ئاوارەکانی شنگال: لەبەر نەبوونی ئاسایش ناگەڕێینەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئاوارەکانی شنگال: لەبەر نەبوونی ئاسایش ناگەڕێینەوە

خەڵکی ئێزدی خۆیان لە هەشتەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدی شنگالدا خۆیان بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی ئەو جینۆسایدە ئامادە دەکەن و بڕیارە سبەی 3/8/2022 بەو بۆنەیەوە ڕێوڕەسمێک بەڕێوە ببەن، دەشڵێن ''ناگەڕێینەوە بۆ شنگال''.

لەم بارەیەوە، ڕەشۆ شنگالی، خەڵکی کۆمەڵگەی بۆرکی شنگال کە هەشت ساڵە ئاوارە بووە و ئێستا لە کەمپی شاریا نیشتەجێیە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''خەڵکی شنگال بەهۆی بوونی گرووپە چەکدارەکان و نەبوونی ئاسایشەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و هەتا ڕەوشی شنگال بەو شێوەیە بێت ئێمە ئامادە نین بگەڕێینەوە، چونکە ئەو عەرەبانەی ساڵی 2014 خیانەتیان لە خەڵکی شنگال کرد ئێستا گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان لە شنگال، کەچێ ئێزدییەکان هێشتا ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە، ئێمە چۆن بگەڕێینەوە، ئەگەر حکوومەتی عێراق کار لەسەر کەیسی شنگال نەکات و گرووپە چەکدارەکان لەناو ماڵی خەڵکدا بن''.

ئاماژەی بەوەش دا: ''ڕەوشی شنگال ناخۆشە و ئاسایشی لێ نییە و زۆر گرووپی چەکدار لەناو شنگالدا پەیدا بوون، بۆیە هەتا ئاسایش نەبێت خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە و تەنیا داوا دەکەین ئاسایش بۆ شنگال دابین بکرێت تاکوو بتوانین بگەڕێینەوە''.

قه‌وال مچو، ئاواره‌یه‌كی شنگال لە کۆمەڵگەی شاریا، بە (باسنیوز)ی گوت: ''ئاوارەکانی شنگال نایانەوێت بگەڕێنەوە، چونکە ترسی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014 هێشتا لەناو ئێزدییەکاندا ماوە، ناخۆشترین بابەت بەلای خەڵکی شنگالەوە ئەو عەرەبانەیە کە بوونە چاوساغی داعش بۆ داگیرکردن و جینۆسایدی شنگال و ڕفاندنی کچان و ژنان و منداڵانی ئێزدی، کەچی ئێستا گەڕاونەتەوە ناو شنگال، هەربۆیە ڕەوشی شنگال خراپە و ئاوارەکان ناگەڕێنەوە''.

زەریف، ژنێکی بەساڵاچووی ئاوارەی شنگالە و لە کەمپی چەمشکۆی زاخۆ دەژی، بە (باسنیوز)ی گوت: ''منداڵەکانمان هەموویان دەربەدەر بوون، کەوتینە بارێکی ناخۆشەوە، ئێستاش هیچ شتێک لە شنگالدا نەماوە و هیچ دڵخۆشییەک نەماوە و ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە شنگال و بە ناچاری ژیانی ژێر خێوەتمان هەڵبژاردووە''.

ئه‌حلام كتى، کچێکی ئاوارەی شنگالە، بە (باسنیوز) دەڵێت: ''ماڵوحاڵی ئێمە لە شنگال نەماوە، هەموو خانووەکان وێران و تاڵان کراون، تا ئێستاش خوشک و دایکی ئێمە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدان، بۆیە ئێمە ناتوانین بگەڕێنەوە بۆ شنگال، چونکە ئێستاش ئاسایش لەناو شنگالدا نییە''.

هەر پەیوەست بەم بابەتە، پیر ده‌یان جه‌عفه‌ر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەلامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆک. بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''ئاوارەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شنگال، تەنانەت زۆر ئاوارە کە گەڕابوونەوە ناو شنگال بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای عێراقەوە دیسان ئاوارە بوونەوە و ئێستاش ڕێ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کراوەیە، بەڵام نایانەوێت بگەڕێنەوە''.