نرخی گازی سروشتی لە ئەورووپا بەرز بووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نرخی گازی سروشتی لە ئەورووپا بەرز بووەوە

ڕووسیا گواستنەوەی گازی سروشتیی لە ڕێگەی بۆڕیی نۆردستریم یەكەوە بۆ ئەورووپا بە ڕێژەی 20% كەم كردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخی گازی سروشتی لە ئەورووپا 2% بەرز ببێتەوە.

فاتیح بیڕۆڵ، سەرۆكی ئاژانسی وزەی جیهانی هۆشداری دەدات كە ئەمساڵ بۆ ئەورووپا ساڵێكی سارد دەبێت، ئەویش بەهۆی كەمبوونەوەی هەناردەی گازی سروشتیی ڕووسیایە بۆ ئەورووپا.

بەهۆی ئەوەی، ڕووسیا فرۆشتنی گازی سروشتیی بۆ وڵاتانی ئەورووپا كەم كردووە، بۆیە نرخەكەی بە جۆرێك بەرز بووەتەوە، لە مێژوودا یەكەم جارە بگاتە ئەو ئاستە.

بەر لەوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆكراینا دەست پێ بكات، ئەڵمانیا نیوەی پێداویستیی گازی سروشتیی لەرێگەی بۆڕیی نۆردستریم یەكەوە بەدەست دەهێنا، بەڵام ئێستا ڕووسیا چارەگی ئەو نیوەیەی پێ دەفرۆشێت.

گازپڕۆم، كە خاوەنی نۆرد ستریمە، دەڵێت: ''بەئانقەست گازمان كەم نەكردووەتەوە، بەڵكوو كێشە لە بۆڕییەكەدا هەیە و تا چاك دەكرێتەوە ناتوانین وەكوو پێویست گازیان بۆ بنێرین''، بەڵام ئەڵمانیا ئەو بەهانەیە بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت ''بەئانقەست گازی سروشتییان لەسەر كەم كردوینەتەوە''.

نەرویج و پۆڵۆنیا ڕایانگەیاند كە تا كۆتایی ئەمساڵ ئیتر پێویستیان بە بۆڕیی نۆردستریم یەكی ڕووسیا نابێت بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی و دەستبەرداری دەبن. هەروەها سەرۆك وەزیرانی پۆڵۆنیا ئاماژەی دا كە ئەوان وەكوو ئەلمانیا نین تا ڕووسیا فشاریان بخاتە سەر.

بیڕۆڵ قسەی بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەگەر بێت و ئەم زستانە ئەورووپا بەكارهێنانی گازی سروشتی كەم نەكاتەوە، بەدڵنیاییەوە دووچاری كێشەیەكی ڕژدی بێگازی دەبنەوە، بۆیە دەبێت حكوومەت بەپەلە لەبری گازی سروشتی بیر لە بەدیلێكی تر بكاتەوە''.