كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەركردەیەكی سوننە: ره‌نگه‌ شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ عیراق دروست ببێت

 

سەركردەیەكی سوننە ئاشكراەی كرد، ره‌نگه‌ شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ عیراق دروست ببێت، كه‌سیش له‌و شه‌ڕه‌دا براوه‌ نابێت. دەشڵێت: پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه‌.

ئوسامه‌ نوجه‌یفی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و یەكێك لە سه‌ركرده دیارەكانی سوننەی عیراق، رایگه‌یاند: "پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه‌ و دۆخه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی زۆر خراپ و مه‌ترسیدار، دەبێت هه‌نگاوی كرده‌یی و خێرا بندرێت بۆ رزگاركردنی ئەو دۆخە".

ئاماژەی بەوەش دا: "دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و شەڕ و فیتنە و تێكچوون ده‌چێت، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی ته‌نیا دانانی سه‌رۆك وه‌زیران و تیمێكی حكوومی بێلایه‌نه‌، تاوەكوو له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بكرێت و یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێتەوە و كۆمسیۆنێكی تازه‌ دەستبەكاربكات".

ئەو سەركردەیەی سوننە پێیوایە، "ره‌نگه‌ شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ عیراق دروست ببێت، دەبێت هەموولاینە سیاسییەكان پەلە بكەن لە چارەسەرو چه‌ك هه‌ڵگرتن له‌ دژی یه‌كتری چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌ ناكات، كه‌سیش له‌و شه‌ڕه‌دا براوه‌ نابێت".

ئەو قسانەی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە، ماوەی چەند رۆژێكە خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر چوونەتە نێو پەرلەمان و ناوچەی سەوز و ئەمڕۆش لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان بەخۆپیشاندان دژی لایەنگرانی سەدر كردووە.