دوای بەربژێرکردنی سودانی، پرسی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

دوای بەربژێرکردنی سودانی، پرسی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت

 

چاودێرانی سیاسی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا نابینن و پێیان وایە، بەربژێرکردنی محەمەد شیاع سودانی، کە لەلایەن سەدرییەکان و شەقامەوە رەتکراوەتەوە، ئەو پرسەی ئاڵۆزتر کردووە.

سودانی و کاردانەوەی سەدرییەکان و شەقام

دوای ئەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە رۆژی 25ی7ی 2022 رێک کەوتن لەسەر یەکلاییکردنەوەی محەممەد شیاع سودانی، وەکوو بەربژێریان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە یەکەم کاردانەوەدا، لەلایەن موسڵح محەمەد عێراقی، کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) وێنەی سودانییەکی بڵاو کردەوە، کە تەوقە لەگەڵ سێبەرەکەی خۆیدا دەکات!

ئەم ھەڵوێستەی سەدرییەکان بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی، کە سەدرییەکان پشتگیریی سودانی ناکەن و ئاماژەی ئەوەیه‌ کە تەوقە لەگەڵ سێبەرەکەی خۆیدا دەکات، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، کە وەکوو بەربژێری سەرۆک وەزیران رەتی دەکەنەوە.

شەوی رابردووش، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی لەبەردەم نووسینگەى محەمەد شیاع سودانى، بەربژێرى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران، خۆپیشاندانیان كرد و دروشمیان لە دژى بەربژێرکردنی بەرز کردەوە، هاوکات خۆپیشاندەران وێنەیەکى سودانییان بەرز کردەوە، کە لەسەرى نووسرابوو “بە فەرمانى گەل رەت دەکرێتەوە".

چوارچێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر بەربژێرکردنی سودانی

هەموو ئەوانە لەکاتێکدایە، کە وا بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، چوارچێوەی ھەماھەنگی ناوی سودانی بە فەرمی وەکوو بەربژێری کوتلەی گەورەی پەرلەمانی ،دوای کشانەوەی سەدر، بدەن بە پەرلەمانی عێراق، بەڵام دیار نییە، کە دەتوانن دەنگی پێویستی بۆ کۆ بکەنەوە یان نا؟

چاودێران پێیان وایە فشارەکانی سەدر و شەقامی عێراقی لەمپەری گەورە دەبن لەبەردەم گەیشتنی سودانی بە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

پێکهێنانی حکوومەت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر زەحمەتە

د.مەحموود عوسمان، سیاسەتوان و پەرلەمانتاری پێشووتری کورد لە بەغدا، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، باس لەوە دەکرێ، کە سودانی ئێستا لەژێر کاریگەریی (مالیکی)دا بێت، بێ گومان ئەگەر وابێت ئەوە سەدرییەکان قبووڵی ناکەن بگات بە پۆستی سەرۆک وەزیران، چونکە لایەنی دیکەش هەیە رەتی دەکاتەوە، گوتی: “وەکوو کەسایەتی، ئەوەندە ساڵەی ئاگاداری بووبم، کەسێکی خراپ نەبووە، بەڵام ئەو هۆکارانە وادەکات، کە پێکهێنانی حکوومەت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی ئاسان نەبێت و زەحمەت بێت”.

ئەو سیاسەتوانەی کورد، راشیگەیاند، پێکهێنانی حکوومەتی عێراق زیاتر دەخایەنێت و ئاسان نابێت، گوتیشی: “کێشەکە لە عێراق ئەوەیە، ئەگەر حکوومەتیش پێکبێت و سەرۆکوەزیرانیش هەڵبژێردرێت، بەڵام سەرۆک وەزیران لەژێر کاریگەریی کوتلەکاندا دەبێت و هیچ دەسەڵاتێکی نابێت، هەروەکوو ئەوانی پێشوو دەبێت، کەوابێت گۆڕانکاری روونادات و کوتلە و کوتلەکاری ناهێڵن ئیش بکات، عێراق پێویستی بە کەسێکی بەهێز هەیە، کە پشتیوانیی تەواوی هەبێت و لە بڕیارداندا دەستکراوە بێت”.

سودانی کێیە؟

محەمەد شیاع سودانی، دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی بەغدایە، ماستەری لە ئیدارەی پرۆژەکان هەیە و پێشتر پارێزگاری میسان بووە، هەروەها وەزیری هەریەک لە وەزارەتەکانی مافی مرۆڤ و بازرگانی و پیشەسازی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە.

سودانی ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، لەسەر بازنەی بەغدا و ئەندامی لیژنەی چاودێری و جێبەجێکردنە و سەرۆکی لیستی (فوراتین)ە، کە لە کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لیستەکەی 3 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێناوە.

هەروەها بە یەکێک لەو کەسانە دادەنرێت، کە نزیکە لە نووری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.