دەرهێنەری كورد ئەیاد جەبار، وەرگری ئۆسكاری كورتەفیلم: دەبێ وانەی سینەما لە مەنهەجی پەروه‌ردەدا هەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

دەرهێنەری كورد ئەیاد جەبار، وەرگری ئۆسكاری كورتەفیلم: دەبێ وانەی سینەما لە مەنهەجی پەروه‌ردەدا هەبێت

”لە كامێرای ڤیدیۆی باوكمەوە دەستم پێ كرد“

 ئەیاد جەبار، لەنێو دنیای سینەمادا بە (دەرهێنەر ئەیاد جەبار) ناسراوە، بە ڕەسەن كوردێكی خانەقینییە و لەدایکبووی 1977ی شاری بەغدایە، دەرچووی پەیمانگای کارگێڕی و ئابوورییە لە بەغدا. لە ساڵی 1996 دەستی بە ئیشی فۆتۆگرافەری و دەرهێنەری كردووە و ئێستا یەکێکە لە بەناوبانگترین دەرهێنەرە کوردەکان، كە چەندین فیلمی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەرهێناوە، كە چیرۆکی جۆراوجۆرن و هەر یەکە و گوزارشت لە بابەتێکی دیاریکراو دەکات.

لەم ڕێگەیەشەوە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی و ئۆسکاریشی بەدەست هێناوە، لە ساڵی 2006 ئەیاد لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە بۆ شاری خانەقین و زۆربەی بابەت و شوێنە دێرین و ئاسەوارەکانی شارەکەی دیکۆمێنت كردووە. ئێستا بەڕێوەبەری چەند فێستیڤاڵێكی سینەماییە لە هەولێر، هەروەها ئەندامی لێژنەی دادوەرییە لە فێستیڤاڵەکانی کوردستان و عێراق.

ئەیاد جەبار، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ (باسنیوز) چەند خاڵێکی گرنگ لەسەر دۆخی ئێستای سینەمای کوردی ڕوون دەکاتەوە و ئێستا پیێ وایە، دۆخی هونەری سینەما رووی لە کزبوون کردووە و هۆڵی سینەماکان بۆ فیلمی کوردی تا رادەیەک چۆڵن و پێویستە ڕەوتی دەرهێنان و پێشوازیکردن لە فیلمی کوردی بەگەڕ بخرێتەوە. لە هەمان کاتدا ئاواتەخوازە بتوانێت ناوی کورد لە رێگەی نماییشکردنی فیلمەکانی، باشتر بە جیهان بناسێنێت.

(باسنیوز) چۆن هاتیتە نێو دنیای سینەماوە و سەرەتاكەت چۆن بوو؟

ئەیاد جەبار: ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی منداڵییم لە ساڵانی 1983- 1982، ئەوکات باوکم کامێرای ڤیدیۆی کڕیبوو، هەرچەندە خۆی وێنەگر نەبوو، بەڵام حەزی دەکرد سەرجەم ساتە خۆشەکانی ژیانمان بۆ ئایندە دیکۆمێنت بکات، لەم ڕێگەیەدا باوکم هەستی جوانی وێنەگریی لە ناخ و دڵی مندا چەسپاند، بۆیە منیش خولیای لاساییکردنەوەی ئەم ئیشە جوانەی باوکم لا دروست بوو.

دواتر باوکم کە لە حەزی من ئاگادار بووەوە، کامێرایەکی تایبەتی بۆ هێنام، منیش خۆم فێری وێنەگری و دروستکردنی ڤیدیۆ بۆ خێزانم كرد، هەتاکوو ساڵی 1996، دوای تەواوبوونی قۆناغی خوێندنم، لە کەناڵێکی عەرەبی لە بەشی وێنەگری دەستبەكار بووم. دوای پەرەپێدانی زیاتر بە پیشەکەم، لەگەڵ چەندین کەناڵی جیاواز لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئیشم لە بەشەکانی وێنەگریی راگەیاندن و درامی و سینەمایی كرد و لە کۆتاییدا بوومە دەرهێنەر.

(باسنیوز) کێ نووسەری سیناریۆی فیلمەکانتە؟ تا ئێستا بەسەرهاتی ژیانی خۆت، یان کەسانی دەوروبەرت لە سیناریۆی فیلمەكاندا بەکار هێناوه؟

