شارەزایەکی ئەمریکی: یان ئۆكراینا لە نەخشە دەسڕێتەوە، یان جەنگی سێیەمی جیهانی دەست پێ دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شارەزایەکی ئەمریکی: یان ئۆكراینا لە نەخشە دەسڕێتەوە، یان جەنگی سێیەمی جیهانی دەست پێ دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 1/8/2022، جێڤری ساکس، ئابووریناسی ئەمەریکی هۆشداری دا لە مەترسییەکانی بارودۆخی ئۆکراینا و رای گەیاند، سەرەنجامی ئەم بارودۆخە یان دەبێتە هۆی سڕینەوەی ئۆكراینا لەسەر نەخشەی دونیا، یانیش جەنگی سێیەمی جیهانی بەرپا دەبێت.

چێفری ساکس، جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە تەنها یەک ڕێگا هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە سەربازییەكەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا، ئەویش ناتۆ دان بەوەدا بنێت، چیتر لەسەر حیسابی ئۆكراینا سنوورەكانی خۆی فراوان ناكات.

جەختیشی كردەوە كە ئەگەر ناتۆ ئەمە نەكات، ئەوا سەرەنجام ئۆكراینا لە نەخشەی دونیا دەسڕێتەوە.

ساکس، شارەزایەكی تایبەتمەندە بە بواری ئابووری و لە ناوەندە سیاسییەکان لە زۆربەی وڵاتاندا ناسراوە، لە ئەمریکای لاتین و ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا رۆڵی بینیوە و بە هەوڵەكانی لە بواری (ڕێکخستنەوەی ئابووری لەسەر بنەمای بازاڕ) ناوبانگی دەركردووە. هاوكات راوێژكارێكی دیاری بزووتنەوەی دژە کۆمۆنیستیی پۆڵەندا بووە و بەشداریی نووسینی یەکەم بەرنامەی ئابووریی حکومەتی پۆڵەنداشی كردووە لە دوای ڕووخانی کۆمۆنیزم.

بۆچوونەكانی جێڤری ساكس لە ئاستی دونیا بایەخیان پێ دەدرێت، بە تایبەتیش كە ئەو پێشتر وەك ڕاوێژكارێك بۆ چاكسازییە ئابوورییەكان لە یەكێتیی سۆڤیەتی جاران لە سەردەمی میكایل گۆرباتچۆڤ كاری كردووە، لە سەردەمی بۆریس یەلتسن، یەكەمین سەرۆكی ڕووسیاش لە دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەت لە ساڵانی نێوان 1991 - 1993 كاری كردووە.