كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەو باڵەخانەیەی لە ئامەد مێژوویەكی ڕەشی بۆ كورد هەیە

هەزاران كورد كوژران و گۆڕەكەشیان دیار نییە

گرتووخانەی ئامەد، وەكوو ترسناكترین گرتووخانە باس دەكرێت لە مێژووی توركیادا، بەتایبەت لە ساڵانی هەشتاكان و دوای كودەتاكەی كەنان ئێڤرەن. كورد مێژوویەكی زۆر خراپی لەگەڵ ئەو گرتووخانەیەدا هەیە، چونكە بە سەدان گەنجی كورد لەوێدا شەهید كراوە و لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی سپاردووە. ئەو گرتووخانەیە كراوە بە مۆزەخانە، تا نەوەكانی داهاتوو بزانن لەو شوێنەدا چۆن كورد كوژراوە و چۆن ئازاری ڕۆحی و گیانی دراون.

گرتوخانەی ئامەد وەكوو باڵەخانە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، دەكەوێتە ناوچەی سووری ئامەد، ئەو ناوچەیەش هەر كوچە و كۆڵان و شوێنێكی مێژووییە و لەلایەن یونسكۆشەوە وەكوو ناوچەیەكی مێژوویی ناوی تۆمار كراوە.

وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن و نایشارنەوە، گرتووخانەی ئامەد، وەكوو شوێنی دەزگای هەواڵگری بووە، لەوێدا دەیان گەنجی كورد ئەشكەنجە دراون و شەهید بوون، شوێنێك بووە كە جەندەرمەی توركیا، بە بەهانەی ئەوەی ڕووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە، بەبێ بڕیاری دادگا، سەدان گەنجی كوردی تێدا لەناو بردووە.

نەزاهەت بایباشی، یەكێكە لەو ئافرەتە كوردانەی، لە گرتوخانەی ئامەد بە زیندوویی ڕزگاری بووە، بەڵام كاتێك قسە بۆ ئاژانسی (DW) دەكات، سیمای ئەوەمان پێ دەڵێت لەو گرتووخانەیە شەڕێكی دەروونی زۆریان لەگەڵدا كردووە و لەڕووی فیزیكیشەوە جەستەی تەواو نییە.

وەكوو ئەوەی باسی دەكات، لەناو گرتوخانەكەدا، بەپێی پەتی تا بەیانی لەناو ئاودا زیندانییەكانیان هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی نەخۆش ببن و بمرن.

نەزاهەت دەڵێت: ”بیرمە یەكێك لە جەندەرمەكان بە یەكێك لە گیراوەكانی گوت، تەمەنی تۆ پێنج هەفتەی نەماوە، تەنیا پێنج ڕۆژی ماوە، بەو شێوەیە شەڕی دەروونییان لەگەڵدا دەكردین. ئێمە بە تۆمەتی ئەوەی توركیا بەرەو دابەشبوون دەبەین، دەستگیر كراین، ئەوانەشی بە سەیارەی (بەیاز تۆرۆس) دەهێنرانە ئێرە، هیچیان بە ساغی دەرنەچوون و هەموویان كوشتن''.

لە گرتووخانەی ئامەد، بەشێك لە زیندانیان بەساغی ڕزگاریان بوو، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەهاتوونەتە بەردەم كامیرا و قسە ناكەن تەنیا بەشێكی كەمیان نەبێت، هۆكارەیشی ئەوەیە، تووشی نەخۆشیی دەروونە بوونە و لەڕووی فیزیكییەوە تەواو نین.

ئەدیب پۆڵات، دوای كودەتای 1980، سێ ساڵ لە گرتووخانەی ئامەد زیندانی كراوە، ئەو، نووسەرە و بە ساغی لەو جەهەننەمەی گرتووخانەی ئامەد ڕزگاری بووە، وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات، نازانێت چۆن باسی ئەو ئەشكەنجەیە بكات كە لەگەڵ زیندانیان دەیانكرد.

پۆڵات، باس لەوە دەكات كە لە ژوورێكی یەك كەسیدا بووە، جاری وا هەبووە تا بەیانی ئەشكەنجەیان داون، نەك تەنیا ئەو، بەڵكوو هەموو ئەو كەسانەی كە دەیانهێنان و بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەكران، ئەشكەنجەیەكی بێویژدانانە دەدران.

ئەگەرچی پلان دانراوە گرتووخانەی ئامەد ببێتە مۆزەخانە، بەڵام حكوومەت هیچ ڕیكلام و ماركێتێنگێكی بۆ ناكات تا گەشتیار ڕووی تێ بكات، چونكە نایەوێت ئەو مێژووە ڕەش و عەیبەیە پێشانی بێگانە بدرێت، ئەمەش ئەو كەسانەی نیگەران كردووە كە لەوێ ڕۆژانێك ئازاریان چەشتووە و حەز دەكەن دەنگیان لەڕێگەی ئەو مۆزەخانەیەوە بەجیهان بگات.

وەكوو ئەوەی ئاشكرا بووە و باس دەكرێت، لە دەوروبەری ئەو گرتووخانەیە، ئیسكی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری ئەوكاتی توركیا، ڕێگەی نەداوە پشكنینی بۆ بكرێت، بۆیە نازانرێت ئاخۆ ئەو ئێسكانە هی ئەو زیندانیانەی ئامەدن، یان پێشووترن.

بەشێك لەو كەسایەتییە سیاسی و نووسەرانەی، لە ساڵانی نەوەدەكاندا دۆسیەیان لە دادگا دژی ئەو كەسانە كردەوە كە تۆمەتبارن بە كوشتنی سەدان كورد لە گرتووخانەی ئامەد، بە شێوەیەك لە شێوەكان كوژران و تیرۆر كران، یەكێك لەوانە مووسا عەنتەر، نووسەری دیاری باكووری كوردستان و چەندانی تریش.

ئەگەرچی حكوومەتی ئێستای توركیا، دان بەوەدا دەنێت كە لە هەشتاكاندا لە گرتووخانەی ئامەد زوڵمێكی زۆر لە كورد كراوە و پێشێلی مافیان كراوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا یەك كەس لەسەر ئەو زوڵم و تاوانە گەورەیە سزا نەدراوە، تەنانەت كەنان ئێڤرەن، كە كودەتای 1980ی ئەنجام دا و تۆمەتبارە بە كوشتنی سەدان كورد و دروستكەری ئەو گرتووخانەیەیە، تا مردیش لە ماڵەكەی خۆیدا پارێزگاری لێ كرا، بەهۆی تەمەنییەوە لە ماڵەوە زیندانی كرابوو.

لە 1999، حكوومەتی توركیا بڕیاری دا گرتووخانەی ئامەد نۆژەن بكاتەوە، بەڵام ئەوان مەبەستێكی تریان هەبوو، ئەویش سڕینەوەی هەموو پاشماوەكانی دەزگای هەواڵگری بوو، بە شێوەیەك نۆژەن كرایەوە، كە هیچ دەزگایەك نەتوانێت لەوێدا ئەشكەنجە و زوڵم و كوشتن بدۆزێتەوە، تەنانەت هەر كەسێكی كوشتبێتیان و لەوێ ناشبێتیان بە بەهانەی نۆژەنكردنەوە پاشماوەكەیان نەهێشت و لەناویان برد.