شاسوار داوای كارئاسانی لە مام جەلال دەكات!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 04/08/2022

شاسوار داوای كارئاسانی لە مام جەلال دەكات!

بە مۆری كۆمپانیای نالیا و بە ئیمزای شەخسیی شاسوار عەبدولواحید، وێنەیەكی نووسراوی ژمارە 108ی كۆمپانیای نالیام لایە كە لە 18–4- 2009دا چاپ كراوە و ھەر شاسوار خۆیشی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نالیا بووە، جا ئێوە بزانن ئەو نووسراوە چی تێدایە!

شاسوار لە 18–4-2009 ئیمزای لەسەر ئەو نووسراوە كردووە و ئاراستەی جەنابی مام جەلالی كردووە كە ئەو كاتە جەنابی مام جەلال وەك سیفەتە حكوومیەكەی سەركۆماری عێراق بووە، بەڵام شاسوار بە سیفەتی سەركۆمار ئەو نووسراوەی ئاراستەی جەنابی مام جەلال نەكردووە، بەڵكوو بە سیفەتی سكرتێری گشتیی یەكێتی نووسراوەكەی ئاراستە كردووە.

شاسوار لەو نووسراوەدا، لە سەرەتاوە نووسیوویەتی: ”بۆ بەڕێز سكرتێری گشتی!“ بەبێ ئەوەی بنووسێت (یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان) جا ئەوەندەی منیش دووسێ ڕۆژێك یەكێتی و جەنابی مام جەلالم لە نزیكەوە ناسیبێت، یەكێك خۆی بە یەكێتییەكی زۆر باش نەزانێت، بە تەنیا بە مام جەلالی نەدەگوت سكرتێری گشتی!
ئنجا بابەتی ناو ئەم نووسراوەی شاسوار، پرۆژە گەشتیارییەكەی چاڤی لاندە كە ئێستا ھەزاران كەسی پێوە گیرۆدە بووە.

بۆ ئەوەی وتارەكەی منیش زۆر درێژ نەبێتەوە، پوختەی ئەم نووسراوەی شاسوار و تەكلیفی شاسوار لە جەنابی مام جەلال ئەوەیە كە لای شارەوانیی سلێمانی بۆ زەویی پرۆژەی چاڤی لاند كارئاسانییان بۆ بكات! وەك لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ دا، شاسوار لە 18–4–2009 بە ئیمزای خۆی ئەم نووسراوەی ئاراستەی مام جەلال كردووە، جەنابی مام جەلایش یەك ڕۆژ دوای ئەوە واتە لە 19–4–2009 و بە دەستخەت و ئیمزای خۆی لەسەر نووسراوەكەی شاسواری نووسیوە: (ھەڤاڵانی شارەوانیی سلێمانیی بەڕێز.. سڵاوێكی گەرم... تكایە ھیمەتێكی باشیان بۆ بكەن، برای دڵسۆزتان مام جەلال) ئنجا من ئێستا ئەم پرسیارانەم لا دروست بووە:

1- شاسوار كە ئێستا دەیەوێت خۆپێشاندان دژی ھەموو حزبەكانی ناو دەسەڵاتی سیاسیی ھەرێمی كوردستان بكات و خۆی بەدوور بگرێت لە گشت حزبەكان و گوایە ئۆپۆزسیۆنە، بۆچی دژی ئەو حزبەشە كە سكرتێرە گشتییەكەی، ئاسانكاری و واسیتەی لای شارەوانیی سلێمانی بۆ كردووە بۆ ئەوەی پرۆژەی چاڤی لاندی بۆ بخاتە سەر پێ؟

2- بۆچی واسیتە بە جەنابی مام جەلال دەكات لە كاتێكدا بەڕێزیان سەركۆماری عێراق بووە، نەك سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان؟

3- ئەو دەرفەتە بە كێ دراوە و بۆ كێ لواوە كە تۆ لە 18–4-2009 نووسراو ئاراستەی مام جەلال بكەیت، بەڵام دوای 24 سەعات و لە 19–4–2009 مام جەلال وەڵام بداتەوە و لەسەر نووسراوەكەی شاسوار بنووسێت (ھەڤاڵانی شارەوانیی سلێمانیی بەڕێز.. سڵاوێكی گەرم.. تكایە ھیمەتێكی باشیان بۆ بكەن.. برای دڵسۆزتان مام جەلال)؟

بەلای منەوە لەسەر بنەمای ئەو نووسراوە، دەردەكەوێت كە جارێ پێش ھەر شتێك شاسوار درۆ دەكات كە دوورە لە ھەموو حزبەكان و سەربەخۆیە، ئەگەر وا نیە دە باشە با كەسێكی بەڕاست سەربەخۆ و دوور لە گشت حزبەكانی كوردستان، بەڵام لە تەمەنی ئەو كاتەی شاسواردا واتە شاسواری ساڵی 2009 بێت و نووسراو بۆ دروستكردنی پرۆژەیەكی وەك چاڤی لاند بكات و بە یەك ڕۆژیش وەڵامی نووسراوەكەی بدرێتەوە و بڵێن ھیمەتێكی باشیان بۆ بكەن، واتە ئیشەكەیان خێرا و بە باشی بۆ بكەن! باشە ئیتر ئێستا حەقی خۆی نیە كە بە شاسوار بگوترێت شادرۆ و شاسپڵە؟

خۆی بەڕاستی ئەگەر حەقی ئەوە ھەبێت كە خۆپێشاندان بكرێت، دەبێ خۆپێشاندان دژی شاسوار بكرێت كە ئەم كەینوبەینانە و ئەم پەیوەندییە ژێربەژێرانەی خۆی لە خەڵك دەشارێتەوە، كەواتە حەق وایە ئەوەی كە دەیەوێت خۆپێشاندان بكات، خۆپێشاندانەكە دژی شاسواری سەرۆكی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ وەرچەرخێنن و پێی بڵێن: ”ئەی شادرۆی شا سپڵە، تێر بووین لە درۆی تۆ و سروە.“