ئاشکراکردنی ئەستۆی دارایی و ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
چرا عومەر ساڵح 02/08/2022

ئاشکراکردنی ئەستۆی دارایی و ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی

گەندەڵی دەردێکی کوشندەیە، کە بەرۆکی زۆرینەی وڵاتانی گرتووە، تا ئێستاش ئەم دەردە چارەسەریی بنەبڕی یەکجاریی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی، هەنگاوێکە بە ئاراستەی کۆمەڵگایەکی تەندروست.

ئێستا لە هەرێمی کوردستانیش کۆمەڵێک هەوڵ هەن بەمەبەستی ڕێگریکردن لە گەندەڵی و چاکسازیکردن، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر بەشێک لەم هەوڵانە:
- دەرکردنی یاسا و چاودێریی جێبەجێکردنی.
- پاڵپشتیکردنی دەزگاکانی چاودێری و دەزگاکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
- بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی دەستپاکی، هەر لە ناوەندەکانی خوێندن تاوەکوو دامودەزگانی حکوومەت.
- پابەندکردنی فەرمانبەری گشتی بە پڕکردنەوەی فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان.

ئەم خاڵەی کۆتایی باسی ئێمەیە، کەوایە سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان چییە؟
سیستەمێکە، بەهۆیەوە فەرمانبەرانی گشتی، یان دەکرێت بڵێین (بەشێک لە فەرمانبەرانی گشتی) ملکەچ دەکات، کەوا هەرچی هەیانە لە ماڵ و سامان و پارە و قەرزەکانیان (هی خۆیان و هاوسەر و منداڵە ناکامەکانیان) ئاشکرا بکەن و لە شێوەی ڕاپۆرتێک پێشکەشی لایەنی تایبەتمەندی بکەن، کە ئەمەش بە یاسا دیاری دەکرێت و ڕێک دەخرێت.

ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی خولی بەردەوام دەبێت، تاوەکوو فەرمانبەرەکە لە پۆست و پلە وەزیفییەدا بێت.
ئەم سیستەمە لە هەر وڵاتێک بە یاسا و بەپێی بارودۆخی ئەو وڵاتە ڕێک خراوە و دەتوانین ئاماژە بە چەند شێوازێک بکەین:

١- لە هەندێک لە وڵاتان یاسای تایبەت بەم بابەتە هەیە، بەڵام لەژێر ناوی جیاوازی وەکوو (یاسای ئاشکراکردنی ئەستۆی دارایی، یان بەرژوەندییەکان، یان موڵک و ماڵ)، وەکوو مەغریب و لوبنان و تونس و یەمەن و بەحرەین و.. هتد.
٢- لە هەندێک وڵاتدا وەکوو بەشێک لە ڕێکاری خۆپارێزی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی باس کراوە، وەکوو جەزائیر.
٣- لە هەندێکی وڵاتی دیكەدا لە یاسای تایبەت بە دامەزراندنی دەستەی تایبەتمەند بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی باس کراوە، وەکوو عێراق و کوێت.
٤- لە یاسای تاوانی دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا، یان بەدەستهێنانی ناڕەوا باس کراوە، وەکوو میسڕ و فەلەستین.

لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەی عێراق، لە یاسای دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، ژمارە (٣)ی ساڵی (٢٠١١) چوارچێوەی سەرەکیی ئەم سیستەمەی دیاری کردووە و دواتریش ڕێنمایی تایبەت بە پرۆسەکە لەلایەن دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، بە ناونیشانی (ڕێنمایی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٦).

چوارچێوەی ئەم سیستەمە لە یاسای هەر وڵاتێکدا چەند خاڵێک لەخۆ دەگرێت، کە ئەمانەی خوارەوەن:
١- کێ ڕاپۆرتی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە دارایییەکان پڕ دەکاتەوە و چەند ساڵ جارێک پڕی دەکاتەوە؟
٢- ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکان باس لە چی دەکەن؟
٣- تا چەند ئەم سیستەمە شەفاف و روونە؟
٤- ئەو سزایانە چین لەسەر کەسی ڕاسپێردراوی سەرپێچیکار دەسەپێنرێت؟ لەکاتێکدا پڕی ناکاتەوە، یان زانیاریی ڕاست نادات، یان کەموکوڕی لە ڕاپۆرتەکەیدا هەیە؟
٥- تا چەند ئامانجی پرۆسەکە لە یاساکە دیاری کراوە؟ واتە تا چەند بەستوویەتییەوە بە تاوانی بەدەستهێنانی ناڕەوا، هەروەها بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان؟

