د. سامان شاڵی: کێشەی عێراق گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی نییە، بەڵکوو جێبەجێنەکردنی دەستوورە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

د. سامان شاڵی: کێشەی عێراق گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی نییە، بەڵکوو جێبەجێنەکردنی دەستوورە

دەنگێک لەناو لایەنە سیاسییەکانی عێراق دروست بووە، وەکوو بیانوویەک بۆ ئەو دۆخەی کە هەیە، کە سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، یان نیمچە سەرۆکایەتی بگۆڕدرێت، چاودێرێکی سیاسیی کوردیش ئاماژە بەوە دەدا، کە کێشەی عێراق گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی نییە، بەڵکوو جێبەجێنەکردنی دەستوورە.

لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی

لە ماوەی رابردوودا، بەر لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی موقتەدا سەدر، رۆژنامه‌ى (ئێندپێندنت)ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، له‌ په‌رله‌مانى عێراق داوایه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سیسته‌مى په‌رله‌مانى عێراق بۆ سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى، یان نیمچه‌ سه‌رۆكایه‌تى بگۆڕدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2/8/2022، لە ڕاگەیەنراوێکدا، بزووتنه‌وه‌ی ئیمتیدادی عێراقی داوای کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، پێویستە ده‌ست بۆ گۆڕینی سیسته‌می حكومڕانی ببرێت و له‌ په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی، یان نیمچه‌ سه‌رۆكایه‌تی بگۆڕدرێت.

لە ڕاگەیەنراوەکەیدا، بزووتنه‌وه‌ی ئیمتیداد دەڵێت: "ئامانجی بزوتنه‌وه‌كه‌مان گۆڕانکارییە لە ده‌ستوور و گۆڕینی شێوه‌ی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، بۆ دەربازبوونی وڵات لەو دۆخەی تێی کەوتووە، پێویستە سیستمی بەڕێوەبردن بۆ سه‌رۆكایه‌تی، یان نیمچه‌ سه‌رۆكایه‌تی بگۆڕدرێت.“

کێشەکە جێبەجێنەکردنی دەستوورە

بەڵام، د.سامان شاڵی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە دۆخی عێراق، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، کێشەی عێراق گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی نییە، بەڵکوو جێبەجێنەکردنی دەستوورە، گوتیشی: ”پابەندنەبوون بە دەستوور کێشەی یەکەم و کۆتایی عێراق بووە، ئەو لایەنانەی، کە دەستووریان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە، ئەوانە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم چارەسەرنەبوونی دۆخی عێراق، بۆ نموونە، ئەوەی کە ئێستا دروست بووە، پەیوەندیی بە چوونی ئەو لایەنە دۆڕاوانەوە هەیە بۆ دادگای فیدڕاڵی، کاتێک دادگا سەربەخۆ نەبووە، هاتووە لەدەرەوەی دەستوور شڕۆڤەیەکی بۆ کردوون، تاوەکوو ڕێگری بکات لە پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن سەدر و لایەنە هاوپەیمانەكانی، کە کورد و عەرەبی سوننەشی لەگەڵدا بووە، ئەوەش لەکاتێکدا بووە کە سەدر 73 کورسیی پەرلەمانی بەدەستەوە بووە، ئەو پابەندنەبوونە بە دەستوور وای کردووە ،گرێکوێرەیەک لەلایەن دادگاوە دروست بکرێ کە نەتوانرێ حکوومەت لەلایەن براوەکانەوە پێکبهێنرێت، دوای ئەوەش لەلایەن دۆڕاوەکانەوە هەوڵی پێکهێنانی حکوومەت دراوە، ئاخر چ لۆژیکێک هەیە ئەوە قبووڵ بکات، لە هەڵبژاردن براوە بکرێتە دەرەوە و دۆڕاو حکوومەت پێکبهێنێت.“

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا شتێک نەماوە بە ناوی پەرلەمانی عێراق، باشترین چارەسەر ئەوەیە، حکوومەتی کاتی پێکبهێنرێت و هەڵبژاردن بکرێتەوە، گوتیشی: ”باسکردن لە گۆڕینی سیستەمەکە تەنیا بیانووهێنانەوەیە نەك چارەسەر، باشترین ڕێگە ڕێکكەوتن و مێزی گفتوگۆیە، ئەگەر نەکرا ئەوە بەدڵنیایی دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، گرنگە لەو کاتەدا ناوخۆی هەرێمی کوردستان باش بێت و نێوانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان باش بێت، تاوەکوو کورد بە یەک دەنگ بتوانێ مافەکانی خۆی لە هەر دۆخێکی نوێی عێراق کە دێتە پێشەوە، بخاتە سەر مێز و بەدەستیان بهێنێت.“