ئایندەی ئابووریی کوردستان لەنێوان نەوت و وەبەرهێناندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
کاروان زاھیر سابیر 31/07/2022

ئایندەی ئابووریی کوردستان لەنێوان نەوت و وەبەرهێناندا

لە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی فراوان بۆ بەرهەمهێنان هەیە لە بوارەکانی کشتوکاڵ، گواستنەوە، بازرگانی، پیشەسازی و بنیاتنانی ژێرخانێکی تۆکمە، کە وەبەرهێنەران دەتوانن ڕۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن، بۆ پێشخستنی ئابووریی وڵات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵانی 2000وە بە هاوکاریی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، دەستی بە وەبەرهێنان لە ژێرخانی نەوت و غازدا کرد، توانیی نەوتەکەی هەناردەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بکات، هەروەها هەوڵی بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبای ناوخۆیی داوە، بەڵام دەکرێت بڵێین، لەم دواییانەدا بۆ دابینکردنی داهاتی گشتی زیاتر پشتی بە سێکتەری (نەوت) بەستووە، ئەمە سەرەڕای لێکەوتەی چەندین کێشە و گیروگرفت، لە رووی یاسایی و ئابووری و سیاسی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ (بەغدا)، کە وا دەکات رێگر بێت لە بەدیهێنانی زۆربەی ئامانجە ئابووری و سیاسییەکانی پشت هەوڵی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵکوو هەوڵەکانی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاریگەریی پێچەوانەی هەبووە، بەڵام ئەمە کۆتایی ڕێگاکە نییە، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان هێشتا ئەو دەرفەتەی دەپارێزێت، بۆ ئەوەی سوود لە سەرچاوە ئابوورییەکانی وەربگرێت، لەپێناو گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی.

لە لایەکی ترەوە، دەکرێ بڵێین لە ٣٠ اسلی رابردوودا حکوومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە وەک پێویست بەرنامەیەکی ئابووریی باش بۆ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان و گەشەی کشتوکاڵی دابڕێژێت. لەکاتێکدا ئەم ناوچەیە سەردەمانێک بە سەبەتەی نانی میزۆپۆتامیا دادەنرا. ئەمەش بەهۆی چەندین هۆکاری نەرێنیی کەرتی کشتوکاڵ كەمتر بەرهەمدار بووە:

یەکەم- بەهۆی ئەو لەناوچوونەی، کە لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێندا تووشی بووە و ئێستاش بەهۆی زیاتر بازرگانیی قازانجبەخشی نەوت و خانووبەرە، کەرتی کشتوکاڵ تا رادەیەک فەرامۆش کراوە. هەرچەندە هەرێمی كوردستان شانازی بە بڕێکی زۆر زەویی کشتوکاڵ و بەپیتی دەکات، بەڵام لەڕاستیدا ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان زۆربەی بەرهەمە خۆراکییەکانی لە تورکیا و ئێرانی دراوسێ هاوردە دەکات، سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی لەبەردەستدایە.

بە گوتەی بەرپرسانی تورکیا، ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بایی نزیکەی 7 ملیار دۆلار کاڵای هاوردە کردووە، زۆربەی ئەو کاڵایانەش خۆراک بووە. ئەمە بۆ ئێرانیش هەر راستە، چونکە بڕێکی زۆر ئاژەڵ و کاڵای هەناردەی هەرێمی کوردستان کردووە. لەکاتێکدا ئێمە کشتوکاڵی باشمان هەیە، کە بە پشتبەستن بە سیاسەتێکی تۆکمەی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەتوانرێت پەرەی پێ بدرێت، هەروەها بە پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و پشتگیریکردنی جووتیارەكانمان بە پێدانی ئەو پێداویستییانەی کەوا پێویستن بۆ زیاترکرنی بەرهەمی کشتوکاڵ و دابینکردنی تەکنەلۆژیا مۆدێرنی کشتوکاڵی و سنووردارکردنی هاوردەکردن، کە زیان بە بەدەستهێنانی خۆبژێوی دەگەیەنێت، چونکە ئێستا زیاتر لە 80%ی بەرهەمە بنەڕەتییەکانی هەرێم هاوردە دەکرێن و سنوورێکی کراوە بووەتە هۆی ئەوەی هەرێم ببێتە بازاڕێک بۆ کاڵای بیانی و زۆرجاریش بەرهەمی ناستاندارد و ناتەندروست.

کەرتی گەشتیاری

كولتووری گەشتیاری لەسەر بنەمای زۆرێک لە شوێنە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان پۆتانشێلێکی گەورە پێشکەش دەکات نەک تەنیا بۆ داهات، بەڵکوو ناساندنی هەرێمی كوردستان بە وەبەرهێنەران و گەشتیاران لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان. میراتی کولتووری قەڵای هەولێر دەبێت بەردی بناغەی ستراتیژی پەرەپێدانی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بێت، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی قەڵاکە و ماستەرپلانی پێشنیارکراوی یونسکۆ بۆ قەڵاکە. هەروەها دەتوانرێت توانا و کاریگەریی وەزارەتی گەشتوگوزار بە خێراکردنی گەشەپێدانی گەشتیاری کەرتی تایبەت بەرز بکرێتەوە. گەشتیارانی کەرتی تایبەت دەستیان کردووە بە هێنانی گەشتیار بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە جیا جیاکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە کاری زیاتر بکرێت لەسەر گەشتیارانی بیانی بۆ پێشکەوتنی ئەم کەرتە.

کەرتی پیشەسازی

لە لایەکی ترەوە بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستاندا بە بازرگانیە خێزانییە بچووکەکان تایبەتمەندە، کە نزیکەی تەنیا خزمەت بە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکەن. لە کاتێک ئەو کەرتە پیشەسازییە دەتواندرێت گەشەی پێبکرێت ئەگەر ڕێگەی پێبدرێت ڕێڕەوێکی سروشتیی گەشەسەندنی ئابووری پەیڕەو بکات، کەرتی بازرگانی دەتوانێت کەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە ڕابکێشێت.

بۆ سودوەرگرتن لەو دەرفەتانە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی وەبەرهێنان بکات لە تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنان. لەگەڵ ئەوەشدا بانکەکان لە هەرێم ڕۆڵێکی سنوورداریان هەیە لە مامەڵە بازرگانییەکان، لە ئەنجامدا، لە گەشەسەندنی ئابووریدا. ئەم پشتبەستنە زۆرە بە پارەی نەختینە دەرفەتەکان بۆ فراوانبوونی ئابووری سنووردار دەکات. بۆیە سیستەمێکی بانکیی کارا پێویستە. چونکە نەبوونی متمانە بە کەرتی بانکی فاکتەرێکی ترە بۆ گەشەنەکردنی ئەو کەرتە، بۆیە هەموو هەوڵەکانی چاکسازی کەرتی بانکی پێویستە دامەزراندنی متمانە بکاتە ئەولەویەت.