بە دروشمی (ھەفتەبازاڕی كشتوكاڵی دەرفەتێكە بۆ بەبازاڕكردنی بەرھەمە كشتوكاڵییەكان)، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ھەفتەبازاڕێكی كشتوكاڵی دەكاتەوە و ئامادەسازیشی بۆ كراوە.
لەم بارەیەوە، سەعدی غەفوور، لێپرسراوی بەشی ڕێنمایی كشتوكاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٨/٧/٢٠٢٢)، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕایگەیاند: ”ڕۆژی شەممە (٣٠/٧/٢٠٢٢)، بە چاودێریی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانـی ئاوی هەرێمی كوردستان، یەكەم هەفتەبازاڕی كشتوكاڵی لە هەڵەبجە دەكەینەوە، كە ئەم هەفتە بازاڕە بۆ لەمەودوا هەفتەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت”.
گوتیشی: ”ئامانج لە كردنەوەی ئەم هەفتەبازاڕە دروستكردنی بازاڕە بۆ برا جووتیارەكان بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە جووتیارانەوە بەدەست كڕیاران بگات''.