لە تورکیا و باکووری کوردستان نرخی گۆشت زۆر گران بووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە تورکیا و باکووری کوردستان نرخی گۆشت زۆر گران بووە

نرخی گۆشت لە تورکیا و باکووری کوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ گران دەبێت، نرخەکەی بە جۆرێک بەرزە، هاووڵاتیان لە مانگێکدا یەک جاریش ناتوانن یەک کیلۆ گۆشت بکڕن، بەتایبەت ئەو خانەوادانەی هەژارن و مووچەکەیان کەمە. تەنیا لەم هەفتەیەدا، نرخی گۆشت 10 لیرەی هاتووەتە سەر.

حکوومەتی تورکیا پلانی هەبوو، دوای جەژنی قوربان، نرخی گۆشت کەم بکاتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان، نرخەکەی بەرز بووەوە، بۆیە هاووڵاتیان هاواریان لێ هەستاوە و دەڵێن ئیتر ناتوانن گۆشت بکڕن.

ئایدن توفەکچی، سەرۆکی ژووری گۆشتفرۆشانی ئیستانبوڵ، دەڵێت: نرخی گۆشت بەگوێرەی جۆرەکەی و شوێنەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە نرخی یەک کیلۆ گۆشتی قیمە تا 200 لیرە بەرز بووەتەوە و بەرزبوونەوەکەش بەردەوامە.

توفەکچی، قسەی بۆ ماڵپەڕی (T24)ی تورکی کردووە و دەڵێت: ''بەداخەوە یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە نرخی گۆشت گران بێت، گرانیی نرخی کارەبایە، چونکە ئەگەر کارەبا گران بوو، ناچاریت نرخی گۆشت گران بکەیت. ئەو گۆشتەی هەڵدەگیرێت پێویستی بە سارکەرەوە هەیە، ئەو ساردکەرەوەیەش پێویستی بە کارەبای زۆرە، کاتێک نرخی کارەبا گران دەبێت، نرخی گۆشتیش بە هەمان شێوە گران دەبێت. داوا لە حکوومەت دەکەم، هەر هیچ نەبێت تەنیا بۆ ئێمەی گۆشتفرۆشەکان کە دووکانەکانمان بچووکە، با نرخی کارەبا کەم بکەنەوە''.

تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، 17 گۆشتفرۆش لە ئیستانبوڵ داخراوە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە خەڵک داوای لەسەر گۆشت نییە بەهۆی گرانیی نرخەوە.

حاڵی گۆشتفرۆشانی باکووری کوردستان لە تورکیا باشتر نییە، لەوێش بە هەمان شێوە نرخی گۆشت زۆر زۆر گران بووە، ئەمەش وای کردووە هاووڵاتیان نەتوانن بیکڕن.

نرخی گۆشت لە باکووری کوردستان 100% زیاد بووە، هۆکارەکەیشی وشکەساڵی و لەناوچوونی ئاژەڵدارییە لە باکووری کوردستان.

میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن، بەهۆی ئەوەی حکوومەت وەکوو پێویست هاوکاریی ئاژەڵداران و جووتیارانی نەکردووە، بۆیە ئەوانیش دەستبەرداری کارەکەیان دەبن و کاتێک ئاژەڵداری کەم ببێتەوە، بەرهەمهێنانی گۆشتیش کەم دەبێتەوە، بۆیە نرخەکەی گران دەبێت.

ئەمساڵ وشکەساڵی زیانێکی زۆری لە باکووری کوردستان دا، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەگوێرەی زانیارییەکان، دەیان جووتیار کارەکەیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە شار کردووە.