کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
رێبەر تەحسین مزوری 03/08/2022

کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان

بەھۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەواوە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە حەفت ملیۆن هاووڵاتی عێراقی کۆچ بکات.

بەرزبوونەوی پلەی گەرمی گۆیی زەوی لەم چەند ساڵەدا بووەتە بابەتێکی سەرەکی زۆربەی ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیھان کە پەیوەستن بە کاری ژینگەیی و گۆرانکاری کەشوھەوا، ھەروەھا بووەتە سەرچاوەی بەرێوەچوونی دەیان کۆنگرەی نێودەوڵەتی و لۆکاڵی بۆ دیاریکردنی ھۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆیی زەوی.

وڵاتە زلھێزەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رووسیا و چین و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە، لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ ھەستییان بەم کارەساتە ژینگەییە کردووە و تەنانەت کاریشیان کردووە بو رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەڵام ئەنجامێکی چاوەروانکراویان بەدەست نەھێنا، ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ھەندێکیان مرۆیین و ھەندێکیان سروشتین، یەکێک لە ھۆکارە مرۆییەکان زیاد لە بەکارھێنانی سووتەمەنی بەردینی لە بواری پیشەسازی و گواستنەوەدا کە دەبنە ھۆکار بۆ زیادبوونی گازی دوانوکسیدی کاربۆن لە بەرگی ھەوادا ھەروەھا زۆر ھۆکاری تر، لەسەر ئاستی جیھان بە دەیان کۆنگرە بەستراون بۆ ئەم مەبەستە، گرنگترینیان بریتییە لە گۆنگرەی گۆڕانی کەشوھەوا لە پاریس لە ساڵی ٢٠١٥ بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٥٠ وڵات کە ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە کەمکردنەوەی پلەی گەرمی گویی زەوی بو ژێر ٢ پلەی سلیلزی، ھەروەھا بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ ئەوەی ھاوکاربێت بۆ کەمکردنەوەی پلەکانی گەرما، ھەروەھا دواین راپۆرتی دەزگای دادوەری ژینگەیی ئاماژە بەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەبێتە ھۆکاری کۆچکردن لە جیھاندا، ھەروەھا راپۆرتەکە ئاماژەدەدات کە لە ساڵی ٢٠٠٨ تاکو ئێستا ساڵانە نزیکەی ٢٢ ملیۆن خەڵک کۆچ دەکەن بەھوی نالەباری کەشوھەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە خراپترین شێوە تووشی گۆرانکاری کەشوھەوا بوەتەوە، ھەروەھا دەناڵێنێت بەدەست بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەک کە لە خواروو و ناوەراستی وڵاتەکە زۆربەی جار لە وەرزی ھاویندا پلەکانی گەرما دەگاتە سەرووی ٥٠ پلەی سلیلیزی، ھوکاری سەرەکیش بریتییە لە وشکەساڵی و کەمی بارانبارین و زیادبوونی رووبەری بەبیابانبوون، بێگومان گەندەڵی و نەبوونی پلانێکی گونجاو لە لایەن حکومەتە یەک بە دوا یەکەکانی عێراقدا ھۆکارێکی ترە بۆ تێکچوونی ژینگەی وڵات و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەپێی توێژینەوەکان پلەی گەرما لە عێراق ٢ بۆ ٥ جار زیاتر بەرزدەبێتەوە لە تێکرایی پلەی گەرمی گۆیی زەوی، ئەمەش دەبێتە ھۆکاری کەمبوونەوەی سەوزایی سروشتی و کەمبوونی بەرھەمھێنانی خۆراک و تێکچوونی زۆربەی رووبەری زەوی کشتوکاڵی لە عێراق، ھەروەھا کاریگەری راستەوخوی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە وڵاتدا بە جۆرێک دەبێتە ھۆکاری روودانی کۆچی ناوخوی، تاکو ئێستا زانیاری تەواو لە بەردەست نییە کە رێژەی کۆچکردن چۆنە و بە چ پلەیەکە، بەڵام ئەوەی ھەیە ئاماژەیەکی ترسناکە کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٧ ملێون عێراقی کوچ بکات لە چەند ساڵی داھاتوودا.

سەرچاوەی سەرەکی ئاو لە عێراق بریتییە لە رووباری دیجلە و فورات، بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو ئاوی ئەم دوو رووبارە کەمی کردووە لەم چەند ساڵەی رابردوودا وە بێگومان تاکو ئێستاش بەردەوامە.

ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق تووشی گۆڕانکاری کەشوھەوا بووەتەوە و وە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەتایبەتی لە سەنتەری شارەکاندا، ھۆکارەکانی بەرزبوونەوی پلەکانی گەرما ھەندێکییان مرۆیین و ھەندێکیان سروشتین، بەپێی نوێترین توێژینەوە کە ئەنجامدراوە لە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە شاری دھۆک، ئەو راستییە دەردەخات کە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا پلەکانی گەرما لە شاری دھوک لە وەرزی ھاوین ٢ بو ٣ پلەی سلیلیزی بەرزبووتەوە، ئەمە لەکاتێکدا پارێزگای دھۆک بە سەوزترین و دڵڕفێنترین پارێزگای عێراق دادەنرێت، ئەوەی جێگای تێرامانە ئەوەیە کە ئەگەر ئەمە حاڵی باشترین پارێزگای عێراق بێت ئەی دەبێت چ کارەساتێکی ژینگەیی لە ڕێگادابێت لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

وڵاتە زلھێزەکان ھەر زوو بیریان لە رێگە چارەی گونجاویان کردووەتەوە و بۆ رێگەگرتن لەبەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وەک زیادرکردنی رێژەی سەوزایی و بەرکارھێنانی کەرەستەی ژینگە دۆست لە بیناکارییدا. بێگومان عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دەتوانن سوود لەم بیرۆکانە وەربگرن بە زیادکردنی سەوزایی ناوشار و یاخود دروست کردنی پشتێنەی سەوز لە دەوری شارەکاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت تارادەیەک پلەکانی گەرما کەمبکرێتەوە لە وەرزی ھاویندا.

ھەروەھا پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەجدی کار لەسەر ئەم لایەنە بکەن پلانی گونجاویان ھەبێت بۆ پرۆژەکانی خانوبەرە و دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون بە جۆرێک بەپێی راپۆرتی ژینگەی شوێنی گونجاو بۆ ئەم پرۆژانە دابین بکرێن و ھەروەھا بەشێوەیەکی زانستی کار بکەن بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ئەم پرۆژانە کە دەکرێت پشت بە ئاوی سەر زەوی ببەسترێت و پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی بکرێت.


رێبەر تەحسین مزوری
مامۆستای زانکۆ و قوتابی دکتۆرا لە بواری گۆرانکاری کەش و ھەوا