شارەوانیی دهۆک ئاماری شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵی ڕاگەیاند کە 55 پڕۆژەیان جێبەجێ کردووە و چەند پڕۆژەیەکیشیان لە واری جێبەجێکردندان و ئەو پڕۆژانە بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار دینار جێبەجێ کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 1/8/2022، ئیسماعیل مستهفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''لە شەش مانگی ڕابردوودا لە دهۆک 55 پڕۆژە جێبەجێ کراون و چەند پڕۆژەیەکیش لە واری جێبەجێکردندان و بەردەوام لە دهۆک پڕۆژە دەخرێنە واری جێبەجێکردنەوە. ئەمساڵ کۆمەڵێک کار و چالاکی جێبەجێ کراون و زیاتر لە 900 گرێبەست بۆ فەرمانبەران نوێ کراونەتەوە و 330 چاوپێکەوتن کراوە و ڕووبەرێکی گەورەی ڕێگا چاک کراونەتەوە و قیر کراون و ڕۆژانە 465 تۆن زبڵ و پاشماوە لە دهۆک دەگوازرێتەوە بۆ کارگەی زبڵ لە کواشێ''.
ئاشکرایشی کرد: ''چەندین هەڵمەتی پاککردنەوەی شار بەڕێوە چوون و ڕۆژانە کاری پاککردنەوە دەکرێت و چەندین زێدەڕۆیی لادراون و چەندین دار چاندراون بۆ ئەوەی ڕووبەری کەسکایی لە دهۆک زیاتر بێت''.