لە باکووری کوردستان شارێکی سەردەمی ئورارتییەکان دەدۆزرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە باکووری کوردستان شارێکی سەردەمی ئورارتییەکان دەدۆزرێتەوە

لە ناوچەی وان لە باکووری کوردستان، لە سێ کیلۆمەتریی قەڵای ئایانس شارێکی شوێنەواریی سەردەمی ئورارتییەکان دۆزرایەوە.

ئەم شارە شوێنەوارییە دەکەوێتە گوندی ئورنلی لە ناوچەی گری غەریبا، کە سەر بە ناوچەیەکی میژووییە بە ناوی توشبا.

ئەم شارە شوێنەوارییە تازەدۆزراوەیە، نزیکەی 6 بۆ 7 مەتر قووڵە و 10 تا 15 ڕێگای هەیە کە زۆربەیان بە یەک دەگەن، هەروەها کۆمەڵێک دیوار کە بە وێنەی ئاژەڵ و مرۆڤ نەخشێنراون، لەم شارەدا دۆزراونەتەوە.

بە گوتەی ئەرۆڵ ئوسلو، بەڕێوەبەری کولتووری و گەشتیاریی وان، ئەم ناوچەیە پێشتر لەلایەن کەسانی ناشارەزا کنە و پشکنینی نایاسایی و نازانستی بۆ كرابوو، بۆیە لەگەڵ ئەم دۆزینەوە نوێیانە، ئەم ناوچەیە پێویستی بە پاراستنی زیاترە، بۆیە ئەم ناوچەیە لەلایەن پۆلیسی تایبەتەوە دەپارێزرێت و چاودێری دەکرێت.

 بەڕێوەبەری کولتووری و گەشتیاریی وان دەڵێت: "ئەمە ناوچەیەکی تایبەتە کە بەهۆی دۆزینەوە تایبەتەکانی، دەکرێت ببێتە یەکێک لە ناوچە شوێنەواری و گەشتیارییەکانی جیهان، بۆیە ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین ئەم ناوچەیە بە هەموو دونیا بناسێنین".

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە مێژووی ئەم شوێنە بۆ سەردەمی ئورارتییەکان دەگەڕێتەوە. ئەم ناوچەیە ساڵی 1994 دۆزراوەتەوە و کارە سەرەتاییەکانی کنە و پشکنینی زانستیی بۆ كراوە، ئێستا لە ئەنجامی هەڵکۆڵینی شوێنەواری، کۆمەڵێك گۆڕی بەردین دۆزراونەتەوه‌، کە چەندان پارچە کەلوپەل وەک خەڕەک-ی ڕستن و چنین و چەند بوتڵێکی شووشەیی، کە تایبەت بووە بۆ هەڵگرتنی فرمێسکی چاو بە ساخی دۆزراونەتەوە.