بارودۆخی ئه‌منی به‌غدا شڵه‌ژاوه‌ و هۆشداریی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌درێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بارودۆخی ئه‌منی به‌غدا شڵه‌ژاوه‌ و هۆشداریی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌درێ

بارودۆخی ئه‌منی به‌غدای پایته‌ختی عێراق شڵه‌ژاوه‌ و هێزێكی زۆری سه‌ربازی و میلیشیاكان له‌ شه‌قام و رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی به‌غدا بڵاوه‌یان پێ كراوه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاند كه‌ خۆپێشاندان بۆ پاراستنی دامه‌زراوه‌ فه‌رمی و ده‌ستووریه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ دژایه‌تی خۆپێشانده‌رانی ناوچه‌ی سه‌وز و لایه‌نگرانی موقته‌دا سه‌در لێكده‌درێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری پێكدادان و گرژی زیاتری لێ ده‌كرێ.

میدیا عێراقییه‌كان له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌منی گواستوویانه‌ته‌وه‌ كه‌ فه‌رمانیان پێ كراوه‌ هیچ جۆره‌ توندوتیژییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ خۆپێشانده‌ران به‌كارنه‌هێنن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌و هێزانه‌ی له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان بڵاوه‌یان پێ كراوه‌، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپێشانده‌ران و داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانه‌، نه‌ك بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپێشانده‌ران.

به‌پێی زانیارییه‌كانی (باسنیوز)، سه‌رجه‌م هێزه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاه‌رته‌كانی به‌رگری و ناوخۆی عێراق، خراونه‌ته‌ حاڵه‌تی ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشی و له‌ راگه‌یاندراوێكدا وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق رایگه‌یاند: " سوپا له‌م بارودۆخه‌ی عێراقدا بێ لایه‌ن ده‌بێت".

هاوكات میلیشیاكانی سه‌رایا سه‌لام و حزبوڵای عێراقی و عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق و چه‌ندانی تر، كه‌وتوونه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشی و چه‌كداره‌كانیان له‌ چه‌ند شوێنێكی به‌غدا بۆ چه‌كی قورس و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی ده‌بیندرێن، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ كاتێكدان كه‌ لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی چه‌ند گرته‌ ڤیدیۆیه‌كیان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ خۆپێشاندان و هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ی په‌لاماردان و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر شوێنی مسته‌فا كازمی و راوێژكاره‌كانی ده‌كه‌ن.

چاودێرانی سیاسی و سه‌ربازی پێیان وایه‌، ئه‌م بارودۆخه‌ی عێراق زۆر به‌رده‌وام نابێت ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له‌ و گفتوگۆ و رێككه‌وتن نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌، ئه‌وا بارودۆخی ئه‌منی عێراق و به‌غدای پایته‌خی ده‌ته‌قێته‌وه‌ و عێراق رووبه‌ڕووی شه‌ڕی ناوخۆیی و چاره‌نووسێكی نادیار ده‌بێته‌وه‌.