كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 03/08/2022

شاسوارە مەقاش خۆپێشاندانی بۆ چیە؟

لەگەڵ تۆمە ئەی شاسواری سەرۆكی جووڵانەوەی عەبە شەكەنەی نوێ كە بەتەمای شەممەی ئاییندە وەك مریشك لاسایی قازەكانی بەغدا بكەیتەوە و بەتەمای شەممە ھێلكەیەكمان بۆ بكەیت بە قەبارەی ھێلكەی قاز و خۆپێشاندانەكانی بەغدامان بۆ بگوێزیتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، بەڵام بێ ئەوەی بزانیت یان بیرت چووەتەوە كە ئەگەر مریشك لاسایی قازی كردەوە و بیەوێت ھێلكەی وەك ھێلكەی قاز بكات، خراپی بەسەر دێت! تۆ كە لەپڕێكدا كردیانی بە كوڕێك! بەڵام كوڕێكی گەندەڵ و لاسار و مەقاشی دەستی ئەم و ئەو!

تۆ كە لەپڕێكدا لایەكی سلێمانیان لە بناری ئەزمەڕ و تووی مەلیك دایتێ و بەتەمای بناری گۆیژەش بوویت! تۆ كە ئیمپراتۆریەتێكی ڕاگەیاندنیان بۆ دانایت، تۆ ئەو كاتەی كە تازە جوقابوویت و سەرت لە ھێلكە ھێنابووە دەر، لەبەر ئەوەی لەناو یەكێتی سەر بە تەكەتولی بەرھەم ساڵح بوویت و ئەو كاتانە بەرھەم ساڵح لەناو یەكێتی تۆزێك برەوی ھەبوو خۆیشی وەھا دەردەخست كە ئەو ھەموو شتێكە و ئەو وەریسی جەنابی مام جەلالە، تۆ كە ئەو بەرھەم ساڵحە پلانی كاری ئێن ئاڕ تیی بۆ دادەنایت كە چی بكەیت و چۆن پەلاماری دژەكانی بەرھەم ساڵح لەناو یەكێتیدا بدەیت.

تۆ كە ھەر ئەو كاتانەش كەسێكیان لە كەناڵی كەی ئێن ئێن بۆ كڕییت و كردت بە بەڕێوەبەری كەناڵەكە و ئەم كەسەش ھەر كلكی بەرھەم ساڵح بوو كە لێیشتان دەقەوما ھەر ئەو كەسەت دەنارد بۆ ئەوەی سەرت بۆ بكات بە كۆشی بەرھەم ساڵحدا و ئنجاش بە خەڵكتان دەگوت: ”ئێمە ئەھلی و سەربەخۆین!“ تۆ چونكە پیاوی بەرھەم ساڵح بوویت ئەو كاتەی (ئێن ئاڕ تی)یان سووتاند و بەرھەم ساڵح لە كابینەی 6ی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ سەرۆكوەزیران بوو لە پارەی خەڵك واتە لە بودجەی گشتی بە ملیار دینار قەرەبووی سووتاندنی كەناڵی ئێن ئارتیی كردەوە كە لە ئەنجامی شەڕ و تەكەتولی خۆی سووتا! واتە قەرەبووی سووتاندنی كەناڵەكەی خۆی كە تۆ وەك مەقاشێك ئیدارەت دەدا و دواتریش دادگای تەمییز گوتی ئەو بڕیاری قەرەبووەی بەرھەم ساڵح بۆ ئێن ئاڕ تی نایاساییە!

تۆ كە ھەر ئەو كاتانە و ھەر بە ئیمزای بەرھەم ساڵحی خاوەنەكەی خۆت، زەویەكانی چاڤی لاندی بە نرخی ڕەمزی واتە نرخی نزیك لە بەلاش بۆ تەرخان كردیت! تۆ كە دواتر، سەرت كرد بەناو ئەنواع و ئەشكاڵ تەكەتول و سەرانی سیاسی لە سلێمانی تەنانەت لە دەرەوەی یەكێتی و گەیاندتە ڕادەیەك كە لەدەرەوەی (ئێن ئاڕ تی)وە فەرمانت بۆ دەھات كە ئەو ھەواڵە لە (ئێن ئاڕ تی) بڵاو مەكەرەوە و ئەو ھەواڵەیان بڵاو بكەرەوە و ئنجاش بە خەڵكتان دەگوت: ”ئێمە ئەھلی و سەربەخۆین!“

تۆ كە دوای ئەم ھەموو گەمەیەی خۆت و گەمەی خەڵكی تر بە خۆتەوە! جووڵانەوەیەكیان وەك جووڵانەوەی عەبە شەكەنەی نوێ بۆ دروست كردوویت، تۆ كە دەستی ھەزاران خاوەن پشكی چاڤی لاندت بڕیوە و كە داوای مافی خۆیان وەك بەشە قازانجی خۆیان لە چاڤی لاند دەكەن پێیان دەڵێیت وەرن لەجیاتی بەشە قازانجی خۆتان لە چاڤی لاند سواری كورسی – كورسی ببن، ئایا ئەوە تۆی كە ئێستا دەتەوێت بە ناوی بەرگریكردن لە خەڵك و مافەكانی خەڵك خۆپێشاندان بكەیت؟ پێم بڵێ ئایا ئێستاش بەرھەم ساڵحەكەت كە ئەویش ئێستا لە بەغدا ھەر بەقەدەر ئێستای تۆ سەنگی ماوە!

ئایا ئەو بەرھەم ساڵحە و ھەندێكی دیكە نین كە ھانت دەدەن بۆ خۆپێشاندان؟ بۆ ئەوەی لە ھەرێمی كوردستان تۆ و خۆپێشاندانەكەت و ئەو خەڵكە كەمەی كە ڕەنگە ئاگاداری كەینوبەینە كۆن و تازەكانی تۆ نەبن كە چۆن تۆ بەرھەم ساڵح و ھەندێك لە مالیكی و خەزعەلیەكان بۆ زۆركردنی پرۆژە بازرگانیەكانت لە بەغدا بەكار دەھێنیت و لە بەرامبەریشدا چۆن ئەوان تۆ لە ھەرێمی كوردستان بۆ ئامانجە سیاسیەكانی خۆیان دژی نەیاران و دژەكانی خۆیان بەكار دەھێنن و خەڵكە داماوە خوێنگەرمە بێتەجرووبەكەش كە ناشارەزایانە شوێنت كەوتوون، لەوسەرەوە بە دەستی بەتاڵ لێی دەردەچن و ئنجاش ھەر ئەو خەڵكە دوای چەند ساڵێك كاڵەك بە ئەژنۆی خۆیان دەشكێنن كە پێشتر شوێن چ ساختەچی و دەستبڕێك كەوتبوون!