وەزیری نەوت باسی بێ مووچەیی لە عێراق دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزیری نەوت باسی بێ مووچەیی لە عێراق دەكات

"بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لە سێ ساڵ زیاتر ناخایەنێت"

وەزیری نەوتی عیراق، هۆشداری لەبارەی کۆتایی هاتنی خۆشگوزەرانی دارایی عێراق دەدات و دەشڵێت: "پێویستە وەزارەتەکان کار بکەن پێش ئەوەی عێراق بێ مووچە بێت".

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، بە میدیاكانی عێراقی رایگەیاند: "ئەو خۆشگوزەرانییە داراییەی عێراق پیایدا تێپەڕدەبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لە سێ ساڵ زیاتر ناخایەنێت، لەبەر ئەو هۆکارەش پێویستە وەزارەتەکانی دیکەی وەکوو گواستنەوە و پیشەسازی، وەبەرهێنان لە کەرتەکانیاندا بکەن پێش ئەوەی عێراق خۆی لە بێ مووچەیی ببینێتەوە".

روونی كردەوە، هەناردەی نەوتی عێراق لە ئاستێکی باشدایە و داهاتی ساڵانەی بە 120 ملیار دۆلار دەقەبڵێندرێت.

وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت: "پێویستە سەرجەم وەزارەتەکانی وەکوو پیشەسازی و گواستنەوە و ئەوانی دیکە ئەم زیادە داراییە لە پرۆژە بەرهەمدارەکاندا وەبەرهێنان بکەن بۆ ئەوەی وڵات سەقامگیر بێت، دۆخی ئابووری وڵاتەکە لە کەوتنە قەیرانی هاوشێوەی ساڵی 2020 دوور بکەوێتەوە کە عێراق پارەی نەبوو بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرەکانی بدات".

ئەوقسانەی وەزیرەكەی عێراق لە كاتێكدایە، كە داهاتی دوو مانگی نەوت لە عێراق نزیكی 23 ملیار دۆلار بووە.

لە مانگی رابردوودا داهاتی عێراق زیاتر لە 11 ملیار و 354 ملیۆن دۆلار بووە و داهاتی مانگی پێنجیش، 11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار دۆلار بووە.

پێشتر سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئێستا عێراق داهاتێكی خەیاڵیی هەیە و پارەیەكی زۆر دێتە عێراق، ئەویش بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخەكەی، بەڵام سوود لەو داهاتە زۆرە وەرنەگیراوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "بەهۆی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و نەبوونی بودجەی ساڵی 2022، عێراق و خەڵكەكەی سوود لەو زیادبوونە خەیاڵییەی داهات وەرناگرن".

سیپان شێروانی گوتیشی، "10 ساڵیش دەبێت عێراق داهاتی وەها زۆر نەبووە، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ زۆربوونی داهات رەنگدانەوەی بۆ ژێرخانی ئابووریی عێراق و گەشەسەندنی پیشەسازی و كەرتەكانی دیكە نەبووە".