شاسوار دەیەوێت لاسایی قاز بكاتەوە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 02/08/2022

شاسوار دەیەوێت لاسایی قاز بكاتەوە!

دوای دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغدا و شارە شیعەنشینەكانی باشووری عێراق دژی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھاوئاھەنگیی عەرەبە شیعەكان، شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ كە (من لەمێژە ناوم ناوە جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ) دەیەوێت خۆپێشاندانەكانی بەغدا بگوێزێتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، بەڵام جارێ كڕ كەوتووە و وەك خۆی دەڵێت ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئەم ھێلكەیە دەكەم و ھێلكەكەم دادەنێم!

یەعنی شاسوار دەیەوێت لە ھەرێمی كوردستان لاسایی قازەكانی بەغدا بكاتەوە و وەك قازەكانی بەغدا ھێلكە بكات، ئیتر نازانێت یان لەبیری چووە كە ئەگەر مریشك لاسایی قاز بكاتەوە و بیەوێت وەك قاز ھێلكە بكات و هێلكەكەی بە قەبارەی هێلكەی قازێك بێت، خراپی بەسەر دێت! بۆچی؟

1- ئەسڵەن بەشێك لە ئامانجەكانی خۆپێشاندانەكانی بەغدا، دژی دزی و گەندەڵییە و شاسواریش خۆی گەندەڵە، كەواتە خۆپێشاندانەكانی بەغدا ناڕاستەوخۆ دژی خۆی و نزاری برایەتی كە خاوەنی كۆمپانیای (خيرات الدر)ە لە بەغدا و ئەویش بە ناوی ئەوەی شوقەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست دەكات، دەستی دەیان ھاووڵاتیی لە بەغدا بڕیوە و تێیشی تەقاندووە بۆ دەرەوەی عێراق.

واتە نزاری برای شاسوار، لە بەغدا وەك شاسوار لە ھەرێمی كوردستان و بەتایبەتی لە سلێمانی دەستی دەیان ھاووڵاتیی عێراقیان بڕیوە، ئەمەشیان یەعنی پێش ئەوەی شاسوار خۆپێشاندانەكانی بەغدا بگوێزێتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، بەھۆی نزاری برایەوە نموونەی گەندەڵی و دەستبڕین و ساختەچێتیی خۆی گواستووەتەوە بۆ بەغدا!

كەچی ئێستا ئەو شاسوارە دەیەوێت نموونەی خۆپێشاندانەكانی بەغدا كە دژی گەندەڵییە، بگوێزێتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان! جا ئیتر ئێوە سەیری ئەم ساختەچێتی و سەیری ئەم ھەوڵەی سەرۆكی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ بكەن كە چۆن دەیەوێت خۆی لە گەندەڵەوە بگۆڕێت بۆ دژەگەندەڵ و دژی گەندەڵی! سەیری ئەم ساختەچێتییەی شاسوار بكەن كە چۆن دەیەوێت سەر لە خەڵكی كوردستان تێكبدات، سوبحانەڵا ھەر دەڵێی پەروەردەی دەستی خەزعەلی و مالیكی و بەرھەم ساڵحە! تۆ سەیر كە لە بەغدا خۆپێشاندانەكان دژی خەزعەلی و مالیكی و بەرھەم ساڵحن، كەچی ئەوانیش چەند سەعاتێك ھاتنە دەرەوە و خۆپێشاندانیان كرد!

2- بایی ئەوەندە لە مانای شەعبەوی و شەعبەویەت دەزانین كە لەناو كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفتدا كەسێك دێت و خۆی دەخاتە سەروو ھەموو داوودەزگایەك، تەنانەت نایەوێت لەناو حزب و گرووپە سیاسییەكەی خۆیشیدا ھیچ داوودەزگایەك بۆ ھیچ مەبەستێك ھەبێت، بەڵكوو ورد و درشت لە دەستی خۆیدا كۆ دەكاتەوە، ئەمەش دەكاتە شێوەیەكی تر لە شێوەكانی دیكتاتۆری و گەورەترین ھەڕەشەیە بۆ سەر دیموكراسی، بەڵام خۆ دەبێ ئەو كەسە شەعبەویە كە خۆی لەسەروو شەعب واتە خۆی لەسەروو گەلەوە دەبینێت، ھیچ نەبێت كەسایەتییەكی كاریزمایی ھەبێت.

دە باشە من ھیچ ناڵێم، بەڵام تایبەت بە كاریزما، ئێوە پێم بڵێن چیی شاسوار و كوێی شاسوار كاریزمایە؟ ئەی باشە كێ دەتوانێت پێم بڵێت بێجگە لە شاسوار لە سلێمانی و ئنجا سروە و نزاری برای لە بەغدا، چ داوودەزگایەكی ڕێكخراو و سەردەمیانە لەناو جووڵانەوەكەی شاسوار و سروە و نزاردا ھەیە؟

بۆیە ئامۆژگاریم بۆ شاسوار ئەوەیە كە لەوە زیاتر خۆی نەكاتە پەند و كەرەستەی ڕابواردن و واز لەوە بھێنێت كە شەممەی داهاتوو بیەوێت لاسایی قاز بكاتەوە، بەڵام چونكە ھەموو جووڵەیەكی شاسوار مەبەستێكی بازرگانی و كڕین و فرۆشتنێكی لەپشتە، ئەگەر پێشەكیی ئەم كارەی لە بەغدا یان لە دەرودراوسێ یان لە ھەندێكی ناو سلێمانی (چونكە ھێشتا بارودۆخی سلێمانییش لەڕووی سیاسییەوە سەقامگیر نیە و بەباشی نەمەییوە) وەرگرتووە، با بفەرمووێت و خۆپێشاندانەكەی بكات، واتە با بفەرمووێت لاسایی قاز بكاتەوە و ھەر وەك قاز شەممە ھێلكەیەكمان بۆ بكات و با ئەو ھێلكەیەشی ببینین و بزانین دوای هێلكەكە چی بەسەر ئەم مریشكەدا دێ!

تێبینی: ئەم نووسینە زنجیرە وتارێكە و ھەتا خۆپێشاندانەكەی شاسوار یان با بڵێین ھەتا ھێلكەكردنەكەی شاسوار درێژەی دەبێت.