كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
کارزان گلی 02/08/2022

كێ پرسی چارەسەریی لە توركیا لەبار برد؟

لە ساڵی 2008، پرسی چارەسەری لە توركیا باسی لێوە كرا، بەڵام لە 2013، ئەو پرسە چووە واری جێبەجێكردن و رەجەب تەییب ئەردۆغان، كە ئەوكات سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو، لە دیمانە و میتینگەكاندا، بەئاشكرا دەیگوت لە توركیا كێشەی كورد چارەسەر دەكەین. چەند هەنگاوێكیشی نا، یەكێك لەوانە، كردنەوەی كەناڵی (TRT6) بوو بە زمانی كوردی و هەروەها رێگەی دا لە ئامەد، لەسەر تابلۆكاندا بە زمانی كوردی و توركی بنووسرێت و ئەوەیشی لە هەمووی گرنگتر بوو، رێگەی خۆش كرد تا پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، وەكوو پارت بەشداریی هەڵبژاردن بكات، كە بۆ یەكەم جار بوو لە مێژووی توركیا، پارتێكی كوردی وەكوو پارت بەشداریی هەڵبژاردن بكات و توانیی 80 كورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت.

بەڵام لە 2015، پرسی چارەسەری لەبار بردرا، قەندیل خودی ئەردۆغانی تۆمەتبار دەكرد بەوەی، ئەو پرسەی لەبار برد، ئەردۆغانیش قەندیلی تۆمەتبار كرد.
ئەوەی گرنگە لەو ڕووەوە باس بكرێت، ئەو بەڵگانەن كە كەسایەتییە دیارەكانی ناو پرسی چارەسەری قسەی لەسەر دەكەن، واتە ئەوانەی بۆ خۆیان بەشێك بوونە لەو پرسە و دەزانن بۆچی و چۆن هەوڵەكە كۆتایی پێ هێنرا.

ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، لەناو دڵی پرسی چارەسەریدا بوو، یەكێك بوو لەو كەسانەی چەند جارێك چووە ئیمیڕاڵی و چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوت، لەنزیكەوە لەسەر پرسی چارەسەری و هەوڵی ئۆجەلان بۆ چارەسەری ئەو پرسە ئاگادارە.

تان، لە تازەترین دیمانەیدا، لە بەرنامەی (رۆژەڤی توركیا)، باس لە ناوەڕۆكی پرسی چارەسەری دەكات و ئەو لایەنەش ئاشكرا دەكات، كە پرسەكەی كۆتایی پێهێناوە.
تان، ئاماژەی دا لەنێوان حكوومەتی توركیا و ئۆجەلاندا، رێككەوتنێك هەبوو لەسەر ئەو پرسە، خودی ئۆجەلان لە ئیمیڕاڵی ئەو باسەی لا دركاندووە، كە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی ئێستای هەدەپە و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەشی لێ بووە. رێككەوتنەكەش چەند خاڵێك بووە، كە ئەمانەی خوارەوەن:

یەكەم: ئیتر پەكەكە بە هیچ شێوەیەك بەرامبەر بە توركیا چەك بەكار ناهێنێت.
دووەم: هەموو هێزەكانی پەكەكە لە ماوەی سێ مانگدا لە تەواوی سنوورەكانی توركیا دەكشێنەوە.
سێیەم: ئەگەر ئەمانە جێبەجێ كران، توركیا دەبێت هەنگاوی دیاریكراوی دیموكراتی بەرامبەر بە كورد بهاوێت.
چوارەم: دەبێ دەوڵەتی توركیا، هەموو ئەو كەسایەتییانە لە زیندان ئازاد بكات، كە بە هۆكاری سیاسی دەستگیر كراون.
پێنجەم: دەبێ هەدەپە، پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتی بكات بۆ توركیا، واتە لە پەرلەمان پاڵپشتیی لە ئاكەپە بكات و سیستەمی سیاسی بكەنە سەرۆكایەتی.

ئاڵتان تان، لە ئۆجەلانی پرسیوە: ئەی خۆت ئاییندەت چی لێ بەسەر دێت؟ ئۆجەلان گوتوویەتی، ئەگەر ئەو مادانەی قسەی لەسەر كراوە جێبەجێ بكرێت، هەر بۆ خۆی منیش ئازاد دەكرێم.

بەڵام تان پێی وایە، قەندیل هۆكار بووە، كە پرسی چارەسەری كۆتایی پێ بێت، چونكە نەیویستووە كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت.
بەڵام رەخنەش لە حكوومەتی توركیا دەگرێت، كە هەرچەندە قەندیل دژی ئەو پرسەش بوایە، ئەگەر ئەوانیش نیازێكی تەواو پاكیان هەبوایە، دەبوایە گوێ نەدەنە قەندیل.

ئاشكرایە، كە قەندیل بە هیچ شێوەیەك بەگوێی ئۆجەلان ناكات، چونكە چەندە ئۆجەلان پشتگیری لە ئاشتی بكات بۆ توركیا، قەندیل قورسایی كەم دەبێتەوە، یاخود بە شێوەیەكی دیكە، هەرچەندە ئۆجەلان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد رۆڵی پێ بدرێت، رۆڵی قەندیل كەم دەبێتەوە.

ئەحمەد ئاڵتان، نووسەری دیاری توركیا و دۆستی كورد، لەو ڕووەوە نووسیویەتی: ” قەندیل وای دەبینێت، ئەگەر شەڕ بەردەوامیی هەبێت، كاریگەریی ئاپۆ كەم دەبێتەوە و كاریگەریی ئەوان زیاد دەكات. تا ئاپۆ لە ئیمیڕاڵی پەنجەكانی بخاتە پشتی خۆیەوە، قسەی ئەو بۆ قەندیل ناخوات، لە سیلڤانیش ئەمەمان بە چاوی خۆمان بینی. قەندیل بەئاشكرا دژی ئاپۆ ناوەستێتەوە، بەڵام بەردەوام و بە هەموو شێوەیەك ئەو بێ كاریگەر دەكات.“

ئەو بارودۆخەی لە سەروبەندی پرسی چارەسەری لە توركیا هاتە دی، وای كرد هەدەپە بتوانێت بەبێ ترس و بە هەناسەیەكی فراوان، بچێتە ناو هەڵبژاردن و پروپاگەندە بكات، بۆیە توانیی 80 كورسیی پەرلەمانی بباتەوە و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش 102 شارەوانیی بردەوە.
بەڵام كاتێك پرسی چارەسەری نەما و شەڕ بەرپا بوو و فشار خرایە سەر هەدەپە، بینیمان چۆن هەدەپە لە هەلبژاردنەكانی دوای ئەودا دەنگەكانی كەمی كرد و پاشانیش 15 پەرلەمانتار و دەیان سەرۆك شارەوانی و سەدان ئەندامیان خراپە زیندانەوە.

كەواتە لە هەموو روویەكەوە، بوونی ئاشتی و گفتوگۆكردن لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی كورد، لە بەرژەوەندیی كورد و دۆزەكەیەتی، پێشتریش بەرهەمەكەی بینراوە.