بە ڕێژەی 92٪ ئاوارەی ناو کەمپەکان کوردی ئێزدین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بە ڕێژەی 92٪ ئاوارەی ناو کەمپەکان کوردی ئێزدین

لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 15 کەمپی ئاوارەکانی شنگال هەن و پتر لە 330 هەزار ئاوارە لەناو ئەو کەمپانەدا نیشتەجێن کە بە ڕێژەی 92٪ی خەڵکی ناو کەمپەکان ئێزدین و هەمووشیان خەڵکی شنگالن و ئەوانەی دیکەش کوردی موسڵمانن.

پیر ده‌یان جه‌عفه‌ر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''هەتا ئەمڕۆ 3/8/2022 پتر لە 330 هەزار ئاوارە لەناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکاندا ماون و هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەوانەی گەڕاویشنەتەوە جارێکی دیکە بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای عێراقەوە ئاوارە بوونەوە، بەڵام هەر لە یەکەم ڕۆژی ئاوارەبوونی خەڵکی شنگال و ڕوودانی کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییانەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی و هاوکاریی ئاوارەکان دەکات''.

ئاماژەی بەوەش دا: ''دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دهۆک بەردەوام خزمەتی ئاوارەکان دەکەن و ئێستاش بڕیار دراوە کە خێوەتی ئاوارەکان بگۆڕدرێن بۆ دروستکردنی خانووی بلۆک بۆ ئەوەی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بپارێزرێن''.

پیر ده‌یان جه‌عفه‌ر ئاشکرایشی کرد: ''ئاوارەکانی شنگال چاوەڕێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکووومەتی فیدراڵیی عێراقن بۆ ئەوەی ڕەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە و ئەوەش بووەتە هۆی ناهومێدی بەلای خەڵکی شنگالەوە و ئاوارەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە، چونکە ئاسایش و ئاوەدانی لە شنگالدا نییە''.

گوتیشی: ''حکوومەتی عێراق هاوکاری و پشتیوانیی ئاوارەکان ناکات، زۆر جار بە نووسراوی فەرمی ئێمە داوامان لە بەغدا کردووە بۆ هاوکاریی ئاوارەکان، بەڵام وەڵام نادەنەوە، سەرباری ئەوەش ئێمە هیوادارین تەناهی و ئاسایش لە شنگال پەیدا بێت بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە''.

لە لایەکی دیکەوە، جه‌هوه‌ر عه‌لى به‌گ، وەکیلی میری ئێزدییان، بە (باسنیوز)ی گوت: ''کارەساتی شنگال ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاند، کەچی حکوومەتی عێراق خۆی لێ بێدەنگ کردووە و ئەوە هەشت ساڵە هێشتا بەغدا نەیتوانیوە تەناهی و ئاسایش بۆ شنگال دابین بکات و خەڵکی زیاندیتەی شنگال قەرەبوو بکاتەوە، خەڵکی ئێمە تا کەی چاوەڕێی بەغدا بن؟ بۆچی بەغدا هیچ بۆ ئێزدییان ناکات؟ ئێمە دەمانەوێت بەغدا ڕژد بێت لە چارەسەری ڕەوشی شنگال، چونکە خەڵکی ئێمە پێویستیان بە پشتیوانی و هاوکاری هەیە''.

هەر لەم پەیوەندەدا، عیسا شەمعوون، نوێنەری مەسیحیان لە شنگال، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''شنگال وێران بووە، حکوومەتی عێراق ناتوانێت ڕەوشی شنگال چارەسەر بکات، تەنانەت ناتوانێت پەکەکە لە شنگال دەربکات، ئەوە هەشت ساڵە بەردەوام ئێمە داخوازی دەکەین ڕەوشی شنگال ئاسایی بێتەوە و گرووپە چەکدارەکان شنگال چۆڵ بکەن، کەچی هەتا ئێستاش ڕەوشی شنگالە ئاڵۆزە و هێشتا بەغدا نەیتوانیوە خزمەتگوزاری بۆ شنگال دابین بکات، هەتا کەی خەڵکی لێقەوماوی شنگال لەو ڕەوشە ناخۆشەدا بژین و نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان؟''

تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژی 3/8/2014دا هێرشیان کردە سەر شنگال و خەڵکی ئەو شارەیان جینۆساید کرد و پتر لە 360 هەزار کەسی ئێزدی ئاوارە بوون و زیاتر لە شه‌ش هزار و 417 كه‌س دەستبەسەر کران و ڕفێندران کە تاکوو ئێستا لەڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر لە سێ هەزار و 550 کەس ڕزگار کراون.