دڵی خۆی بۆ (باسنیوز) ده‌رده‌بڕێت، به‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان به‌ فێڵ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تان بردووه‌ بۆ ناو ریزەكانیان و دایكی له‌ دووریی كوڕه‌كه‌ییه‌وه‌ باری ده‌روونیی تێك چووە،‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی فشاری په‌كه‌كه‌وه‌، كه‌ نه‌یان هێشتووه‌ كوڕه‌كه‌ی ببینێت.

کاک عەتای مامەحاجی ئەمین، باوكی یه‌كێك له‌ كوژراوانی په‌كه‌كه،‌ سەبارەت بە كوژرانی كوڕەكەی، بۆ (باسنیوز) گوتی: "هه‌ر یه‌كێك قسه‌یه‌كمان بۆ ده‌كات، یه‌كێك ده‌ڵێت مانگێكه‌ كوژراوە‌، یه‌كێك دەڵێت 15 رۆژه‌، ‌په‌كه‌كه‌ پێیان گوتم رۆژی 2ی 7 كوژراوە‌، كه‌چی 1ی 8 به‌ ئێمه‌یان گوتووه‌، له‌ رێگای په‌كه‌كه‌وه‌ هیچیمان پێ نه‌كرا و نەمانتوانی كوڕه‌كمان بێنینه‌وه‌ و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیدا نه‌بوو، كوڕەكەمان منداڵێكی لە‌ 15 ساڵ بچووكتر بوو و هه‌ڵیان خه‌ڵه‌تاند، وه‌ك باس ده‌كرێت له‌ناو سه‌ید سادق نزیكه‌ی 50 رێكخستنیان هەیە و منداڵەكان هەڵدەخەڵەتێنن‌”.

گوتیشی: "ئه‌م كوڕه‌ی من منداڵێك بوو عه‌قڵی كامڵ نه‌بوو، زۆر هه‌وڵمان دا بیبینن، به‌ڵام نه‌یانهێشت،‌ دایكی دۆخی ده‌روونیی زۆر خراپه‌، چه‌ندجار هه‌وڵم داوه‌ بیبینم، راستییان پێ نه‌گوتووم، گوتم دایكی زۆر بێ تاقه‌ته‌ با تەنیا بیبینێت، به‌ڵام نه‌یانهێشت‌، ئه‌و كوڕه‌ی ئێمه‌ چوار مانگی مابوو 15 ساڵی ته‌واو بكات، بردیان و لێیان شاردینه‌وه‌، گوتمان دایكی مێشكی له‌ده‌ست داوه‌ با تەنیا پێنج ده‌قه‌ بیبینین، نه‌یان هێشت، من گوتم با من نه‌یبینم قه‌یناكات، به‌س دایكی بیبینێت نه‌یان هێشت، رۆژێك ده‌یانگوت له‌ رۆژئاوایه‌ و رۆژێك ده‌یان گوت له‌ شوێنێكی تره‌”.

باوكی ئەو چەكدارەی كوژراوەی پەكەكە راشی گه‌یاند: “لاشه‌كه‌مان بینی و له‌ ده‌زگای ئه‌منی په‌كه‌كه‌ بووه‌ له‌ سووریا له‌ كۆبانێ، ئێوه‌ له‌ ئێمه‌ باشتر ده‌زانن كێ منداڵی ئه‌م خه‌ڵكه‌ ده‌بات، ئه‌گه‌ر له‌م سنووره‌ دەسەڵات هه‌بوایه‌، چۆن ده‌توانن له‌ سلێمانی و سه‌ید سادق و گه‌رمیان منداڵی خه‌ڵك ببه‌ن؟ منداڵه‌كه‌ی من سلێمانی شاره‌زا نه‌بوو، چۆن گه‌یشته‌ قه‌ندیل؟ ئه‌م كوڕه‌ی ئێمە لێیان دزیین و لێیان شاردینەوە، منداڵێك 15 ساڵ بێت هیچ نازانێت، خاوه‌نی عه‌قڵی خۆی نییه‌ و تا ئه‌و رۆژه‌ی كوژراوە هه‌وڵم داوه‌ بیبینم نه‌یان هێشت، چوار ساڵە نەیانهێشتووە كوڕەكەم ببینین، بەڵام كە كوژرا خێرا ئاگاداریان كردینەوە”.

گوتیشی: “په‌كه‌كه‌ له‌ سلێمانی ده‌زگای شه‌هیدانی هه‌یه‌، چووبوون بۆ ماڵی كوڕێكی ئامۆزام له‌ خورماڵ گوتوویانه‌ كوڕەكەیان كوژراوە و خۆمان ناتوانین بچینه‌ ماڵیانه‌وه‌، له‌ سنووری هه‌ڵه‌بجه‌ و خورماڵ و شاره‌زوور 25 كچ و كوڕیان بردووه‌، سێ ماڵی ناسراوم هه‌یه‌ له‌ سه‌یدساق، یه‌كێكیان له‌ زه‌رایه‌نه، كچه‌كەیان رۆیشتووه‌، دۆستێكم هه‌یه‌ له‌ سلێمانی كوڕێك و سێ كچی تاقانه‌ی هه‌یه،‌ كوڕه‌یان بردووه‌ و چوار ساڵه‌ هه‌واڵی نازانێت، خه‌ریكه‌ باوكی تووشی نه‌خۆشیی دڵ بووه‌، دونیا بەدوایدا گه‌ڕاوه‌ تا هه‌واڵێكی كوڕه‌كه‌ی بزانێت، رێگای پێ ناده‌ن”.

کاک عەتای مامەحاجی ئەمین، راشی گه‌یاند: “كوڕه‌كه‌ی من یه‌ك جار دوو ده‌قه‌ به‌ تێل قسه‌ی كردووه، چوومه‌ قه‌ندیل و چومه‌ گاره‌، په‌كه‌كه‌ ده‌یان گوت بڕۆ بابه‌ بڕۆ، كوڕه‌كه‌ی تۆ بۆ چوار پارچه‌ی كوردستان خه‌بات ده‌كات، من گوتم به‌س پێنج ده‌قه‌ بیبینم نه‌یان هێشت و هه‌رجاره‌ و قسه‌یه‌ك و درۆیه‌كیان ده‌كرد، ده‌یان گوت ره‌وش خراپه، ژمارە ته‌له‌فۆنمان بده‌نێ خۆمان په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ ده‌كه‌ین، بەڵام بۆ هەواڵی كوژرانی كوڕەكەمان ئاماده‌ بوون یه‌كسه‌ر هەواڵمان بده‌نێ، كه‌چی بۆ بیبینی تەنیا پێنج ده‌قه‌ نه‌یان هێشت”.

ئه‌وه‌شی خسته ‌روو: “ئامۆژگاریی خه‌ڵك ده‌كه‌م كچ و كوڕەكانیان كه‌ منداڵن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نزیكی ئه‌مانه‌ نه‌بن، ئه‌م په‌كه‌كەیە‌ هیچ راست نییە كە كوردایه‌تی بكات، كاریان ته‌نیا دزین و رفاندنی منداڵی خه‌ڵكه‌ و له ‌كاتی كورژانیشیان ئاگادارتان ده‌كه‌نه‌وه‌”.