ئەردۆغان لەپێناو مانەوەی خۆی هانا بۆ سیستەمی مۆتێلی گونەیش دەبات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەردۆغان لەپێناو مانەوەی خۆی هانا بۆ سیستەمی مۆتێلی گونەیش دەبات؟

تاوەكوو ئێستا، یەكلایی نەبووەتەوە كە توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، یان ناچێت، ئەو پرسە پەیوەستە بەوەی کە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، ڕێگە لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بگرێت، بەو هۆیەی کە بۆی نییە سێیەم جار خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەربژێر بكات، ئەوكات توركیا دەچێتە ناو هەڵبژرادنی پێشوەختەوە.

ئەردۆغان، دوو جار خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا بەربژێر كردووە، جارێك لە سیستەمی پەرلەمانی و جارێكیش لە سیستەمی سەرۆكایەتی، ئەو پرسەی یاساناسان و دەستوورناسانی توركیای بۆ سەر دوو بەرە دابەش كردووە.

بەرەیەكیان پێی وایە، ئەردۆغان بۆی هەیە سێیەم جار خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەربژێر بكات، چونكە جارێك لە سیستەمی پەرلەمانی سەركۆمار بووە، ئەو سیستەمە لە توركیا كۆتایی پێ هاتووە و بەگوێرەی دەستووری هەمواركراو، هیچ كەسێك بۆی نییە لە دوو جار زیاتر خۆی بەربژێر بكات، ئەردۆغانیش لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا یەك جار خۆی بەربژێر كردووە و ئەگەر ئەم جارەش بەربژێر بێت دەكاتە دوو جار.

بەڵام بۆچوونێكی تر هەیە كە لە دەستووری هەمواركراودا، باس لەوە نەكراوە ئەو كەسەی خۆی بەربژێر دەكات، لە سیستەمی كۆماریدا دوو جار بۆی هەیە، بەڵكوو لە هەر سیستەمێك خۆی بەربژێر كردبێت بۆی حیساب دەكرێت.

توركیا لە 2023 دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، چەند مانگێك بەر لەو ڕێکەوتە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا، ئەو پرسە یەكلایی دەكاتەوە.

ئەگەر كۆمسیۆن بڕیار بدات، كە ئەردۆغان بۆی نییە بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكات، ئەوكات توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە ئەردۆغان هیچ چارەیەكی نابێت و تاكە ڕێگە بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

بەگوێرەی دەستووری توركیا، ئەگەر سەركۆماری توركیا، دوو جار خۆی بەربژێر كردبوو، بەڵام لە خولی دووەمدا و چەند مانگێك بەر لە كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی، توركیا چووە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئەوكات خولی دووەمی بۆ حیساب ناكرێت، واتە بۆی هەیە سێبارە خۆی بەربژێر بكاتەوە.

ڕۆژنامەی (قەرار)ی توركیا دەڵێت، لە ئەگەری ئەوەی ڕێگە بە ئەردۆغان نەدرێت بۆ سێیەم جار خۆی بەربژێر بكات، ئەردۆغان سیستەمی مۆتێلی گونەیش بەكار دەهێنێت.

توركیا چۆن دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە؟

ئەردۆغان، بۆ ئەوەی توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، پێویستی بە 360 دەنگی بەڵێی پەرلەمانتاران هەیە، لە كۆی 600 كورسیی پەرلەمان.

دەنگەكانی ئاكەپە و مەهەپە و بەبەپە، دەگاتە 335 كورسی، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت بەو ڕێژە دەنگەی ناو پەرلەمان توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

بۆیە دەبێت ڕوو لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بكات، ئەویش (جەهەپە، پارتی باش، هەدەپە)، هەر یەكێك لەو پارتانە پشتگیری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، ئەردۆغان دەتوانێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

بەڵام وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئەو سێ پارتە دژی ئەوەن ئەردۆغان ببێتەوە بە سەركۆمار، ئەوان بەربژێری خۆیان هەیە، بۆیە ئەگەر كۆمسیۆن ڕێگە لە ئەردۆغان بگرێت كە بۆ سێیەم جار نەبێتەوە بەربژێری سەرۆكایەتی، ئەوكات پۆستی سەركۆماری توركیا بۆ بەربژێری ئۆپۆزسیۆن مسۆگەر دەبێت، بۆیە بە هیچ شێوەیەك پشتگیری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكەن، مەگین لە ئەگەری ڕێگەگرتن لە خۆبەربژێركردنەوەی ئەردۆغان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵاوە.

تاكە ڕێگە لەبەردەم ئەردۆغان، گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی مۆتێلی گونەیش.

سیستەمی مۆتێلی گونەیش چییە؟

مۆتێلی گونەیش، وەكوو سیستەم، سیستەمێكی یاسایی و دەستووری نییە، بەڵكوو ناوەكەی لەو شوێنە وەرگیراوە كە كۆبوونەوەی بەرپرسانی تێدا كراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

لە ساڵی 1977، جەهەپە، بە سەرۆكایەتیی بولەنت ئەجەویت، توانیی لە هەڵبژاردندا 231 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت، بەڵام هەر نەیتوانی بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێت، بۆیە ڕووی لە پارتەكەی سولەیمان دەمیرال كرد، ئەویش پارتی عەدالەت بوو.

دوای كۆبوونەوەی نێوان ئەجەویت و دەمیرال، نەگەیشتنە ڕێككەوتن، بۆیە ئەجەویت لە ئیستانبوڵ و لە مۆتێلی گونەیش، لەگەڵ 12 پەرلەمانتاری پارتی عەدالەت كۆ بووەوە و بەڵێنی پێ دان كە ئەگەر واز لە پارتەكەیان بهێنن و بێنە ناو جەهەپەوە، حكوومەت پێك دەهێنن و پێویستیان بە هیچ پارتێك نابێت، لە بەرامبەردا، ئەویش لەناو حكوومەتدا پۆستی وەزیر و وەكیل وەزیریان پێ دەدات و پلانەكەش سەری گرت و جەهەپە حكوومەتی پێك هێنا.

دەكرێت بڵێین، سیستەمی مۆتێلی گونەیش، مامەڵەیەكە لە نێوان پارتی براوە، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكدا تا بە پارە و پۆست بیانكڕن و ببنە زۆرینە و حكوومەت بگرنە دەست.

ئەگەر بێت و ئەردۆغان هیچ چارەیەكی نەبێت و نەتوانێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئەوكات پەنا بۆ مۆتێلی گونەیش دەبات.

ئەگەر هاوكێشەی سیاسیی توركیا گەیشتە ئەو ڕۆژە، پێویستە هەدەپە بەباشی بیری لێ بكاتەوە، نەك وەكوو پێشووتر دژی سیستەمی سەرۆكایەتیی بوەستێتەوە، کە ئەوكات ئەردۆغان ناچار كرا دەست بخاتە ناو دەستی توركە نەژادپەرستەكانی وەكوو مەهەپەوە.