عێراق چاک مەکەنەوە، شێوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی بگۆڕن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
یادگار ئیسماعیل 04/08/2022

عێراق چاک مەکەنەوە، شێوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی بگۆڕن!

مێژووی عێراق لێوانلێوە لە کودەتا، هەڵگەڕانەوە، پەشیمانی، شکاندنی رێککەوتننامە و بەڵێن و دەستوور. لە ساتی دروستکردنی عێراق لە لایەن کۆلۆنیالیزم/داگیرکاریی بەریتانی تا ئێستا، رەنگە زێدەگۆتن نەبێت، زیاتر لە ٣٠ جا کورد هۆکاری مانەوەی عێراق و چارەسەری کێشەکان بووە و تایبەت دوای ئازادبوونی عێراق لە رژێمی کۆمەڵکوژکاری بەعسی عەرەبی ئیشتراکی، بە دەیان جار لە داڕشتنەوەی عێراق تا یەکە بە یەکەی پێکهێنانی کابینەکان، کورد ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە سەقامگیرکردنی عێراق. بەڵام پێویستە بپرسین: بەرهەمی داڕشتنەوەی عێراق و رزگارکردنی دەیان جارەی لە رووخان و شەڕی نێوخۆیی و ناتەبایی و نەسازان بۆ کورد چی بووە؟ وەڵام: هیچ.

کورد لە سیاسەتکردن نەزان نەبووە، بەڵام بە نیازپاکی رێککەوتنەکانی کردووە، ئەوەش بارودۆخی کوردی بە ئیمڕۆ گەیاند. پێویست بە گوتنی چەمکی "بە داخەوە" ناکات، چونکە عەرەبی عێراق بە شیعە و سوننەیەوە لە کۆن و ئێستا و داهاتووشدا، باوەڕ ناهێنن کە پێکەوەژیانی ناچاری تەنیا کێشەی زیاتر دەنێتەوە و مینی کاتی دەچێنێت، کێشەکانیش تا زیاتر بخایەنن زیاتر کەڵەکە دەبن.

بۆ نموونە، کێشەی ئاوارەبوونی نێوەخۆ و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكان یان جوگرافیای دانیشتوان، کە دیسان دەستی پێکردووەتەوە، وا دەکات بۆمبی فەرهەنگی و بەریەککەوتنی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی زیاتر ببێت. ئەمە لەبەر ئەوەیە عەرەبی شیعە بە هەر هۆکارێک بێت بە فشار و ناچارکردن و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی سوننیستانی عەرەبی، عەرەبە سوننەکان ناچار بە کۆچ دەکات. ئەمەش لە دوو ڕووەوە ڕوو دەدات: یەکەم پاڵپشتیکردنی کەمینەی عەرەبی شیعە لە کەرکووک و مووسڵ و دەشتی نەینەوا و بەغدا و ناوچەکانی دیکە. دووەم ڕێگەی بۆ گۆڕینی جوگرافیای دانیشتوان کڕینی پابەندیی عەرەبە سوننەکان و کورد و پێکهاتەکانی دیکەیە لە ڕێگەی حەشدی جیاجیا و جاشاندنیان بۆ مەرامی ستراتیژی و شەڕی مەزهەبیی گەورەتر لە داهاتوو.

بەوەش لە هەرێم گۆڕانکاریی خراپ ڕوو دەدەن لەو رووەی پێکاهەتەیەکی ناچار و راهێنراو بە پەروەردەی بەعسی و پان عەرەبی نیشتەجێ دەبن و هاوکات لێرە پلانێکی پەروەردەیی و فەرهەنگیی کوردستانیانە نیە ئەو خەڵکە بە هەرچۆنێک بێت ئاوێتەی کۆمەڵگەکە بکات و ترسێکی زۆر هەیە ئێرە بە بەغدای سەردەمی سەدام و وێنە داتاشراوە نیۆکۆلۆنالی و نیۆسەدامی بکات تا لە خەیاڵدانی داگیرکراو بە هەستی هیواخواستن بە رابردوویەکی یەک ئاراستە بگۆڕن.

چاکی مەکەن با (لێمان) تێکنەچێ

پێویستە ئەم جارە سەرکردایەتیی کورد هەوڵی چاککردنی عێراق نەدات. عێراقی دوای سەدر و مالیکی، عێراقێکە شێوەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی رەت دەکاتەوە و وڵاتە بێمێژوو و یەکتربڕە داتاشراوەکەی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی دەکەنە وڵاتێکی ئیسلامی سیاسی هاوشێوەی وڵاتێکی هەرێمی، کە تیایدا بە هۆی پووکانەوەی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی، پێکهاتەکان بە تەواوی دەپووکێنەوە و کۆچ زیاتر دەکات.