هەروەک باسمان کرد، ئەم سیستەمە بە ڕێگەیەک دادەنرێت لە ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەوە ئامانجێکی گشتیی بابەتەکەیە، بەڵام چەند ئامانجێکی تایبەتیشی هەیە، ئەوانیش:
١- ڕێگریکردن لە بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان.
٢- ڕێگریکردن لە زیادبوونی ماڵ و سامان بەبێ بیانووی ڕەوا، واتە ڕێگریکردن و خۆپارێزی لە تاوانی بەدەستهێنانی ناڕەوا.
٣- هەردوو خاڵی پێشوو پێکەوە.
کەوایە دەبێت بزانین تاوانی بەدەستهێنانی ناڕەوا و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان چییە؟

تاوانی بەدەستهێنانی ناڕەو

ئەم تاوانە بەپێی ماددەی چواردە لە یاسای دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١١ی هەموارکراو، بریتییە لە (لە هەر زیادبوونێکی گەورە لەدوای وەرگرتنی وەزیفەی گشتی، کە سەرچاوەی زیادبوونەکە نادیار بێت، لە ڕێگەی قۆستنەوەی وەزیفەی گشتی بێت، یان ڕاسپاردنی گشتی، یان دەرەنجامی ڕەفتارێکی پێچەوانەی دەقێکی یاسایی، جا ئەم زیادبوونە لە ماڵی خۆی بێت، یان هاوسەری، یان ماڵی منداڵە ناکامەکانی).
ئەم دەقەش تەنیا فەرمانبەری گشتی ناگرێتەوە، بەڵکوو هەر کەسێکی دیكەیش دەگرێتەوە، كە بە هەر سیفەتێك، ماڵی گشتیی بەدەست بهێنێت.

بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان

بریتییە لە هەبوونی هەر بەرژەوەندییەکی تایبەتی فەرمانبەری گشتی، لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە گشتییەی بە فەرمانبەرەکە دەسپێردرێت.

بنەمای نێودەوڵەتی سیستەمی ئاشکراکردنی ئەستۆی دارایی

لە ماددەی (٤/٧ ) لە ڕێککەووتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا هاتووە (هەر دەوڵەتێکی ئەندام لە ڕێگەی یاسا ناوخۆییەکان، سیستەمێک بۆ شەفافبوون و ڕێگرتن لە بەرژەوەندییە داراییەکان دادەنێت). لێرەدا ڕاستە بە ڕاستەوخۆیی ناوی سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان نەهاتووە، بەڵام یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی سیستەمی شەفاف و ڕێگرتن لە بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە داراییەکان، بریتییە لە سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان.

لە ماددەی (٥/٨) ڕوونتر باس لە سیستەمەکە دەکات و دەڵێت: (هەموو دەوڵەتانی ئەندام، لە ڕێگەی یاسای ناوخۆییەوە، فەرمانبەرانی گشتی پابەند دەکەن، هەر شتێک کە هەیانە، لە چالاکییەکانیان و کار و وەبەرهێنان و دیاری و سوود و موڵک کە دەبێتە هۆی ڕوودانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان، ئاشکرا بکەن).

کێن ئەوانەی ڕادەسپێردرێن بە پڕکردنەوەی ڕاپۆرتی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان؟
بە شێوەیەکی گشتی، دوو پێوەرمان هەیە بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی، کە پێویست دەکات ڕاپۆرتی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان پڕ بكەنەوە، ئەوانیش:
١- پێوەری پلەی باڵای فەرمانبەران.
٢- پێوەری سروشتی کار.

هەر وڵاتێک بەپێی بارودۆخی ناوخۆی، هەر یەکێک لەم پێوەرانە هەڵدەبژێرێت لە یاساکەیدا، هەرچەندە ڕێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی داوای لە وڵاتانی ئەندام کردووە، سەرجەم فەرمانبەرانی گشتی پابەند بکەن بە ئاشکراکردنی ئەستۆی داراییان، بەڵام ئەوە لەگەڵ واقیعی کارکردندا ناگونجێت و ڕۆتینێکی زۆر دروست دەکات و ژمارەیەکی زۆری کارمەندی دەوێت.

شیاوی باسە، هەندێک لە یاسای وڵاتانیش بە هەردوو پێوەریان وەرگرتووە، هەروەکوو یاسای دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١١ی هەموارکراو، کە هەموو فەرمانبەرانی پلەی باڵا و هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی کە شوێنی کارەکانیان هەستیارە (خۆیان و هاوسەر و منداڵە ناکامەکانیان)، پابەندی کردوون بە پڕکردنەوەی ڕاپۆرتەکە.

