مالیكی چۆن لە شكۆی دەوڵەت تێگەیشتووە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 28/07/2022

مالیكی چۆن لە شكۆی دەوڵەت تێگەیشتووە؟

خۆی لەڕاستیدا شكۆ ھەستی پێدەكرێت، بەڵام پێناسە ناكرێت. بەڕێوەبەرێك لە فەرمانگەیەكدا بەبێ ئەوەی پێویستی بە سزای ھیچ یەكێك لە كارمەندەكان ھەبێت، تەنیا ئامادەبوون و دەركەوتن و سەرپەرشتیكردنی ئەو بەڕێوەبەرە لە فەرمانگەكەدا، بەسە بۆ ئەوەی كاری فەرمانگەكە بە ڕێك و پێكی بڕوات، چونكە ئەم شكۆیە لە كەسایەتیی ئەو بەڕێوەبەرەدا ھەیە، بەڵام بەڕێوەبەرێكی دیكە كارمەندەكانی سزاش دەدات، كەچی فەرمانگە و كاری فەرمانگەكەش ھەر پۆخڵەواتە! وەك نموونەیەكی زیندوو، ئەو كاتەی لە سلێمانی و لە قوتابخانەی ئەزمەڕی سەرەتایی كوڕان بووم، مامۆستایەكمان ھەبوو، تەنیا بە ھاتنە ناو پۆل، پۆل مت و بێدەنگ دەبوو، ھەموومان گوێمان لە وانەی مامۆستا دەگرت و ھیچ ھەستیشمان بە بێزاری نەدەكرد، ئەوە بەبێ ئەوەی ئەو مامۆستایە گرژ و مۆن بێت، یان یەك قسەی ناخۆش بە ھیچ قوتابییەك بڵێت، یان بۆ سزادانی قوتابی داری بەدەستەوە بێت. شكۆی ئەو مامۆستایە لە كەسایەتیی خۆیدا بوو، بۆیە پێویستی بە گرژومۆنی و بە قسەی ناخۆش و دار نەبوو! كەچی مامۆستایەكی دیكەیشمان ھەبوو گرژومۆن بوو، قسەی ناپەسەندیشی دەكرد و بەردەوام دارێكیشی بەدەستەوە بوو، بۆ ئەوەی سزای قوتابی پێ بدات، كەچی لەناو دەرسەكانیدا قوتابی بەدزییەوە چۆلەكە و ڕیشۆڵەی دەھێنایە ناو پۆل و ھەر لەسەرەتای وانەكەدا، كە مامۆستا ڕووی دەكردە تەختەی ڕەشی پۆل و دەینووسی، ئیتر چۆلەكە و ڕیشۆڵەیان بەرەڵای ناو پۆل دەكرد و بەمەش وانە تێكدەچوو، وانەكەمان دەبوو بە دەركردنی چۆلەكە و ڕیشۆڵە لە پۆل و دەبووە حەشرێك ھەر مەپرسە ! جارێكیان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ھاتە قوتابخانە و دەیویست بێتە دەرسی ئەو مامۆستایە، بەڵام پێش ئەوە مامۆستا ھاتە پۆل و گوتی ئەوە موفەتیش دێت، خۆ ھیچ سەگبابێك ڕیشۆڵەی پێ نییە ! ئنجا:

دوای خۆپیشاندانەكانی خۆپیشاندەرانی سەر بە ڕەوتی سەدر لە ناوچەی سەوز و چوونە ناو پەرلەمانی عێراقەوە، نووری مالیكی، خاوەن قسە جوانەكانی ناو تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكەی، وەك ئەوەی نە بای دیبێ و نە باران، دەڵێت ( پێویستە حکوومەت هەموو رێگەیەکی یاسایی بەکار بهێنێت، بۆ رێگرتن لە هێرشکردنە سەر شکۆی دەوڵەت و دامەزراوەکانی) سەیرە:

1 - مالیكی لە بەشێك لە تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكەیدا دەڵێت، قۆناغی داھاتوو قۆناغی شەڕە! كەچی باسی ڕێگەی یاسایی! دەكات، بۆ پاراستنی شكۆی دەوڵەت.

