ئەمڕۆ (2ی ئاب) جەژنی چلەی هاوینی ئایینی ئێزدییە و ڕێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە لە پەرستگەی لالش بەڕێوە دەچن.
ئەمڕۆ 2/8/2022 جههوهر عهلى بهگ، وەکیلی میری ئێزدییان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لەم جەژنەدا هەر ئێزدییەکی بچێت بۆ پەرستگەی لالش پێویستە لەسەر پردی سیڕاتەوە تێپەڕ بێت و لە حەوزی کانی سپی دەست و دەموچاوی بشوات و خۆی پاک بکاتەوە و پاشان لە کانی سپی و دەرگای قاپی و زەمزەم و سندریک (تابووت)ی شێخادی و بەری شەباک و نیشانگە و مەزاری لالش زیارەت بکات و هەموو ئێوارانیش سەما دەکرێت و چرای ئاقد (مەزاری گەورە پیاوان) و نیشانگە تایبەتەکان هەڵدەکرێن و ڕێوەڕەسمی قنتار (بەکۆمەڵ)یش بەڕێوە دەچێت، ئەم ڕێوڕەسمەش هەموو ڕۆژێک بەری بەیانیان و دەمەوئێواران بەڕێوە دەچێت.
ئاشکرایشی کرد: لەم جەژنەدا ئەو ئێزدییانەی لە ئاوی (کانی سپی)دا مۆر نەکراون، مۆر دەکرێن و سەردەرانی تایبەتی پەرستگەی لالش دەڕازێتەوە و تاووس جوان دەکرێت.
وەکیلی میری ئێزدییان گوتیشی: ''ئەمساڵ جەژنی چلەی هاوین هاوکاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی جینۆسایدی شنگال، هیوادارم ئەمساڵ خەڵکی ئێمە بە دڵی خۆشەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و خێر و خۆشی ڕوو بکاتە خەڵکی ئێمە''.