ئەیاد جەبار: سەرجەم سیناریۆی فیلمەکانم خۆم دەیاننووسم، هەندێک جاریش بەسەرهاتی ژیانی خۆم و دەوروبەرم وەکوو بەشێک لە نووسینی سیناریۆی فیلمەکانم بەکار دێنم، چونکە سینەما کورتکراوەی ژیان و بەسەرهاتی ڕۆژانەی خەڵکە، مەبەست لەمەش گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی خەڵک و کۆمەڵگەیە بۆ هەموو جیهان، لە ڕێگەی نماییشكردنی فیلمەکانم. تا ئێستا بە 18 فیلم بەشدارییم لە فێستیڤاڵ و سینەماکانی دەرەوەی وڵات کردووە و 32 کورتەفیلم و فیلمی دیکۆمێنتاریم هەیە، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بە ناوەکانی (باخچەی ئاواز)، (چیرۆکی شوێنێک)، (تیشکی سینەما)، (هاوارێكی بێدەنگ)، (ڕەگەكان نامرن)، (گەشتی خۆر)، (نامەی رۆح)، (هاواری ئەڵوەن)، (هەڵپەڕکێ بێدەنگ) و (مەڵحەمی رەنگەکان) و...تد، جگە لە دەرهێنانی چەندین فیلمی جۆراوجۆر بۆ کەناڵەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. 

(باسنیوز) لەگەڵ موزیكدا چۆنی؟

ئەیاد جەبار: موزیك بەشێکی دانەبڕاوە لە هونەر، هونەریش بەشێکی سەرەکییە لە ژیانی من، هەروەها خاوەن بڕوانامەی موزیکم لە پەیمانگای موزیک لە بەغدا، هەر بۆیە لە فیلمەکانمدا زۆر گرنگی بە موزیك دەدەم، جگە لەمەش، خاوەن کۆمپانیای پرۆدەکشنم، کە جگە لە دەرهێنانی فیلم و ئیشی رێکلام، پرۆدەکشنی گۆرانییم بۆ چەند گۆرانیبێژێک کردووە.

(باسنیوز) لەنێو ئەو خەڵاتانەی وەرتگرتووە، چۆن ئۆسکارت بەدەست هێنا؟

ئەیاد جەبار: من هەموو فیلمەکانم بە رۆح و دڵەوە دروست کردوون و هەمیشە هەوڵم داوە لە پیشەکەمدا باشترین بم، هەر بۆیە براوەی زۆرترین خەڵاتی نێودەوڵەتیم، لە ڕێگەی نماییشکردنی فیلمەکانم لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوە، هەروەها لە فێستیڤاڵی وڵاتی میسڕ، له رێگەی نماییشکردنی کورتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری، کە بە یەکەم دەرچوو، خەڵاتی ئۆسکارم بەدەست هێنا، ماوەی فیلمەکە (3 خولەک) و لەژێر ناونیشانی (هاواری ئەڵوەن)دا بوو.

(باسنیوز) هونەری سینەما و دۆخی بەرهەمهێنانی فیلم ئێستا لە کوردستان چۆن دەبینیت؟ ئایا پێشوازیکردنی خەڵک لە فیلمە کوردییەکان بە چ شێوەیەکە و هۆڵی سینەما بۆ نمایشکردنی فیلمی کوردی چۆنە؟

ئەیاد جەبار: پێش دەستبەكاربوونبوونی ئێمە وەکوو دەرهێنەرێک لە شەست و هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کورد خاوەن چەندین دەرهێنەری باش بوو، هەرچەندە رێژەی دەرهێنانی فیلم کەم بوو، بەڵام هەوڵی ناساندنی کوردیان بە وڵاتان دا، دوای ئەوە ڕەوتی هونەری سینەما بە جارێک گڕی گرت، سەرەڕای ئەوەی کە کەرەستەکان زۆر بە ئاستەم دابین دەکران و مۆنتاژ بە سەختی دەکرا، هەرچەندە دەرهێنانی فیلم لە هەر سەردەمێکدا سەختیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و بودجە بابەتی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانی فیلم، بەڵام ئێستا کە سەردەمی تەکنەلۆجیایە، دەتوانم بڵێم تا رادەیەک دەرهێنانی فیلم لەچاو جاران ئاسانتر بووە، ئەویش لە ڕووی دابینکردنی کەرەستەکان و تەکنولۆجیا و کوالێتێی کامێرا و ئەو ئه‌پلیكه‌یشنانەی کە بۆ رەنگ و دەنگ و مۆنتاژ و... بەكار دەهێنرێن، بەڵام بەداخەوە ڕەوتی دەرهێنان و پێشوازیکردنی خەڵک لە فیلمەکان زۆر کزە، سەرەتا بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دەرهێنانی فیلم و لەپاڵییەوە پێشوازینەکردنی خەڵک لە فیلمی کوردی.

بۆ نموونە خەڵک ڕوو دەکاتە سینەما، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بلیت بۆ فیلمێکی کوردی ببڕێت، بۆ فیلمێکی بیانی دەیبڕێت، ئەمەش وا دەکات هۆڵەکانی سینەما لە کاتی نماییشکردنی فیلمی کوردی زۆر قەرەباڵەخ نەبن و لە هەمان کاتدا دەرهێنەر لە پیشەکەیدا سارد بێتەوە، چونکە دەرهێنەر سەرەڕای نەبوونی بودجەی پێویست، کاتێک فیلمێک بە زەحمەت بەرهەم دێنێت، پارەیەکی زۆری بۆ خەرج دەکات، ڕەنگە بڕینی ئەم بلیتە نەتوانێت لە رووی ئابوورییەوە قەرەبووی پارە خەرجکراوەکانی بکات، بەڵام لانی کەم هەر باشە و دەبێتە هێزێکی پاڵنەر بۆ ئەوەی دەرهێنەر ئیش بکات و بەرهەمێکی نوێ و جوانتر پێشکەش بە خەڵک و سینەمای کوردی بکات.

