وەبەرهێنەرانی خۆماڵی توانیویانە لە نەبوونی وەبەرهێنەرانی بیانی‌دا درێژە بە جوولەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بدەن، له کۆی ئه‌و ٢٠٦ پڕۆژه‌یەی، کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا مۆڵەتیان پێ دراوە، ١٩٧ پڕۆژەیان له‌لایه‌ن کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆییەوە جێبه‌جێ کراون، ته‌نیا یه‌ک پڕۆژه له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی بووه و سێ پڕۆژه‌ش به هاوبه‌شی جێبەجێ كراون. دەستەی وەبەرهێەران و یەكێتیی وەبەرهێنەرانیش جەخت لە گرنگیی توانای وەبەرهێنانی خۆماڵی دەكەنەوە.
له ماوه‌ی سێ ساڵی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، ٢٨ـی ته‌ممووزی ٢٠١٩ تاوه‌کوو ٢٧ـی حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠٢٢، له سه‌رجه‌م سێکته‌ره‌کاندا، به‌تایبه‌ت سێکته‌ره خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌کان، پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به وه‌به‌رهێنانی جێبەجێ كراون و لەو ماوهیەشدا مۆڵەت بە ٢٠٦ پرۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی ١١ ملیار‌و ٦٢٩ ملیۆن و ٣٥٥ هەزار دۆلار لەسەر رووبەری ١٠ هەزار و ٨٢٤ دۆنم زەوی له ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان دراوە كه به‌شێكی زۆری ئەو پڕۆژانه له لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆییەوە ئه‌نجام دراوکه به‌شێکی زۆری ئەو پڕۆژانه له لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆییەوە ئه‌نجام دراون.
د.هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: "وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی خۆماڵی لەو چەند ساڵەی رابردوودا، بەتایبەت كە بەهۆی پەتای كۆڕرۆناوە زۆر لە كۆمپانیا بیانییەكان كشانەوە، ئەوان رۆڵێكی گرنگیان لە سەرمایەگوزاری و بەردەوامیدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا بینی".
زیاتر گوتیشی: "وەبەرهێنانی ناوخۆیی گرنگیی خۆی هەیە و وەبەرهێنەری خۆماڵیی خاوەن سەرمایەی باش هەیە و توانای جێبەجێكردنی پرۆژەی باشی هەیە لە هەموو سیكتەرەكان، دەشتوانێ ئەزموونی دەرەوە و نوێ بۆ هەرێمی كوردستان بهێنێت".
کۆی گشتیی سه‌رمایه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی له لایه‌ن کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆیی لەو سێ ساڵە جێبه‌جێ کراون، بریتی بووه له ٦ ملیار و ٦١٨ ملیۆن و ٥٥٩ هەزار دۆلار. هه‌روه‌ها سه‌رمایه‌ی سێ پڕۆژه هاوبه‌شه‌که بریتی بووه له ٣٧ ملیۆن و ٣٨٤هەزار دۆلار.
لای خۆیەوە ئەحمەد ڕێكانی، سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان گوتی: "لەم چەند ساڵەی دوایدا وەبەرهێنەرانی كوردستان هەنگاوی باشیان بەرەو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی ناوە، چەندین كارگە و كارخانەی پیشەسازی بە توانا و سەرمایەی خۆماڵی كراونەتەوە، ئەو ژمارە زۆرەی وەبەرهێنانی خۆماڵی لەو چەند ساڵەی دواییدا بۆ سامانی نیشتمانی و پشتبەستن بە توانای ناوخۆی ئومێدبەخشە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێویستمان بە سەرمایەی بیانییش هەیە".
ساڵی ٢٠١٩ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی مۆڵەتی ١٦ پڕۆژه‌یان وەرگرتووە، که سەرمایەکەیان ٤٨٥ ملیۆن و ٢٠٤ هەزار و ٢٥٦ دۆلار بووه.
ساڵی ٢٠٢٠، که په‌تای کۆرۆنا سه‌رجه‌م جیهانی گرته‌وه و هه‌رێمی کوردستانیش له کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانی بێبه‌ش نه‌بوو، به‌ڵام ٧٦ پڕۆژه له‌و ساڵه‌دا مۆڵەتیان وەرگرتووە، له کۆی ئه‌و ژماره‌یه ته‌نیا ٢ پڕۆژه به هاوبه‌شی له‌نێوان وه‌به‌رهێنه‌رانی خۆماڵی و بیانی جێبەجێ كراون، كەچی ٧٤ پڕۆژهکەی دیکە له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆییەوە جێبەجێ كراون، کۆی گشتیی پڕۆژه‌کانیش بە سەرمایەی یەک ملیار و ٩٨٤ ملیۆن و ٥٩١ هەزار و ٥٠٠ دۆلار بووه و له‌و بڕه‌دا وه‌به‌رهێنه‌رانی خۆماڵی یەک ملیار و ٩٦٧ ملیۆن و ٢٥ هەزار و ٥٠٠ دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە و پرۆژە هاوبەشەکانیش بە بڕی ١٧ ملیۆن و ٥٦٦ هەزار دۆلار جێبەجێ كراون.
