لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (باسنیوز)، خهیرى بۆزانى، سهرپهرشتیارى دۆسیەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی ئاشكرای دەكات، كە بەڵگەیان هەیە، پەكەكە ژمارەیەكی زۆر منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵەی ئێزدی كردوونە بە چەكداری خۆی، دوای ئەوەی لە دەستی داعش رزگار كراون. دەشڵێ، لە ساڵی 2015ەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە هیچ رفێنراوێك لە رەگەزی نێر رزگار بكەین، دەبێ ئەوانە لە ژیاندا نەمابن، ئەوانەی رزگار دەكرێن هەموویان ئافرەت و منداڵن و چارەنووسی پیاوەكان دیار نییە.
(باسنیوز): دوایین هەوڵەكانی حكوومهتی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوە و رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی چییە؟
خهیرى بۆزانى: حكوومهتی ههرێمی كوردستان، لە رێگەی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان بەردەوام كار بۆ دۆزینەوە و رزگاركردنی هەموو رفێنراوانی ئێزدی دەكات، ئێستا نووسینگەكەمان لە هەولێر بەردەوامە لە كاركردن بۆ گەڕان و دۆزینەوە و رزگاركردنی رفێنراوەكان".
(باسنیوز): هیچ شوێنێك لەبن دەستی تیرۆریستانی داعشدا نەماوە، ئاستەنگەكانی رێگای دۆزینەوە و رزگاركردنی ئێزدییەكان چیین؟
خهیرى بۆزانى: ههتا ئێستا گرفت و ئاستەنگ بۆ رزگاركردنی رفێنراوان هەیە، بەتایبەتی لە كەمپی هۆل لە سووریا، چونكە زیاترین رفێنراوانی ئێزدی لە كەمپی هۆل لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)دان، ئەوانیش هاوكاریمان ناكەن بۆ رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی، هەروەها زۆر لە رفێنراوانی ئێزدی لەو ناوچانەدا ماون، كە لە ساڵی 2014 لەژێر دەستی داعشدا بوون، هەروەها لە عێراق و سووریا رفێنراوان ماون و ناوێرن خۆیان ئاشكرا بكەن، چونكە ترسێنراون و ناوێرن بڵێن ئێمە ئێزدین، رەنگە هەندێك لەو رفێنراوانە منداڵیان هەبن و لەبەر منداڵەكانیان نەتوانن بێنەوە، ئەمەش هەیە.
(باسنیوز): بوونی پەكەكە لە شنگال چ كاریگەرییەكی لەسەر پرۆسەی رزگاركردنی رفێنراوان كردووە؟
خهیرى بۆزانى: بوونی پەكەكە لە شنگال كاریگەریی زۆری لەسەر هەموو ئاستەكاندا هەبووە، وەك ئارامی و نەگەیشتنی هاوكارییەكان بۆ شنگال، هەروەها پەكەكە كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر كاری بەدواداگەڕان و رزگاركردنی رفێنراوان، بۆیە داواكارین پەكەكە لە شنگالدا نەمێنێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین باشتر كارەكانی خۆمان بكەین.
(باسنیوز): ئایا راستە پەكەكە هەندێك لە رفێنراوانی بردووەتە ناو ریزەكانی خۆی؟
خهیری بۆزانى: بەڵێ ئێمە بەڵگەمان هەیە، كە پەكەكە زۆر لە رفێنراوانی ئێزدی دوای رزگاربوونیان لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، بردوونیەتی بۆ ناو ریزەكانی خۆی و كردوونی بە چەكدار، تەنانەت لەناو كەمپەكانیشدا پەكەكە بە رێگای جیاجیا ئەو رفێنراوانەی بردووەتە ناو ریزەكانی خۆی، ئەمەش كارێكی زۆر خراپە، زۆرینەی ئەو ئێزدییە رفێنراوانەش، كە پەكەكە كردوونی بە چەكداری خۆی، تەمەنیان لەخوار 18 ساڵیدایە و هێشتا منداڵ و مێرمنداڵن.
(باسنیوز): ئێوە گومانتان هەیە لە كام شوێندا رفێنراوانی ئێزدی مابن؟ بۆچی رزگار ناكرێن؟
خهیرى بۆزانى: لە كەمپی هۆل لە سووریا رفێنراوانی ئێزدی ماون، هەروەها لەو شوێنانەشدا ماون كە لە ساڵی 2014 تیرۆرستانی داعش داگیری كردن، دوای نەمانی داعش لەو ناوچانە، هێشتا خەڵكی رفێنراوی ئێزدی لەناو خێزانەكانی داعشەكاندا ماون، ئەو عەرەبە داعشانەی گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، رفێنراوانی ئێزدیشیان لەگەڵدا ماون.
(باسنیوز): لەناو گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا زیاتر روفاتی پیاوان دەدۆزرێتەوە، ئایا چارەنووسی تەواوی پیاوە رفێنراوەكان ئاشكرا بووە؟
خهیرى بۆزانى: دەمەوێ شتێكی نوێ بڵێم، لە ساڵی 2015ەوە تا ئێستا 2022، هێشتا وەك پێویست بەدوای گۆڕە بەكۆمەڵەكان نەگەڕاوین، تا ئێستا تەنیا 339 پیاو رزگار كراون، لە ساڵی 2015ەوە تا ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە هیچ پیاوێك رزگار بكەین، رەنگە لە ژیاندا نەمابن، هەموو ئەوانەی رزگار دەكرێن ئافرەت و منداڵن و چارەنووسی پیاوەكان دیار نییە.
(باسنیوز): رۆڵی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە دۆسیەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی چۆن بووە؟
خهیرى بۆزانى: رۆڵی حكوومەتی عێراق زۆر خراپ و خەمساردانە بووە، هێشتا وەك پێویست بۆ رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی هاوكاریی ئێمەی نەكردووە.