نرخى ئارد و خۆراک هەرزان دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نرخى ئارد و خۆراک هەرزان دەبێت

 

وەزارەتى بازرگانیی هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆى بڕیارەکانى حکوومەت و ئاسانکاری بۆ بازرگانان، ئارد و خۆراک لە بازاڕەکان نرخەکەی دابەزیووە.

نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "ئێستا بەهۆى لابردنى باج لەسەر خۆراکە سەرەکییەکان و ئاسانکارییەکانى حکوومەت بۆ بازرگانان،نرخی ئارد و گەنم و خۆراک هەرزانبووە و کار بۆ دابەزاندنی زیاتری نرخەکەیان دەکەین و هانی بازرگانان دەدەین کە ئارد هاوردەبکەن بەو مەرجەی لە کوالێتییدا دەربچێت".

ئاماژەى بەوەش دا" بەر لە گرانبوونی نرخی ئارد و نان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمى کوردستان دوو کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجامدا و بڕیاردرا نرخی کارەبا و غاز بۆ نانەوا و سەمونخانەکان هەرزان بکرێت و هەوڵدەدەین نرخی غاز و کارەبا بۆ نانەواخانەکان هەرزان بکەین و پێداچوونەوە بە نرخی نان بکرێت و هەرزانبکرێت".

لە مانگى چوارەوە،بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وە باج لەسەر 16 جۆر خۆراکی سەرەکی هەڵگیراوە.

ئەو خۆراکانەی باجیان لەسەر لادراوە، بریتین لە (ئارد، برنج، شەکری ورد، چای رەش، رۆنی بەستووی ئاژەڵی، شیری وشکی منداڵان، نۆکی وشک، لۆبیای وشک و پاقلەی وشک، شەکری قاڵب، زەیتی رووەکی، رۆنی رووەکیی بەستوو، نیسک، فاسۆلیای وشک و ماشی وشک".

وەزارەتى بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران پێشتر بڕیاری لابردنی رەسمی گومرگیی لەسەر مادە خۆراکییەکان داوە و رۆژی 17ی6ی2022، وادەکەی کۆتایی هات و جارێکی دیکەش بڕیارەکە درێژ کرایەوە بەلای ئێمەوە بڕیارەکە کاریگەریی هەبووە و توانیومانە هاوسەنگییەک رابگرین، هەرچەندە فاکتەرەکان دەرەکین، بەڵام بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر نرخ لە بازاڕەکاندا هەبووە".

بەڕێوەبەرایەتیى چاودێری بازرگانی ئاشکراى کردووە: جگە لە دابەزینی نرخی گەنم و ئارد مادە خۆراکییەکانی دیکە لە ڕۆن و برنج و چاو نۆک و زەیت و چەندین پێداویستی دیکەی خۆراکی دابەزینی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە بەراورد بە سێ‌ مانگی رابردوو کە نرخێکی بەرزیان تۆمارکرد.

پێشتر کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "هەڵگرتنی باج لەسەر ژمارەیەک لە ماددە خۆراکییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان، کاریگەریی زۆر باشی لەسەر هاوکاریکردنی خەڵک هەبووە، بەوەی چیی دیکە نرخەکانیان لە بازاڕەکانی کوردستان و عێراقیشدا گران نەبێت، ئەمەش بۆ خەمخۆری و ئاگاداریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکان و چارەسەرکردنی خێرایانە، چونکە ئێستا بەهۆی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا، بەشی زۆری ئەو ماددە خۆراکییانە لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانیانەوە، نرخیان بەرز بووەتەوە".

لەسەرێکى تربەهۆی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان ڕوسیا و ئۆکراینا بۆ ڕەوانەکردنی 50 ملیۆن تەن گەنم بۆ بازاڕەکانی جیهان، ڕاستەوخۆ کاریگەری هەبووە لەسەر دابەزینی نرخی گەنم و ئارد لەبازاڕەکانی جیهان، نرخی تەنێک ئارد50 دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بەردەوامیش ڕوو لەدابەزین دەکات.

لاى خۆیەوە شەوکەت محەحەد بەڕێوەبەری کۆمپانیای خۆراک لە سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "کۆگاکانمان پڕن لە خۆراک و هیچ گرفتی کەمیی خۆراکمان نییە و بەردەوام دابەشکردنی خۆراک کاریگەری لەسەر هەرزانبوونی نرخەکانیان هەبووە و بەجۆرێک یەک کارتۆن زەیت نرخەکەی دابەزیوە بۆ 35 هەزار دینار و نرخی برنج جێگیربووە و دابەشکردنی خۆراک مانگانەش کاریگەریی لەسەر جێگیربوونی نرخی ماددە خۆراکییەکان لەسەر بازاڕ هەبووە".