بە پەنا هەڕەشە (گەورە)کانی شاسوارەوە، چەند (وردە) بابەتێک؟!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
سەردار مەحمو 03/08/2022

بە پەنا هەڕەشە (گەورە)کانی شاسوارەوە، چەند (وردە) بابەتێک؟!

 

ئۆباڵ بە ئەسۆی ئەوانەی وا دەڵێن.
دەڵێن: شاسوار هەڕەشەی خۆپیشاندانی ملیۆنی دەکات.

لە بیرمدێ، بابم‌ زۆر دەوڵەمەند بوو.
چەند خانوو، دوکان، موڵک و ماڵی دیمان هەبوو.
کورت و کرمانج، زۆر شتمان هەبوو، کە خەڵکی دی نەیانبوو.
بەڵام/ بابم، چونکە بە ڕەنجەشان و ڕێزی خۆیەوە ساماندار بوو، قەت قەت ملێۆنێر نەبوو، ڕەنگە هەزارلێر بووبێ.
ئاخر، دینار بە ڕاستی دینار بوو.
کەچی منی (کوڕی بێ ئەملاولای بابم)
سێجار، بەبێ عارەق ڕشتنی زۆریش، ملیۆنێریم بە خۆوە دیوە.
+ جارێک لە عێراق.
لەو پارە فۆتۆکۆپییەکەی پاش جەنگی کەنداو، (عێراقی شەق و شڕ) خستبویە بازاڕەوە و هاووڵاتی ناچارانە مامەڵەی پێدەکرد
+ جارێک کەچووم بۆ تورکیا.
چەند ملیۆنێک لیرەی تورکیم بە چەند دۆلارێک کڕی .
+ جارێکیش لە ئیتالیا - بە لیرەی ئیتالی...

بیرمە بابم، یەک تەنەکە هەنگوینی ئاونەدیوی بە دەدینار دەکڕی، هەزار گوێزیش بە دینارێ.
کەچی من بە یەک ملیۆن لەوانە، جوتێک جاشکەوشم بۆ نەدەکڕدرا .
ئاخر ناوەڕۆک حیسابە نەک ناو.
نە هەموو ملیۆنێک ملیۆنە و نە هەموو شاسوارێکیش شا !

دەگێڕنەوە، سەردەمێک، پارەی ئەلبانی هێندە بێ ڕەواج بوو بوو. بۆ کڕینی هەندێک پێویستی ڕۆژانە، دەبوو فەردەیەک دینارت پێبا.
جەردەو دز و ڕێگرو سەرسەری لاشخۆر، گەر زانیبایان، کەسێک بە فەردە دینارەوە خەیاڵی بازاڕیکردنی هەیە، یان چەند فەردە دینارێک، بۆ جێیەك بە ڕێوەیە.
لاشخۆرەکان، هەڵیاندەکوتایە سەر فەردە پارەکان، کەسەکانیان قۆڵبەست دەکرد و بە پەلە دەمی گوێنیان دەکردەوە و پارەکەیان هەڵدەڕێژا و گوێنیەکانیان دەفڕاند.
ئاخر گوێنیەکان لە پارەکە بەنرختر بوون !
ئەمە ئەگەر تەنز و جۆک و نەزیلەش بێت، مەغزای خۆی هەیە.
تۆ بڵێی: مرۆی شەرەفمەندی کورد، هێندە داڕزابێت، ببێتە (تاکێک) لە ئەو جۆرە لە ملیۆن؟!

کورد دەڵێت: قسە قسەی دێنێت.
لەبیرمدێ، ئەم کاک شاسوارە نە ناو بوو نە ناونیشان،
لە بێ هیچ و خووت و خۆڕایی، هەر لە خۆیانەوە، تەقەیان لێکرد (خوا بیانگرێت بۆ خاتری نوری موحەمەد)
کەچی ئێستا...
شەو ڕۆژ‌، بەکەناڵێکی زلەوە، هەڕەشە لەئەو کەسانە دەکات، کە لەشکر، پارە و سامان، مار و دووپشکیان هەیە و هەر خولەی چەخماخ سازێک، سەدان (کەمال و مارف) ی بە دواوەیە. کەسیش پێی ناڵێت پشتی چاوت برۆیە !
ئەرێ دنیا تێکچوە، یان ئەقڵی من؟!
یان کەس سەمینە ناگرێت؟!

ساڵی 1978 بەرەی نیشتیمانی نێوان، حیزبی شیوعی و بەعس هەڵوەشایەوە.
ئەوی بۆنی شیوعی لێهاتبا، یا‌ دەبوو بچێتە شاخ، یان حکومەت دەیگرت.
جا گەر بەرائەتی نەدابا، لەژێر ئەشکەنجەدا گەر نەمردبا ئیفلیجیان دەکرد.
دەڵێن: ئەو باڵندانەشی پەڕێکی سوریان هەبا، ترسیان وێ نیشتبوو، بەعس لەسەر پەڕە سوورەکە سەریان بڕێت.
ئالەو کاتەدا...
(سەمینە) ڕۆژنامەیەکی بیری نوێ دەخاتە گیرفانی ڕاستی، گۆڤارێکی سەقافە جەدیدە ئەخاتە باخەڵی چەپی.
کە نیوەی هەردوکیان بە دەرەوەیە، ڕۆژنامەیەکی (طریق الشعب) یش، کەزمانحاڵی حیزبی شیوعی عێراق بوو، دەگرێت بە دەستیەوە و بەبەردەم دائیرەی ئەمندا دێ و دەچێ و دەیخوێنێتەوە.
هەواڵ دەبەن بۆ مدیری ئەمن .
دەڵێت: بڕۆن بانگی بکەن، نەک گرتن و کەلەبچە.
کاتێ دەیهێنن، مدیری ئەمن پێی دەڵێت:
سەمینە، نەک ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارانە، چاپخانەکەی حیزبی شیوعی بە کۆڵتەوە بێ ناتگرین.
دەتەوێ بتگرین و خۆت لێ ببێ بە قارەمان و بڵێی منیش شیوعیم؟!

براینە.
تۆ بڵێی مرۆی کورد، ئەوەندە داڕزاو بێت، شوێن پەیامی شاسوار بکەوێت و ئەم کۆڵیتە هەژارانەمان بڕوخێنن و فڕێماندەنە بەر باران و لافاو بمانبات؟!
ئاخردەڵێن: ڕۆژێک، قوڕباقێک زۆر توندتر لە بۆڕەی گایەک دەیقیڕاند.
دەوروبەر پێیانووت: ڕاستە قیڕەت گەورەترە، وەلێ ئەفسوس تۆ هەر بۆقیت.
هەر کوردەکە دەڵێت:
جارێک ئەسپیان ناڵ دەکرد،
قرژاڵێکیش لاقی خۆی هەڵبڕی وتی: منیش.

دانیشن بە خێر

 

ئەم وتارە لە پەیجی فەرمی نووسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) وەرگیراوە