وەزیری گواستنەوەی عێراق: بە هێڵی شەمەندەفەر بەندەری فاو بە توركیا دەبەسترێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزیری گواستنەوەی عێراق: بە هێڵی شەمەندەفەر بەندەری فاو بە توركیا دەبەسترێتەوە

 

وەزیری گواستنەوەی عێراق ئاشكرای كرد، دیزایینی بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان بەندەری فا و توركیا دەستی پێكرد.

ناسر شبلی، وەزیری گواستنەوەی عێراق، بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند:گرێبەستێكمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئیتالی مۆركردووە بۆ پەرەپێدانی دیزایینی نوێ، كە لەبەندەری فاوەوە دەست پێدەكات بۆ توركیا كەپەیوەندی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و لەنێوان توركیا و بەندەری فاو،بەیەك دەبەستێتەوە و ئەمەش چەندین لقی ڕێگاشی دەبێت.

هەروەها وەزیری گواستنەوەی عێراق ئاشكراشیكرد کە ئەم پلانانە تاوەكوو كۆتایی مانگی هەشت تەواو دەبێت.

وەزیری گواستنەوە، ئاماژەی بەوەش دا" شەمەندەفەری چینیمان هەیە كە لە ساڵی 2014ەوە لە جێی خۆیانن، شەمەندەفەری كۆنمان هەیە، كە بە هۆی خراپ بەكارهێنانی ڕێگاكانەوە خاو بووەتەوە، هەروەها بەهۆی داعش چەندین شەمەندەفەرمان تێكشكاون".

پێشتربەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەبارەت بە ڕاکێشانی هێڵی ئاسنین لە فاوی گەورە و تێپەڕبوونی بە شارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسێكی حكوومەتی عێراقی كۆبوینەوە و سەردانی وەزارەتی گواستنەوەی حکوومەتی فیدراڵیمان کرد و لە کۆبونەوەیەکدا لەگەل تالیب جەواد، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسنین، بابەتی ڕاکێشانی هێڵی ئاسنین لە فاوی گەورە و تێپەڕبوونی بە شارەکانی هەرێمی کوردستان وبەستنەوەی بە کۆماری تورکیا تاوتوێکرا".

بەرپرسەكەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی ئەوەش دەكات دووپات لەسەر ئەوە كراوەتەوە هەرێمی كوردستانیش رۆڵی لەو پڕۆسەیە دەبێت، گوتیشی: "جەخت کرایەوە لەگەل وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تێڕوانینێکی نشتیمانی کار بکرێت بۆ هێنانە کایەی ئەو پرۆژە ستراتیژیە بۆ بەرژەوەندی گشتی و بەردەوامیدان بە پەیوەندیی و هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا لە باڵاترین ئاستدا".


تاڵیب جەواد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق رایگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت هێڵی ئاسنینی فاو تاوەکو پێشابوور دروست بکەین، ئەوەیشی هەیە نۆژەنی بکەینەوە، بۆیە لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هێڵەکە دەگەیەنین بە تورکیا. ئێستا کارەکان بۆ دیاریکردنی خاڵی پێکەوەبەستن بەردەوامن و گفتوگۆکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوامن تاوەکو دواتر بە کردەیی دەست بە کارەکان بکرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسنینی عێراق، گوتیشی: "دوای دەستکردن بە کارەکانی بەندەری فاو ئێستا زیاتر پێویستمان بەوەیە هێڵە ئاسنینەکان گەشە پێبدەین بۆ ئەوەی لە رێگەی تورکیاوە بگەنە ئەوروپا و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیتاڵیدا دەدرێت کە کاریان دیزاینە".

تاڵیب جەواد ئاشکرایشی کرد، هێڵی هەولێر - فاو و تۆڕی ئاسنینی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکان، گوتیشی: "کار بۆ کاراکردنەوەی هێڵی ئاسنین دەکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا ئەوەش بایەخێکی ئابووری زۆری هەیە و هەروەها جموجۆڵ دەخاتە کەرتی بازرگانی و گەشتوگوزارییەوە".

هێڵە ئاسنینەکە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو دروست دەکرێت، هەموو پارێزگاکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هاتن و چوون دەبێت، پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش بەو هێڵە ئاسنینە دەبەسترێنەوە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو: "وەزارەت لە رێگەی هاریکاری نێودەوڵەتی یاخود قەرز و وەبەرهێنانەوە پڕۆژەکانی تەواودەکات، چونکە ئەو بڕە پارەیەی لەبودجەدا دانراوە بەشی هەموو ئەوانە ناکات جێبەجێبکرێت".