2 - ئەوكاتەی كە سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق بوو، بە پیلانی ئاغاكانی ئەودیو سنووری عێراق، سێیەكی خاكی عێراقی دایە دەست داعش، كەچی باسی پاراستنی شكۆی دەوڵەت دەكات. یەعنی كە سێیەكی خاكی عێراق رادەستی داعش بكەیت، شكۆی دەوڵەت بەمە ناشكێت، بەڵام ئەگەر خۆپیشاندەران بچنە ناو پەرلەمان، بەمە شكۆی دەوڵەت دەشكێت، لەكاتێكدا 73 كورسیی ئەو پەرلەمانە ھی ئەوانەن، كە چوونە ناو پەرلەمان!

3 - ئەو كاتەی مالیكی سەرۆكوەزیران بووە، ڕۆژانە پارەی 200 ھەزار بەرمیل نەوتی دزیوە و لایداوە بۆ خۆی و ئاغاكانی خۆی لەودیو سنوور، شكۆی دەوڵەت بەمە ناشكێت و نەشكاوە! بەڵام شكۆی دەوڵەت بەوە دەشكێت، كە خۆپیشاندەران بچنە ناو بینای پەرلەمان، لەكاتێكدا 73 كورسیی ئەو پەرلەمانە ھی ئەوانەن، كە چوونە ناو پەرلەمان!

4 - لای مالیكی شكۆی دەوڵەت بەوە ناشكێت، كە زۆرینەی دەنگدەرانی 73 كورسیی پەرلەمان، جگە لە بەشێكی بەرچاوی دەنگدەرانی خۆیشیان بێ ئیش و كارن، ماڵ و جادە و بانیان بێ خزمەتگوزارین، دەیان گرووپی چەكداریی لەیاسادەرچوویان بە ئارەزووی خۆیان و ھەروەك چۆلەكە و ڕیشۆڵەكەی ناو پۆلەكەی قوتابخانەی ئەزمەڕی سەرەتایی كوڕان، بەڕەڵای ناو عێراق كراون و كەی و كوێیان بوێت مووشەكباران و درۆنبارانی دەكەن، شكۆی دەوڵەت بەمە ناشكێت و نەشكاوە! بەڵام ئەگەر خۆپیشاندەران بچنە ناو پەرلەمان، بەمە شكۆی دەوڵەت دەشكێت!

5 - ئەگەر لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019دا مالیكییەكان 495 كەس بكوژن، 21 ھەزار كەس بریندار بكەن و لەو 21 ھەزار كەسە 3 ھەزار كەسیان بووبنە خاوەن پێداویستیی تایبەت، 170 كەس بێسەروشوێن بكرێن، بەمە شكۆی دەوڵەت ناشكێت و نەشكاوە! بەڵام شكۆی دەوڵەت بەوە دەشكێت، كە خۆپیشاندەران بچنە ناو بینای پەرلەمان، لەكاتێكدا 73 كورسیی ئەو پەرلەمانە ھی ئەوانەن، كە چوونە ناو پەرلەمان!

6 - شكۆی دەوڵەت بەوە ناشكێت و نەشكاوە! كە دوای ھەر ھەڵبژاردنێكی پەرلەمانی عێراق، ئەفسەرێكی ئەودیوسنوور دێت و ئەو ئەفسەرە حكوومەت و سەرۆكوەزیران و وەزیرەكانیشیان بۆ دادەنێت، بەڵام شكۆی دەوڵەت بەوە دەشكێت، كە خۆپیشاندەران بچنە ناو بینای پەرلەمان، لەكاتێكدا 73 كورسیی ئەو پەرلەمانە ھی ئەوانەن، كە چوونە ناو پەرلەمان! ھەر بەڕاستی نووری مالیكی چۆن لە شكۆی دەوڵەت تێگەیشتووە؟ ئەگەر مالیكی و مالیكییەكان لەبنەڕەتدا شكۆ لە كەسایەتیی خۆیاندا ھەبووایە، ئەسڵەن شكۆی دەوڵەت نەدەشكا، نەوەڵا بیرم كەوتەوە، ئایا لە عێراقدا دەوڵەت ھەیە، ھەتا شكۆی ئەو دەوڵەتە بشكێت؟!