بەردەڕەش.. بەردێکی شوێنەواریی سەردەمی ئاشوورییەکان دۆزرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەردەڕەش.. بەردێکی شوێنەواریی سەردەمی ئاشوورییەکان دۆزرایەوە

ئەمڕۆ لە کاتی کارکردن لە كێڵگەیەکی پەتاتە لە گوندێکی سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش، بەردێکی شوێنەواریی سەردەمی ئاشوورییەکان، کە بە خەتی بزماری (مێخی / مسماری) لەسەری نووسراوە، دۆزرایەوە.

 شوێنەوارناس، عومەر حوسێن شەریف، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن جووتیارێکەوە ئاگادار کراینەوە كە بەردێکی شوێنەواری لەناو زەوییەکی كشتوکاڵی دەركەوتووە، کە لە گوندی تۆبزاوای سەر بە ناحیەی ڕوڤیە لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش پەتاتەی لێ چێنرابوو.

گوتیشی: ''دوای سەردانمان بۆ ئەو شوێنە بۆمان دەرکەوت، کە بەردێکی شوێنەواریی مێژووییە، بەپێی لێکۆڵینە سەرەتاییەکان، ئەم بەردە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان، کە دوو هەزار ساڵ پێش زایین لەو ناوچەیە حوکمیان کردووە''.

 گوتیشی: “ئەم بەردە بە خەتی بزماری (مێخی / مسماری) لەسەری نووسراوە و شێوەکەی چوارگۆشەیە و کێشی نزیکەی دوو تۆن دەبێت”.

ڕایشیگەیاند: هێمای خواوەندی ئانۆ، خواوەندی ئاسمانی لەسەر نەخشێنراوە.

 گوتیشی: “بەهۆی کێڵانی زەوییەوە لە هەندێک شوێن زیانی بەر کەوتووە، بەڵام زیانەکان زۆر نین”.

 باسی لەوەش کرد کە بەردەکەیان گواستووەتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ، بۆ ئەوەی زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بپارێزرێت.

ئەو شوێنەوارناسە ڕایشیگەیاند: “ناوچەی بەردەڕەش و گۆرانەتی لە ڕووی شوێنەوارییەوە زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانگەیەکی شوێنەواری لە قەزای بەردەڕەش، ئەم لایەنە فەرامۆش کراوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەشی شوێنەوار و کەلەپوور لە شارۆچکەی بەردەڕەش بکاتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بەم کەرتە بدرێت، چونکە لەڕووی شوێنەوارییەوە تاکوو ئێستا ئێمە سەر بە شارۆچکەی ئاکرێین”.