هەروەها دەسەڵاتێکی فراوانی بە دەستەی دەستپاکی داوە، بەپێی بڕگەی (ک) لە ماددەی پێنجەم/ هەشتەم/٣ کە دەڵێت: (هەر کەسێک پۆستێکی مەدەنی، یان سەربازیی هەبێت، لە بڕگەکانی سەرەوە ناوی نەهاتبێت و دەستە بە پێویستی بزانێت کەوا ڕاپۆرتی دەرخستنی دارایی بیگرێتەوە) ئەوا دەتوانێت پابەندی بکات..

سزای پەیوەندار بە سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژوەندییە داراییەکان چییە؟

زۆربەی یاسای وڵاتان چەند ڕەفتارێکی پەیوەندار بە سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان بە تاوان هەژمار دەکەن و سزای بۆ دادەنێن، ئەگەر هاتوو ئەو ڕەفتارانە لە لایەن ڕاسپێردراوانەوە ئەنجام دران (ئەو کەسانەی پڕکردنەوەی ڕاپۆرتی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان دەیانگرێتەوە)، ئەو ڕەفتارانەش بە هەمان شێوە لە ماددەی نۆزدەم لە یاسای دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستانیش دیاری کراوە و سزای بۆ دانراوە، ئەمانەی خوارەوەن:

١- دواکەوتن لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ.
٢- پێدانی داتای نادروستی کاریگەر لە ڕاپۆرتی دەرخستەی بەرژەوەندییە داراییەکانی.
٣- باسنەکردنی بەرژەوەندی، یان ئەو مایەی خاوەنییەتی، یان هی هاوسەرەکەیەتی، یان هی یەکێک لە منداڵە ناکامەکانیەتی.

ئەگەر هاتوو ڕاسپێردراو یەکێک لەم ڕەفتارانەی خوارەوەی ئەنجام دا، ئەوا سزا دەدرێت بە غەرامەیەک لە (سێ ملیۆن دینار) کەمتر نەبێت و لە (١٠٠ ملیۆن دینار) زیاتر نەبێت، هەروەها بەندکردن بۆ ماوەیەک لە ( سێ مانگ) زیاتر نەبێت.

گرنگیی سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان

سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان، تەنیا ڕێکارێکی رۆتینیی نییە، بەڵکوو وبەشێکە لە ئامانجی خۆپارێزی و بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هەروەها بەشێک دەبێت لە بابەتی گەشەپێدانی بەردەوام (التنمية المستدامة). لێرەدا تیشک دەخەینە سەر چەند خاڵێک:

بۆچی سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان هەبێت؟

١- بۆ پاراستنی ماڵی گشتی.
٢- بۆ پاراستنی بڕیارەکانی حکوومەت.
٣- بۆ ئەوەی ڕێگریی بکات لە بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان.
٤- بۆ گەڕاندنەوەی متمانە.
٥- بۆ خۆپاراستن لە تاوانەکانی گەندەڵی.
٦- بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
٧- بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لەژێر چاودێریدا بن.
٨- بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی شوشتنەوەی پارە، هەروەها گەڕاندنەوەی پارە، ئەگەر هاتوو تاوانەکە ڕووی دابوو.

ئەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی سیستەمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان دەبنەوە:

ئاڵنگارییەکان لە زۆربەی وڵاتان وەکوو یەکن، گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
١- ناڕوونیی بەشێک لە ماددەکانی یاسای ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان.
٢- پابەندکردنی ژمارەیەکی زۆر بە پڕکردنەوەی فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکان، ئەمەش لە ڕووی پراکتیکییەوە ڕۆتینێکی زۆر دروست دەکات، بگرە هەندێک جار سیستەمەکە پەکدەخات، نموونەی ئەمەش وڵاتی تونوس، کە لە یەکەم ئەزمووندا هەموو فەرمانبەرانی گشتییان پابەند کردبوو، بەڵام دواتر لەگەڵ واقع نەگونجا و ئەم ماددەیە هەموار کرایەوە و ژمارەی ڕاسپێردراوان کەم کرایەوە.
٤- لە زۆرینەی وڵاتان تاوەکوو ئێستا ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنی نییە، ئەمەش زەحمەتییەکی زۆری دروست کردووە.
٥- باری سیاسی و واقعی وڵاتەکە زۆرجار دەبێتە ڕێگر لەبەردەم سیستەمەکە. هەر بۆیە ئەو دەستە و دامەزراوانەی، کە کاریان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، پێویستە تەواو سەربەخۆ بن.