گەڕانەوەی ٸەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 31/07/2022

گەڕانەوەی ٸەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

زنجیرە سەردانەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ٸەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ٢٠٢٢دا، كە سەرەتا لە ٸیسراٸیلەوە دەستی پێکرد و دوا وێستگەی سەردانەکەشی بە بەجێھشتنی عەرەبستانی سعوودیە، کۆتایی بە سەردانەکەی ھێنا. بە پشتبەستن بە شیکەرەوەی شرۆڤەکاران و گەڕانەوە بۆ لێدوان و بەیاننامە ڕاگەیەنراوەکان، جا لەلایەن ٸەمریکا، یانیش لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە بڵاو کرابنەوە، ھەروەھا کاتێک گوتەکانی ئەم دواییە و گوتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا سەیر دەکەین، ٸەوەی لێ بەدی دەکرێت کە ٸامانجە سەرەکییەکانی ٸەمریکا ٸەم چەند ھۆکارە لەخۆ دەگرێت:

یەکەم- گرنگترین هۆکار ئەوەیە، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، بەتایبەت سعوودیە، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن و گۆڕانکاریی جۆراوجۆر بكەن، كە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا بێت لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ٸاستی جیھانیشدا، چونکە یەکێک لەو بوارانەی، کە ئەمریکییەکان زۆرترین داهاتی تیادا خەرج دەکەن، خەرجی سووتەمەنییە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر نرخی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخەکان بە ڕێژەی زیاتر لە 60%، بووەتە هۆی ئەوەی رەخنەی توند لە جۆ بایدن بگیرێت. هەرچەند سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار باسی لەوە کردووە کە رووسیا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییە، بەڵام بەو گوتانە نەیتوانیوە باوەڕ بە خەڵک بهێنێت. بۆیە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە وڵاتە هەرە گرنگەکانی بەرهەمهێنی نەوتن، گرنگە.
بەهۆی دەستپێکردن بە دانوستانەکان و زیادبوونی خستنەڕووی نەوت بەر لە سەردانەکەی سەرۆکی ٸەمریکا بۆ ناوچەکە، نرخی خاوی برێنت کە گەیشتبووە 120 دۆلار، بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی. سەقامگیریی نرخی نەوت، کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی هەڵئاوسانی ئابووری لە ئەمریکا.

دووەم- دەستەبەکردن و سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی وزە و ٸاسایشەوە، ٸەم تەوەرە لە ناونیشانی لوتکەی جەددەش ڕەنگی دایەوە، کە لەژێر ناونیشانی (ٸاسایش و گەشەپێدان)دا بوو، وەک ٸاماژەیەک بۆ سەقامگیریی بازاڕی وزە و دەستەبەکردنی ٸاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕووبەڕووبوونەوەی بیر و ھزری توندڕەوی و تیرۆر کە مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر بازاڕی وزە دروست دەکات.

سێیەم- ٸامانجێکی دیکەی پرسی پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ فەڵەستین و جیهانی عەرەبی، لەمیانەی سەردانەکەی جۆ بایدن بۆ ناوچەکە کە سەرەتا سەردانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند کە ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی رەمزی لە سەنتەری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکادایە. هەروەها کۆبوونەوەی لەگەڵ مەحموود عەباس (سەرۆکی فەڵەستین) لە کەناری رۆژئاوا، گرنگییەکی زۆری بۆ پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین هەیە.

چاوەڕوان دەکرێت هەنگاو بنرێت بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لە چوارچێوەی (رێککەوتنی ئەبراهام)ەوە. سەردانی جۆ بایدن لە ئیسرائیلەوە راستەوخۆ بۆ شاری جەددەی سعوودیە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەم دۆخە؛ جۆ بایدن دەیەوێت گوشار بخاتە سەر ئیدارەی ریاز، بۆ راگەیاندنی ئاساییبوونەوە. جۆ بایدن بە دەربڕینی ئەوەی کە لە زۆر پرسدا لە ترەمپ جیاوازە، سەبارەت بە سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سیاسەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ جیهانی عەرەبی.

چوارەم- دووپاتکردنەوەی گرنگیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتی عەرەبستانی سعوودیە، بەردەوام لە گەشەپێدان و پێشڤەچووندا بێت و بە ھیچ جۆرێک ڕێڕەی ٸەو پەیوەندییانە بە ٸاراستەی نەرێنی نەچن، بەڵکوو بەردەوام پێویستیان بە پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوە ھەیە، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ٸەمریکا لە ناوچەکەدا. یەکێک لە پرسە هەرە گرنگە و سەرنجڕاکێشەکانیش لەم سەردانەدا ئەوەیە، کە ئایا سعوودیە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیەنێت یان نا. ئەگەر ئەمە روو بدات، ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو ئیمتیازێکی گرنگی بە ئیدارەی سعوودیە داوە.

پێنجه‌م- ٸامانجێکی دیکەی ٸەمریکا لە گەڕانەوەی بۆ ناوچەکە، خۆی له‌ رێگرتن له‌ چین و رووسیا له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كەدا ‌دەبینێتەوە‌. لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، روونە کە چین بەشدارییەکانی لە رووی ئابووری و رووسیا لە رووی ئاسایشەوە زیاد کردووە. ٸەمریکا دەیەوێت چین و رووسیا کەمتر سوود لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرن، بەڵام زۆر قورسە باس لە پلانێکی بەرجەستە بکرێت بۆ ئەمە.