سەلاحولدین بەھائولدین، هێندەی كۆرۆنا لە سیاسەت دەزانێت!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 31/07/2022

سەلاحولدین بەھائولدین، هێندەی كۆرۆنا لە سیاسەت دەزانێت!

(درەنگ یان زوو بارودۆخی ئێستای عێراق، ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە!) ئەمە قسەی مامۆستا سەلاحولدین بەھائولدینی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە. ئەم مامۆستا سەلاحولدینە و ئەوانەی وەك ئەو بیر دەكەنەوە، ئەوە یەكەم جاریان نییە، كە ئەگەر لە ھەر شوێنێكی دنیادا خۆپیشاندانێك ببێت و خۆپیشاندەران لەو شوێنەدا ھەر داواكارییەكیان ھەبێت، ئەمیش لەجیاتی ئەوەی ورد ئەو خۆپیشاندانانە لەو شوێنانەدا ھەڵبسەنگێنێت، كە خۆپیشاندانەكانی تێدا ڕوو دەدەن، كەچی دێت و زرم و كوت لە ھەرێمی كوردستان دەدات و حەز و ئارەزووی خۆی دەخاتە شوێنی ھەلومەرجە بابەتی و خۆییەكانی ئەو شوێنانەی كە ئەو خۆپیشاندانانەی تێدا ڕوو دەدەن.

ئەم مامۆستا سەلاحولدینە و ئەوانەی وەك ئەو بیر دەكەنەوە، كە لە ساڵی 2010 و 2011دا خۆپیشاندانەكانی تونس و میسڕ ڕوویان دا (ئەوەی ناویان نابوو بەھاری عەرەبی)! بێ گوێدانە لێكدانەوە و ھەڵسەنگاندنی واقیعیيانە و بابەتیيانەی ھەلومەرجی ئەو دوو وڵاتە و جیاوازییان لەگەڵ كوردستاندا، ھەستان ھانی خەڵكی كوردستانیان دا، بۆ ئەوەی دژی داوودەزگا دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، ھەر وەك ئیخوانەكانی میسڕ و تونس خۆپیشاندان بكەن.

ھەر ئەو كاتانە و زۆر پێش ئەوەی كە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011ی بەردەركی سەرای سلێمانی ڕوو بدات، وتارێكم نووسی و گوتم: ”ھەرێمی كوردستان، تونس و میسڕ نییە و ئەگەر بەتەمای ئەوە بن لە ھەرێمی كوردستان لاسایی كوێرانەی تونس و میسڕ بكەنەوە، كارێكی ھەڵە دەكەن و ھیچتان بە ھیچ نابێت“ بەڵام ئەوان چونكە لە مەرجەعەكەی خۆیان لە قاھیرەوە دنە درابوون، ھاتن و لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵكی تردا، سواری سەری خۆیان بوون و 63 ڕۆژ لە سلێمانی خۆپیشاندنیان كرد و دوای كۆمەڵێك بەردەفڕكێ و ھەڵكوتانە سەر ھەندێك مۆڵ و بازاڕ، فیعلەن ھیچیان بە ھیچ نەكرد و دواتر ھەر ھەموویان ھاتنەوە ناو ئەو پەرلەمان و ئەو حكوومەتەی كە ئەوان لە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا داوای ڕووخاندنیان دەكرد و ئنجاش شەڕیان بوو لەسەر ئەوەی، چەند وەزارەت و چ جۆرە وەزارەتێكیان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بەر بكەوێت و لیستی چەند ناوی كادیرانی خۆیان بۆ مووچەی خانەنشینی پێشكەشی حكوومەت بكەن.

ئەمەشیان لەبەر ئەوە بوو، چونكە محەمەد مورسییەكەیان لە میسڕ كۆتایی پێ ھات و ڕاشد ئەلغەنووشییەكەشیان لە تونس گڵۆڵەی كەوتبووە لێژی، ئەو تونسەی، كە ئێستا قەیس سەعیدی سەركۆمار، ڕاشد ئەلغەنووشیی ئیخوانی كردووەتە كونەوە! بەڵام پێدەچێت ھێشتا مامۆستا سەلاحولدین بەھائولدین دەرسی لە ھەڵەكانی ساڵی 2011 وەرنەگرتبێت، كە ئەوكاتیش كوردستانی دەشوبھاند بە میسڕ و تونس، چونكە ئەوەتا ئێستاش ھەرێمی كوردستان دەشوبھێنێت بە بەغدا و دەڵێت: ”درەنگ یان زوو، بارودۆخی ئێستای عێراق، ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە!“ ئیتر بەبێ ئەوەی پێمان بڵێت، كێ لە ھەرێمی كوردستان موقتەدا سەدرە و كێی تریش چوارچێوەی ھاوئاھەنگیی شیعەكانە و مامۆستا سەلاحولدین بەھائولدینیش لە كام بەرەدایە؟

كە لەو لێدوانەی مامۆستا سەلاحولدین بەھائولدین ورد بوومەوە، ئەو لێدوانەیم ھاتەوە بیر كە لە مانگی 3ی ساڵی 2020 و لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا گوتی: ”ڤایرۆسی كۆرۆنا جوندیی خودایە!“ ئەوە پێش ئەوە بوو كە ڤاكسینی دژی ئەو ڤایرۆسە بدۆزرێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی كە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دۆزرایەوە و بەشێكی زۆری لەو جوندییانە كوشت! ئیتر سەلاحولدین بەھائولدین لەسەر كۆرۆنا قسەی نەكردەوە! بۆیە ناچارم بڵێم، سەلاحولدین بەھائولدین ھەر بەقەدەر كۆرۆنا لە سیاسەت دەزانێت!