ئەمە وێڕای ئەوەی شکستی دەسەڵاتدارانی بەغدا وای کردووە بەبیابانبوون و پیسبوونی ژینگەی عێراق لە ماوەی دەیەی داهاتوو زیاتر داهاتووی وڵاتەکە بخاتە دۆزەخەوە. زۆربوونی دانیشتوان لە لایەکی دیکە و بە بەرنامە تایبەت لە پێکهاتەیەکی دەستەمۆکراوی ژیاو لە رابردوو و کۆنەپارێزی زۆرینە وا دەکات شەڕ لەسەر کارکردن و مووچە و دامەزراندن زۆر زیاتر بکات، کە تاکە بازاڕی ساخکردنەوەی ئەو خراپ ئاراستەکراوانە میلیشیا چەکدارەکانی و ئەوانیش شەڕی بریکاری و مەزهەبی جیاکاری دەکەن.

کەواتە پێکهێنانەوەی عەرەبە پان عەرەبیست و پان عەرەبە شیعستەکانی عێراق ئاسانکاری دەکات بۆ زیاتر ئاراستەکردنی عێراق بۆ ئەو وڵاتەی لە خەیاڵپڵاویی سەدر و مالیکییدا گەڵاڵە بووە و ئەوەندی جیاوازییان نیە، مەگەر پابەندی نەبێت بۆ ئەم و ئەو و جەنگی بریکاری.


کوردستانییەكان و پێکهاتەکان شوێنیان لە عێراقدا نابێتەوە

تاکی کوردستانی و پێکهاتە ژمارە کەمەکانیش ئەو عێراقەیان ناوێت كە سەدریست و مالیکیست دەیانەوێت. بۆ زۆربەی خەڵکی کوردستان بە ژمارەیەکی کەمی عەرەبەکان لە نەوەی دوای 2003 زیاتر خەون بە کرانەوەی عێراق و خۆشگوزەرانی دەبینن. بەڵام کورد لەوە خەونی گەورەتری هەیە، هیچ نەبێت ئێستا خەون بە کۆنفێداڵی دەخوازن. ئەم سیستەمە جێگرەوەیەکی نایابی سیستەمە شکستخواردووە بەناو فیدراڵیە بێسەروبەرە ناوەندییە تاک هەرێمەکەی عێراق دەبێت. هیچ نەبێت شوێنگرەوەی عێراق پێکهاتەیەکی کۆنفێدراڵی دەبێت کە تیایدا پێکهاتەکان خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن و لە داهاتووش گەر بخوازن دەتوانن ئاسانتر سەربەخۆ بن.

ئەمە رەنگە بە نەرێنی لێک بدرێتەوە، بەڵام ئەزموونی درێژخایەنی عێراق سەلماندوویەتی پێکهاتەکان یەکتریان پێ قبوول ناکرێت و لیبووردەش نین و تەنیا تاکڕەوانەش بە درێژایی مێژووی ناوچەکە فەرمانڕەواییان کردووە و پێکهاتە ژمارە کەمەکانیان چەوساندووەتەوە و کۆمەڵکوژ کردووە. لەو رووەوە وەدەرنانی جووەکان بە زۆر، کە مێژووی بوونیان لە عێراق لە عەرەبەکان زیاترە، نموونەیەکی زەقە، ئەمە وێڕای کەمبوونەوەی بەردەوامی رێژەی پێکهاتە ژمارەکەمەکان لە تێکڕای عێراق، بێجگە لە هەرێمی کوردستان. بۆ زانین، هەرێمی کوردستان یەکەمین شوێنی جیهانە پێکهاتە ژمارە کەمەکان تیایدا بەراورد بە تێکڕای گشتی ژمارەی دانیشتوان زیاد بکەن. ئەمە بە هۆکاری ئاساییش بێت یان بوونە پەناگەی کوردستان بۆ ئاوارەکان و پێکهاتەکان.

