(ترەمپ و سەدر) دوو کارەکتەری ناوازە و سەرنجڕاکێش!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
کارۆخ خۆشناو 01/08/2022

(ترەمپ و سەدر) دوو کارەکتەری ناوازە و سەرنجڕاکێش!

(ترەمپ و سەدر) دوو کارەکتەری سیاسیی ناوازە و سەرنجڕاکێشن، وەک دەڵێن (مع الفارق). باسکردنی خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی ئەم دوو کارەکتەرە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لێرەدا تەنیا تیشک دەخەینە سەر ڕووداوێکی هاوشێوە، ئەویش هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی عێراق، لەلایەن لایەنگرانی (ترەمپ و سەدر)ەوە.

ترەمپ ناڕازی بوو لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و پێی وابوو، کەوا لە هەڵبژاردنەکاندا تەزویر کراوە و دەنگەکانی لێ دزراون، بەڵام نەیتوانی قسەکانی بسەلمێنێت و بەڵگەی پێویست بخاتە بەردەم دادگای فیدراڵیی ئەمەریکا، بۆیە دەستی برد بۆ بەکارهێنانی کارتی شەقام و هێرشی کردە سەر کۆنگرێس، بەڵام بەهۆی پتەویی ژێرخانی دامەزراوەیی ئەمەریکا، هەوڵەکانی ترەمپ شکستیان هێنا، تاکوو ئێستاشی لەگەڵدابێت، کۆنگرێس بەردەوامە لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە هێرشبەرانی سەر کۆنگرێس، چونکە ئەو کارەی ترەمپ لە (2021/1/6)دا كردی، لە مێژووی ئەمریکادا وێنەی نەبووە، بەم کارەشی کۆی پڕۆسەی دیموکراسیی ئەمریکای خستە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەخت!

سەدر لە هەڵبژاردنەکانی (2021/10/10) براوە بوو، بەڵام ڕێگریی لێ کرا بۆ پێکهێنانی حکوومەت و لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی بەربەستی زۆری بۆ دروست کرا، بەتایبەت کاتێک دادگای فیدڕاڵیی عێراق بۆ دەرکردنی بڕیاری سێیەکی پەکخەر (الثلث المعطل) بەکار هێنرا، کار گەیشتە ئەوەی سەدر کوتلەکەی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە و لەجیاتی نوێنەرانی شەقام، خەڵکی شەقام بنێرێتە ناو پەرلەمان، ئەمەش بەمەبەستی دروستکردنی وەرچەرخانێکی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و گۆڕینی دەستوور و دوورخستنەوەی گەندەڵکاران و گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عێراق!

پرسیار لێرەدا ئەوە: ئایا عێراق هاوشێوەی ئەمەریکا بەرگەی ئەم هێرشەی شەقام دەگرێت؟

وەڵام: نەخێر عێراق بەرگە ناگرێت، چونکە ژێرخانی دام و دەزگاکانی عێراق هاوشێوەی ئەمەریکا بەهێز نین، بەڵکو لەوپەڕی لاوازیدان، هەروەها زەمینەی هەڵچوونی خەڵکی ناڕازیی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەبارە، ئەمەش بەهۆی شکستی چینی دەسڵاتدارانی عێراق و نەبوونی دادی کۆمەڵایەتی و نەبوونی کەمترین پێداویستیی ژیان، کە شایستەی عێراقییەکان بێت.

بۆیە ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی سازش بۆ سەدر نەكەن و ڕازیی نەکەن، چاوەڕوان دەکرێت عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک هەنگاو بنێت.