ئەگەر لە 2019 تێبگەیشتنایە ئەوەی ئێستایان نەدەبینی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 01/08/2022

ئەگەر لە 2019 تێبگەیشتنایە ئەوەی ئێستایان نەدەبینی

ھەرچەندە ھەندێك ناوەندی لێكۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژییشیان ھەیە، بەڵام ئەگەر چوارچێوەی ھاوئاھەنگیی عەرەبە شیعەكان برادەر و ھاوپەیمانەكانیان لە ڕێگەی ئەو ناوەندانەی لێكۆڵینەوەی خۆیان، كە پارەیەكی زۆریشی تیا خەرج دەكەن، یان ھەر خۆیان بە پشتبەستن بە شارەزایی و تاقیكردنەوەی خۆیان لەناو دنیای سیاسەتدا، بەوردی لە دروشمەكانی خۆپپشاندانە فراوان و ملیۆنییەكەی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 لە بەغدا و شارە شیعەنشینەكانی خوارووی عێراق تێبگەییشتنایە و بەوردی لە ھەموو لایەنە جیاجیاكانی ئەو خۆپپشاندانانەی ئەو كاتەیان بكۆڵیایەتەوە، حەتمەن نەیاندەھێشت عێراق بگاتە ئەمڕۆ، كە خۆیشیان موحەییەر ماون و نازانن چی بكەن، بەڵام چونكە سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە سیاسی و ستراتیژییەكانیشیان ھەروەك خۆیان خەریكی پارە خواردن و فاكوفیكن بۆ گەندەڵی، بەوردی نەیانتوانی لە دروشم و ھەموو لایەنە جیاجیاكانی خۆپپشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019 تێبگەن، بۆیە عێراقیان گەیاندە ئەو ڕۆژەی، كە ئێستا ھەموومان دەیبینین، چوارچێوەی ھاوئاهەنگیی عەرەبە شیعەكان زۆر سەیرن، بۆچی؟

1 - لەناو گەرمەی خۆپپشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019، كە خۆپیشاندەرانی ملیۆنیی سەر بە موقتەدا سەدر دەیانگوت كەسمان لە ئێوە ناوێت، كەچی دەھاتن (قوسەی سوھێل، ئەسعەد ئەلعێدانی، عەبدولحسێن عەبتان، عەلی شوكری، محەمەد تۆفیق عەلاوی، نەعیم سوھێل، عەدنان ئەلزورفی)یان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید دەكرد و ھەر ھەموویشیان ڕەت كرانەوە، كەچی دوای 3 ساڵ و بێ ئەوەی ھیچ لە 2019 فێر بووبن، ھاتن محەمەد شیاع سودانییان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بەربژێر كرد! خۆپیشاندەران لە گەندەڵی و دزی و دیكتاتۆری و پیاوكوژیی میلیشیا چەكدارەكان بێزار بووبوون، كەچی ئەوان وایان دەزانی كێشەی عێراق ئەوەیە، عادل بگۆڕیت بە قوسەی و عەبتان و عێدانی، ئافەرین عەقڵ!

2 - ئنجا بۆ نموونە، یەكێك لە دروشمەكانی خۆپپشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019 لە گۆڕەپانی تەحریر ئەوە بوو، كە بە بەرھەم ساڵحی سەركۆماریان دەگوت (برهم يا بن صالح، بين الكتل دايح، مهتم بالمناصب و يدور مصالح)، واتە بەرھەم ئەی كوڕی ساڵح، لەنێوان كوتلەكاندا دێیت و دەچی، گرنگی بە پۆست دەدەیت، بە شوێن بەرژەوەندییەكاندا دەگەڕێیت). وشەی دایح بە عەرەبی دوو سێ مانای دیكەی توندی ھەیە، بەڵام من بە كوردی وشە باش و ھێواشەكەیانم بۆ بەرھەم ساڵح داناوە، جا لەجیاتی ئەوەی بەرھەم ساڵح ھەر ئەوكات تێبگەیشتایە و پۆستی بەجێ بھێشتایە، كەچی تازە بەتازە پەیامی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێستا ھەیە، وەك ئەوەی بیەوێت ھەروا بڕوات و بۆی بلوێت! ئەوەندەی بزانم، ئەگەر بە ڕەنجی خۆت و بە شێوەیەكی مەشرووع پارەت پەیدا كرد و دەوڵەمەند بوویت، ئەم جۆرە دەوڵەمەندانە مێشكیان باش ئیش دەكات و زۆر زوو لە ئاماژە سیاسییەكانیش تێدەگەن، بەڵام ئەگەر بە گەندەڵی و دزی و فرت و فێڵ و بە شێوەیەكی نامەشرووع دەوڵەمەند بوویت، مێشكت ئیش ناكات، ھەتا ئەو كاتەی كە چەكووشی خەڵكی بەردەكەوێت، ھەروەك ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا دەیبینین.