چاک نەبووە تا چاک بکرێتەوە و هەرگیزیش چاک نابێت

عێراق وەکوو وڵاتێکی بێ بەرژەوەندیی هاوبەش بۆ پێکهاتەکان و بێ بنەچەی مێژوویی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان، بەردەوام پێکهاتەیەک فەرمانڕەوایی کردووە و پێکهاتە ژمارە کەمەکانیش دەستەمۆ و بە ناچار بەجاشکراو بوونە یاخود وەکوو پاکانەهێن لەگەڵ رۆژئاوا مامەڵەیان پێ کراوە و بەناو هەندێک بەرپرسیاریەتیی کارتۆنییان پێ دراوە. ئەمە وای کردووە نەریتی جاشاندن پەرە پێبدات، ئەو نەریتەی لە کۆلۆنیالیزمی عوسمانی و سەفەوی و بەریتانی و فەرەنسی و دوای کۆلۆنیالیزم لە دابەشکاری و پەلکێشکردنی هۆزەکان و کاریان لەسەر کردووە.

بۆیە هەر کارێک لە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی چاککردنەوەی عێراق هەنگاو بهاوێژێت دەبێت درک بەوە بکرێت لەو شێوەی ئێستای تەنیا نەهامەتی و چەوساندنەوەی زیاترمان بۆ دەهێنێت. بەداخەوە لە دونیای عەرەبی دوای کۆلۆنیالیزم بوار بۆ فرەڕەنگی و فرەفەرهەنگی و فرەنەتەوە نەماوە و بەردەوام نەتەوە سیاسییەکانی عێراق و سووریا و هتد... لە پرۆسەی چاولێککاری رۆژئاوا و دەوڵەت-نەتەوە بوونی ئەویدییان رەت کردووەتەوە یان تەنیا بەو شێوەیە پەسەندیان کردووە لەگەڵ خۆیان بلوێت و ملکەچیان بن. کێشە گەورەکە ئەوەیە عەرەبەکانی عێراق لە 2003 تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک هەنگاوێکیان بەرەو جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە نەهاویشتووە، کە گوایا یەکێتیی خاکی عێراقی پێوە بەندە.


ئەگەر کورد چاکی نەکا، کێ چاکی بکات؟

هەر گفتوگۆیەک بکرێت، هەر هەنگاوێک بهاوێژێت گەڕانەوە بۆ پێش رووداوەکانی تەمووز دەرهاوێشتەی زۆر خراپی دەبێت. کەواتە وا گرنگە سەرکردایەتیی کوردستان و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بەو ئاراستەیە دانوستان بکەن سیستەمی ئێراقی بۆ کۆنفێدراڵی بگۆڕن و کەرکووک و شنگال و حەمرین بخەنە ئەو پێکهاتە کۆنفێدراڵیە و دەرەنجامەکانی ریفراندۆمیش بەڵگەی پێویستن دەکرێت بەکار بهێندرێن.

ئەمە رەنگە لە سەرەتا رەت بکرێتەوە، بەڵام شێوازی فەرمانڕەوایی ئیسلامیی سیاسیی شیعیش بە هەمان شێوە قبووڵکراو نیە بۆ تێکڕای پێکهاتەکان. کەواتە با کورد و سەرکردایەتیی کوردستان وزە و کاتی خۆی لە گێڕانەوەی عێراق بۆ دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن بەفیڕۆ نەدات و لە بژارەی سێیەم بڕوانێت، ئەویش داتاشینی سیستەمێکی نوێ بۆ عێراق، کە ڕێگر نەبێت لە خۆسەروەری و سەربەخۆیی لە داهاتوو. ئەمە بۆ کوردستان و پێکاهاتەکانی دیکەش هەر دروستە.

ئێستا عێراق، تەنیا لەنێو عەرەبە شیعەکان کە زۆرینەن، لەنێوان سێ هاوکێشەی دژبەیەک و یەکتربڕ دابەش بووە، کە هیچیان ئەوەی تری پێ قەبووڵ نیە؛ نە شیعەی بەسرە لەگەڵ نەجەف و کەربەلایە، نە شیعەی بەغدا لەگەڵ ئەوان. ئەو دابەشبوونەی ماڵی شیعە دەرئاسا نیە و پێشبینیکراو بووە و پێشووتریش هەبووە. بۆیە گرنگە سوود لەو جیاوازییە وەربگیرێت و بە هەموو شێوەیەک عێراقی ئاب و دواتر گەڕانەوە نەبێت بۆ عێراقی تەمووز و سیستەمەکەی بگۆڕێت. باشترین پێکهاتە و شێوەی فەرمانڕەوایی بریتییە لە کۆنفیدراڵی کە تیاییدا دەسەڵات و هێز دابەش بووە و هاوبەشی پێدەکرێت و تایبەتمەندییە سیاسی و ئایینییەکان باشتر دەپارێزێت. هەرچۆنێک پێچەوانەی ئەوە بێت، لە ماوەیەکی درێژخایەن زیانی زۆر زیاتر بە کورد و کوردستانیان دەگات.