شاسوار، شێری ناوخۆ و ڕێویی دەرەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 03/08/2022

شاسوار، شێری ناوخۆ و ڕێویی دەرەوە

لەکاتێکدا عێراق دە مانگە حکوومەتی نییە و کاربەڕێکەرە، کەچی کەسانی وەک شاسوار عەبدلواحید و نموونەکانیان بوێریی ئەوەیان نییە، تەنانەت بە وشەیەکیش دژی بوەستنەوە، لەبەرامبەردا، کەوتوونەتە پەلاماردانی قەوارەی ھەرێمی كوردستان.

داوایەکی نوێی شاسوار، کە بە )ھەرزە سیاسی) ناسراوە، خۆپیشاندانی سیاسییانەیە بە ئامانجی ئاژاوەگێڕی و گواستنەوەی ئەزموونی شکستخواردووی بەغدا بۆ ھەرێم، ئەم ھەنگاوانە دروست دیارە بە دەستلەپشدانی نەیارانی گەلی کوردستانە، كە دەچێتە چوارچێوەی جاشایەتی، بەڵام بە فۆرم و مۆدێلێکی نوێ، چونکە بە فۆرمی کۆن زۆر كەس خۆیان تاقی کردەوە، ئەوانەی پێش دوژمن کەوتن و سەنگەری پێشمەرگەیان پیشانی نەیاران دەدا، خاکیان پێ فرۆشتن و خواستی لەناوبردنی تەواوی كێشەی كوردیان ھەبوو، کەچی ئەوانیش ھەر بە سەرشۆڕی و بە شکستی گەڕانەوە.

شاسوار و ھەموو ئەوانەیشی کە پێیان وایە؛ پێگەی ھەرێمی کوردستان، کە بە خوێنی ھەزاران شەھید و قوربانی دروست بووە و شاسوار و ئەمسالەکانی لێی ھاتوونەتە سەر حازری، بەشیان ھەر سەرشۆڕی و دۆڕاندنە.

ئەگەر باس لەسەر ھەڵبژاردنە، پێش ھەموو حزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) داوای ھەڵبژاردنی کردووە، ناوەخۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دونیای دەرەوەش لەو ڕاستییە گەیشتوون، کە تاکە حزب، کە بێباکە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و لە ئەنجامەکانی ناترسێت، پارتییە.

شاسوار و ھاوبیرەکانی دەبێت ئەوە باش بزانن؛ کە بوێری و مەردایەتی ئەوەیە، ڕەخنەکان بۆ ئەو کەسانە بێت کە ڕۆژانە ھەوڵی توانەوە و نەھێشتنی کوردستان و ھەرێمەکەی دەدەن، نەک پەلاماردانی قاچی کوردەکانی ناوەخۆ و حکوومەتێک، کە بە ھەڵبژاردن و دەنگی خەڵکی کوردستان ھاتووە، بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەوەیە؛ ئایا شاسوارێک، بە خواردنەوەی ئاوی جاشایەتی ھەڵتۆقیبێت، کە دەستی هەزاران کەسی بڕیبێت، کە خۆی سیمبولی گەندەڵی بێت، کە قەرزاری هەزاران خاوەن پشک و حکوومەتیش بێت، چ باکی بە مان یان نەمانی قەوارەیەکی وەک ھەرێمی کوردستان ھەیە، کە نوێنەرایەتیی رۆحی خۆنەچەماندنی کوردستانییان لەسەرانسەریی دونیا دەکەن، لە ئارامی و سەقامگیرییەکی ئازادانەدا.

ھوشیاری و ئاگایی خەڵکی کوردستان ئێستا لە ئاستێکی وەھادایە، کە بە فێڵ و پیلان و تەڵەکەبازییەکانی شاسوار ھەڵناخەڵەتێن.