ئامێری ئاودێری بە قیستی درێژخایەن بۆ جووتیاران دابین دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئامێری ئاودێری بە قیستی درێژخایەن بۆ جووتیاران دابین دەکرێت

 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رای دەگەیەنێت، کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەم دوو ساڵەدا بە روونی دیارە، بۆیە لەسەرەتاوە راپۆرتمان لەسەر ئەم پرسە ئامادەکرد و کۆبوونەوەشمان ئەنجامدا، تەواوکردنی بەنداوەکان بەشێکن لە پرسەکە.

حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: دوو ساڵە وشکەساڵی هەیە و کاریگەرییەکانی بەهۆی کەم بارانی و گۆڕانی کەش و هەواوە زیادبوون، بۆ کەمکردنەوەشی وەک وەزارەت راپۆرتمان ئامادەکرد و کۆبوونەوەمان لەسەر کرد، بەشێک لەوانە تایبەت کرا بە تەواوکردنی بەنداوەکان، لە ٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە کارکردن تێیاندا وەستابوو، هەروەها ژمارەیەک بەنداوی دیکەش خراوەتە بەرنامەوە بە شێوازی (پی پی) کە لەلایەن کەرتی گشتی و تایبەتەوە بەهاوبەشی دروست دەکرێت، لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان'.

هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی کشتووکاڵ گوتیشی: ٢٣ پۆند لەلایەن سەرۆکایەتی حکوومەتەوە بڕیاری دروستکردنی لێ دراوە و بوودجەی بۆ تەرخان کراوە، رێکاری یاسایی و ئیدارییەکانی بۆ گیراوەتەبەر تا دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت، هەروەها ژمارەیەک پرۆژەی ئاودێری کاری بۆ کراوە بۆ ئەوەی رەزامەندی بۆ وەربگیرێ تا سود لەسەرچاوە ئاوییەکان وەربگیرێت.

حوسێن حەمەکەریم دەڵێت: ٨٠%ی زەوییە کشتووکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان زەوی دەیمین، بۆ ئەوەی جنسی زەوییەکان بگۆڕین بۆ بەراو، دەبێت سیستمی ئاودێری بەکاربهێنین و کەمتر پشت بەبارانبارین ببەستین، رەنگە ئەوەش کاتێکی زۆری بوێت، تا بتوانین ئەو زەویانە لە ناوچە نامسۆگەر ٢٠٠ ملیم بارانی کەمترە و نیمچە مسۆگەر ٢٠٠ ملیم تا ٤٠٠ ملیم باران دەبارێت، بەڵام دەبێت هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی وشکەساڵی بەپشت بەستن بە بەکارهێنانی سیستمی ئاودێری نوێ بکەینەوە، رادەی بەفیڕۆدانی ئاویش کەم بکەینەوە، ئەوەش میکانیزمێکە کە وەزارەت هەوڵی بۆ دەدات.

ئاشکراشی کرد، بە بڕیارێک پرۆسەیەک بۆ دابینکردنی ئامێر بۆ جووتیارن لە جێبەجێکردندایە، بەشێک لەو ئامێرانەش سیستمی ئاودێری تێدایە، ئێستا لە رێی لێژنەیەکی پسپۆڕەوە کار لەسەر داواکاری ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت، کە دەیانەوێ ئامێری ئاودێری بێنن، بۆ ئەوەی کوالێتی باش بێت و بە قیستی درێژخایەن بە جووتیاران بدرێت.