(باسنیوز) پیت وایە دەرهێنەر دەبێ چۆن بێت؟

ئەیاد جەبار: دەرهێنەر دەبێ کەسێکی سادە و پشوودرێژ بێت و بە بەردەوام تێکەڵی خەڵک بێت، چونکە سادەبوون مرۆڤ گەورە دەکات، هەروەها تێکەڵبوون دەبێتە هۆی بیستنی چیرۆکی جۆراوجۆر و بینینی چەندین بابەت و رووداوی جیاواز، لە خۆشی و ناخۆشی، دەوڵەمەندی و هەژاری، کە بە شێوازی راستەوخۆ سوودیان لێ دەبینین و دەتوانین فیلمیان لەسەر دروست کەین.

(باسنیوز) فیلمی باش چ فیلمێکە و چۆن بەرهەم دەهێنرێت؟

ئەیاد جەبار: فیلمی باش ئەو فیلمەیە، کە پەیامەکەی بتوانێت بچێتە نێو مێشک و دڵی خەڵکەوە و کاریگەریی خۆی لەسەریان بەجێ بهێڵێت و خەڵک دوای تەواوبوونی، دووبارە و چەندبارە هەوڵی بینینی بدات و بە کەسانی دیکەی بناسێنێت، هەروەها سینەما ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵ بۆ نماییشکردنی بدەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر دەرهێنەر، بۆیە لەپشت هەر فیلمێکی باش. دەرهێنەرێکی باش هەیە، بۆ نموونە، دەرهێنەر لە کاتی دروستکردنی فیلمێک دەبێ گرنگی بە چەند خاڵێک بدات، سەرەتا دەرهێنەر دەبێ بوێر بێت، بابەتێکی جوان و پڕمانا هەڵبژێرێت، گرنگی بە هەڵبژاردنی کەرەستەکانی فیلم بدات، گرنگی بە هەڵبژاردنی ستافێکی خاوەن ئەزموون بدات، وەک (ئەکتەرەکان، بەشی وێنەگرتن، بەشی دەنگ، بەشی رووناکی، بەشی مۆنتاژ، راوێژکاری هونەری، .....تد )، هەروەها دەرهێنەر دەبێ هەنگاو بە هەنگاو سەرپەرشتیی هەموو ئیشەکان بکات، جگە لەوەش، بودجە سەرەکیترین بنەمای دەرهێنانە و دەبێ دابینی بكات.

(باسنیوز) ئێستا نوێترین بەرهەمتان چییە؟

ئەیاد جەبار: ئێستا بەرهەمی دەرهێنانی فیلمم نییە، بەڵام بەڕێوەبەری سێ گەورەترین فێستیڤاڵی سینەماییم لە هەولێر، هەروەها وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەر لە فێستیڤاڵەکانی کوردستان و عێراق بەشدارم.

(باسنیوز) وەکوو دەرهێنەرێک پەیامت چییە؟

دەرهێنەر ئەیاد جەبار: داواکارم بودجەیەکی باش بۆ بواری سینەما تەرخان بکرێت، هەروەها لە قوتابخانەکاندا، هەر لە قۆناغی بنەڕەتییەوە گرنگی بە بابەتی هونەر و موزیك بدرێت و ناوبەناو پیشانگای هونەری بۆ نەوەکانی داهاتوومان ساز بکرێت و لە هوڵەکانی قوتابخانە فیلمە کوردییەکان نماییش بکرێن، کە ئەمە دەبێتە هەڵگرتنی یەکەم هەنگاو بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوومان هونەردۆست بن و لەئایندەدا زیاتر دەرهێنەری کوردمان هەبێت.

ئێستاش ئیش لەسەر بەگەڕخستنی ڕەوتی هونەری سینەما و دووبارە دروستکردنی هاوڕێیەتیی نێوان خەڵک و هونەر بەگشتی و سینەما بەتایبەتی بکرێت، تاکوو خەڵک زیاتر پشتیوانی و پێشوازی لە فیلمی کوردی بکات. داواکاریشم سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەشی ئەکتەری و شانۆ و دەرهێنانی فیلم هەڵدەبژێرن، دەبێ ماندوونەناسانە هەوڵ بۆ پێشبردنی سینەمای کوردی بدەن و دەنگ و رەنگی کورد بگەیەنن بە جیهان و زیاتر کورد بە دنیا بناسێنن.