(کەڤۆکێن سیها تاووسێ) كۆترەكانی سێبەری تاووس، ناونیشانی كتێبێكە، سەبارەت بە ژیانی ئافرەتانی كوردی ئێزدی و كۆمەڵكوژییەكەی شنگال، لەلایەن رۆژنامەوانێكی ئێزدی نووسراوە و بڵاو كراوەتەوە.
كاروان باعهدرى، رۆژنامهوان و نووسهری دیاری ئێزدی، خەڵكی ناحیەی باعهدرێ، سەبارەت بە بەرهەمە چاپكراوەكەی بۆ (باسنیوز) گوتی: "یەكەم بەرهەمی چاپكراوم كتێبێكە بە ناونیشانی (كهڤۆكێن سیها تاووسێ)، ئەم كتێبەم بە چوار زمانی کوردی و عهرهبى و توركى و ئینگلیزى، لە هەمانكاتدا بە هەردوو شێوەزاری (سۆرانى و بادینى) ئامادە كردووە و دوو ساڵ كارم لەسەر كردووە، تا توانیم بەرهەمی بێنم و چاپی بكەم”.
ئەو نووسەر و رۆژنامەوانە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەم بەرهەمە چیرۆكی ئافرەتانی ئێزدییە، كە لە كۆمەڵكوژیی شنگالدا گیانی خۆیان بەخشیوە و بوونەتە سمبولی ئازایەتی، ئەم بەرهەمە بە سەرپەرشتیی كەسانی تایبەتمەند لە بواری راگەیاندن ئامادە كراوە”.
گوتیشی: "پێشەكیی كتێبەكە لەلایەن نووسەر، شەماڵ ئاكرەیی نووسراوە و مللەت محەمەد دیزایینی بەرگەكەی كردووە”.
كاروان باعهدرى ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "نێچیرڤان شێخ شامۆ هاوكارمان بووە بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمە بە چاپ بگات، لەهەمان كاتدا كتێبەكە لە بڵاوكراوەكانی دەستەی باڵای بنكەی لالشە و چاپی یەكەمی بە تیراژی 500 دانەیە، كە لە 234 لاپەڕە پێك هاتووە و دوێنێ لە رێوڕەسمێكدا ناسێنرا و بڵاو كرایەوە”.