لە پارێزگای دهۆک نرخی جووتێک بزن لە 15 دەفتەر دۆلار زیاترە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە پارێزگای دهۆک نرخی جووتێک بزن لە 15 دەفتەر دۆلار زیاترە

لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک کەسێک جووتێک بزنی نێر و مێ (بزنێک و نێرییەک) بەخێو دەکات کە بە گوتەی خۆی، بۆ ئەو جووتە بزنە 150 هەزار (15 دەفتەر) دۆلاریان پێ داوە و ڕازی نەبووە بیانفرۆشێت.

میرحاج جاف، خاوەنی ئەو جووتە بزنە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''ئەو بزنانە لە جۆری حیجازین و لە وڵاتی سعوودیە هەن، کڕین و هێنانیان بۆ هەرێمی کوردستان زەحمەتە و نرخیشیان گرانە، بەڵام من پاش ماندووبوونێکی زۆر ئەو بزنانەم هێنا بۆ هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ساڵێکە بەخێویان دەکەم. ئەو کاتەی کڕیمن تەمەنیان مانگێک بوو، بۆ ئەوەی بتوانم بیانهێنمە هەرێمی کوردستان سەرەتا بردمن بۆ ئیمارات و لەوێوە گواستمنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەر من لەو جۆرە بزنەم هەیە''.

خاوەنی جووتە بزنە گرانباییەکە گوتیشی: ''زۆر کەس هەوڵیان داوە ئەو بزنانەم لێ بکڕن، بەڵام من نەمفرۆشتوون، چونکە نرخی دوو جووت، واتا چوار سەر لەو بزنانە بە کرێی گواستنەوەیانەوە بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر لە 180 هەزار (18 دەفتەر) دۆلاری تێ دەچێت''.

ڕوونیشی کردەوە: ''کەسێک بۆ کڕینی جووتێک لەو بزنانە 15 دەفتەری پێ داوم و نەمداوە، کەسێکی دیکەش خەڵکی هەولێر بوو بۆ کڕینی گیسکێکی ئەو جۆرە بزنە سێ دەفتەر و مۆنیکایەکی پێ دام، بەڵام پێم نەفرۆشت''.

میرحاج جاف باسی لەوەش کرد کە ئەو جۆرە بزنە هەتا گوێی درێژتر بێت، نرخی گرانتر دەبێت و گوتیشی: ''ئامادە نیم بیانفرۆشم، چونکە بزنێکی سەیرە و منیش حەزم لە گیانەوەری سەیرە''.