بریار وایە ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئابی 2022، چوارچێوەی هەماهەنگی خۆپیشاندانێك لە ژێر ناوی (پشتیوانی لە شەرعیەت و پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت) بکات، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەی ئامادەکاری خۆپیشاندانەکە چەند ڕێنمایيەکی دەرکرد.
بەپێی ئەو رێنماییانە كە (باسنیوز) لە ژمارەیەك پێگە و ماڵپەڕی نزیك لە لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی كەوتووە، شوێنی خۆپیشاندانەكە لەسەر ئەو شەقامەیە كە بەرەو پردە هەڵواسراوەكە دەچێت (پردێكە دەكەوێتە سەر ڕووباری دیجلە لە ناوەڕاستی بەغدا و ساڵی 1964 لە لایەن كۆمپانیایەكی بەلجیكییەوە دروست كراوە) و كاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ خۆپیشاندانەكە دەست پێ دەكات.
بە گوتەی بانگەشەكارانی ئەو ڕێنماییانە، بانگەوازەکە گشتییە بۆ هەموو عێراقییەكان، تەنها بۆ ڕێكخراوەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی نییە و دروشمی خۆپیشاندانەکەش بەرگریکردنە لە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان و گوایە لە دژی هیج کەسێکی دیاریکراو و گرووپێك نییە.
هاوكات هۆشدارییان لەوە داوە كە “چوونەژوورەوە بۆ نێو ناوچەی سەوز قەدەغەیە و چاوەڕوانی رێنماییەکان بن” كە لەوە دەچێت ئەم خاڵەیان بۆ ئەگەری ڕوودانی بەریەككەوتن بێت لەگەڵ لایەنگرانی رەوتی سەدر.
داواش كراوە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بکەن و لە پێکدادان لەگەڵیان خۆیان بپارێزن. هەروەها بە پێویست زانراوە ئاڵای عێراق و حوسەینی و هۆزەکان هەڵبگرن و ماسكی پزیشكی ببەستن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە چاودێران ترسیان لەوە هەیە، ئەم خۆپیشاندانە ببێتە هۆی ڕوودانی بەریەككەوتن و پێكدادان لە نێوان لایەنگرانی هەردوو بەرە، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی چەند ڕۆژێكە لایەنگرانی رەوتی سەدر دەستیان بەسەر ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەختی عێراقدا گرتووە.