ساڵی ٢٠٢١ پڕۆژه‌کان به‌رده‌وام بوون و ٧٠ پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر مۆڵەتیان وەرگرتووە، له کۆی ئه‌و ژماره‌یه‌دا ته‌نیا یه‌ک پڕۆژه له ڕێگه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی بووه و یەک پڕۆژه‌ش به هاوبه‌شی بووه و ٦٨ پڕۆژه‌که‌ی دیکە له لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ری خۆماڵییه‌وه جێبه‌جێ کراون، که سه‌رمایه‌ی هه‌ر ٧٠ پڕۆژه‌که ٨ ملیار و ٥١٥ ملیۆن و ٦٤٥ هەزار و ٨٦٤ دۆلار بووە.
له شەش مانگی یه‌که‌می ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٥ پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر له بواره جیاجیاکان مۆڵەتیان بە سه‌رمایه‌ی ٣٣٠ ملیۆن ٦٩٦ هەزار و٢٦٥ دۆلار وەرگرتووە و سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن کۆمپانیا خۆماڵییهکانەوە جێبه‌جێ کراون.
بەگشتی، مۆڵەت بە ٢٠١ پڕۆژه‌ی هه‌مه‌جۆری له سێکته‌ره جیاجیاکان دراوه، که سەرمایەکەیان ١١ ملیار و ٥٦٢ ملیۆن و ٩٣ هەزار دۆلار بووە و لەسەر رووبەری ١٠ هەزار و ٦٠٣ دۆنم زەوی جێبەجێ كراون.
پرۆژەکانیش بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بوون و بەشی زۆری ئەو پرۆژانەش لە پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراون.
پارێزگای هەولێر لەو رێژەیە ٨٧ پڕۆژه‌ی به سەرمایەی ٨ ملیار و ٩٠٦ ملیۆن و ٨٠٦ هەزار و ١٢٩ دۆلار بەر کەوتووە و پرۆژەکانیش لەسەر رووبەڕی ٤ هەزار و ٨٦١ دۆنم دروست كراون. پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم دێت، کە ٥٣ پڕۆژه‌ی به سه‌رمایه‌ی یەک ملیار و ٥٥٩ ملیۆن و ٩٨٢ هەزار و ٢١٣ دۆلار، له‌سه‌ر ڕووبه‌ری هەزار و ٩٢٨ دۆنمی تێدا دروست كراون. له پارێزگای دهۆک ٤٥ پڕۆژه به سەرمایەی ٥٨٩ ملیۆن و ٥٥٤ هەزار و ٨٨ دۆلار له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٢ هەزار و ٧٥٠ دۆنم زەوی دروست كراون. لە پارێزگای هەڵەبجەش یەک پرۆژە بە سەرمایەی ٦ ملیۆن و ٨٤٦ هەزار دۆلار لەسەر رووبەری ٧ دۆنم زەوی دروست كراوە. لە ئیدارەی سەربەخۆی گه‌رمیان ١٠ پڕۆژه به سه‌رمایه‌ی ٣٣٣ ملیۆن و ٤٧٥ هەزار و ٨٩ دۆلار و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٩٣٥ دۆنم زەوی دروست كراون.
گرنگترین ئه‌و سێکته‌رانه‌ی، کە پڕۆژه‌یان تێدا دروست كراوە، بریتییە له سێکته‌ری بازرگانی، کە ٤٩ پڕۆژه بووە به سه‌رمایه‌ی ٦٣٨ ملیۆن و ٢٦٥ هەزار و ١١ دۆلار، له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٧٠٩ دۆنم زه‌وی. پرۆژەی بانکه‌کانیش ٢ پڕۆژه بوون، به سه‌رمایه‌ی ١٩ ملیۆن و ٤١٥ هەزار دۆلار. له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ١.٢ دۆنم زه‌وی. پرۆژە تەندروستییەکانیش ١٢ پڕۆژه بوون به سه‌رمایه‌ی ٩٢ ملیۆن و ٣٤٥ هەزار و ٥٠٠ دۆلار. له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ١٥ دۆنم زه‌وی. پرۆژەی پیشه‌سازی ٥٨ پڕۆژه بوون به سه‌رمایه‌ی ١ ملیار و ٧٧١ ملیۆن و ٢٢٠ هەزار و ٩٤٣ دۆلار و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٢ هەزار و ١٩٠ دۆنم زەوی. پرۆژەی خزمه‌تگوزاری یەک پڕۆژه بووە به سه‌رمایه‌ی ٩ ملیۆن و٤٩١ هەزار لەسەر رووبەری ٢١ دۆنم زەوی. پرۆژەی گه‌شتیاری ٢٩ پڕۆژه بوون و به سه‌رمایه‌ی ٧ ملیار و١٢٢ ملیۆن و٦٠٦ هەزار و ٢٩٩ دۆلار له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٢ هەزار و ٨٥٦ دۆنم زه‌وی. پرۆژەی کشتوکاڵی ٨ پڕۆژه بوون به سه‌رمایه‌ی ٣٢٠ ملیۆن و٦٦٩ هەزار و ٥٠٠ دۆلار له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٢ هەزار و ٨٧٩ دۆنم زه‌وی. پرۆژەکانی که‌رتی نیشته‌جێبوون ١٣ پڕۆژه بوون، به سه‌رمایه‌ی یەک ملیار ٢٨٨ ملیۆن و ١٦٨ هەزار دۆلار و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری هەزار و ٣٥١ دۆنم زه‌وی.