ئەكبەر حەیدەر: داعش لە ناوچە کوردستانییەکان خەڵک کۆمەڵکوژ بكات، هێزە عێراقییەكان ناچن بەدەمیانەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەكبەر حەیدەر: داعش لە ناوچە کوردستانییەکان خەڵک کۆمەڵکوژ بكات، هێزە عێراقییەكان ناچن بەدەمیانەوە

"تیرۆریستانی داعش زیاتر بە چەكی جۆری قەناس خەڵك شەهید دەكەن و چەكی پێشكەوتویان پێیە''

لە چاوپێكەوتنێكی (باسنیوز)دا ئەكبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە بە شێوەیەكە ئەگەر لە شەواندا داعش قەتڵوعامی دانیشتوانی گوندێك بكات، هێزە عێراقییەكان ناچن بەدەم خەڵكی گوندەكەوە و دەشڵێت: "لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـوە بارەگامان لە دەرەوەی خانەقینە و كادیرەكانمان بە نهێنی كاری ڕێكخستنی خۆیان دەكەن".

سەرەتا دەربارەی دۆخی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەکانی سنووری پارێزگای دیالە، ئەكبەر حەیدەر ڕایگەیاند: ''بارودۆخیی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە هەر بە خراپی ماوەتەوە و بەرەو باشی نەڕۆیشتووە، مەفرەزەكانی داعش چالاكن و كردەوەی تیرۆریستیی خۆیان ناوە ناوە لێرەولەوێ دەكەن، هەڵبەتە ئەوەش بۆ لاوازیی دامودەزگا ئەمنییەكانی حكوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی كە دوورن لە سەنتەری شارەكانەوە و دوورن لە شەقامە سەرەكییەكانەوە و داعش لەو شوێنانە زیاتر چالاكی دەکەن.''

ڕایشیگەیاند: ''تیرۆریستانی داعش زیاتر بە چەكی جۆری قەناس خەڵك شەهید دەكەن و ئەوان چەكی پێشكەوتوویان پێیە و دۆخەكە بەتایبەت لەم ناوچانە تا ئێستا خراپە، هەڵبەتە داعش شوێنی دیاریكراوی نییە، بەڵام بەتایبەت لە شەواندا چالاكن، دۆخەكە بە شێوەیەكە ئەگەر بە شەوان دانیشتوانی گوندێكی ناوچە كوردستانییەكان تێكڕایان شەهید بكرێن لەلایەن داعشەوە و بڕفێندرێن ئەوا هێزە ئەمنییەكان لە سوپا و تاقم و گرووپەكانی حەشدی شەعبی ناچن بەدەم خەڵكەوە، ئیتر نازانرێ ئەوە وایان پێ گوتراوە كە حەقیان بەسەر خەڵكەوە نەبێت، یان لە ترسدا ناڕۆن''.

هاوكات دەربارەی دۆخیی خزمەتگوزاری لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە كە زیاتر بریتین لە قەزای خانەقین و ناحیەكانی گوڵاڵە، قەرەتەپە، جەبارە و سەعدیە، ئەو بەرپرسەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ناوە ناوە شتی بچووك دەكرێت بەڵام بەگوێرەی تمووحی خەڵك نییە، پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی باش ناكرێت و هەروەها جیاوازی دەكرێت لە نێوان ناوچە كوردستانییەكانی دیالە و ناوچە عەرەبنشینەكان لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و چاودێری بەسەر حكوومەتی خۆجێی دیالەش نییە و ئەندام پەرلەمانەكانی عەرەب كار بۆ ناوچەكانی خۆیان دەكەن و جیاوازی بە ئاشكرا دیارە لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا''.

لە كۆتاییدا دەربارەی كاری ڕێكخستنیان لە سنووری خانەقین، جێگری بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی، ئەوەی خستە ڕوو کە ''ئێمە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە بارەگامان لە خانەقین نەماوە و بارەگامان لە ناوچەی ساڵح ئاغایە كە دەكەوێتە نێوان قەزای خانەقین و قەزای كەلار، بەڵام كادیر و ڕێكخستنەكانمان لەناو خانەقین و دەوروبەری هەن و بە نهێنی و ڕێكخراوی كاری خۆیان دەكەن''.