نوێنەرانی چواردە وڵات لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی بۆردومانەکەی هاوینەهەواری پەرەخ دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نوێنەرانی چواردە وڵات لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی بۆردومانەکەی هاوینەهەواری پەرەخ دەکەن

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی هێرشه‌كه‌ی سوپای توركیا كه‌ هەفتەی رابردووی كردبوویه‌ سه‌ر هاوینه‌ هه‌واری گوندی په‌ره‌خێ له‌ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە، كه‌ تێیدا زیاتر له‌ 30 گه‌شتیاری شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێرق بوونه‌ قوربانی.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 27/72022، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی لەبارەی تۆپبارانکردنی هاوینەواری گوندی پەرەخ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک گەشتیاری عێراقی ئەنجام دا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک گوتی: "سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکەم کە سەرەخۆشیان لە گەل و حکوومەتی عێراق کرد، بۆ قوربانیانی تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ، پێزانینمان هەیە بۆ ئەو وڵاتانە".

گوتیشی: "ئەو هێرشه‌ی كه‌ توركیا له‌ رۆژی 20ی ئەم مانگە بۆ سەر گوندێکی گەشتیاری لە دهۆك ئه‌نجامی دا، زۆر گەورە بوو، خەڵکی توڕە کرد، بۆیە دەبێ سوپای تورکیا لە عێراق بکشێتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە دەبێ هاوکار و پشتیوانی عێراق بن، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی تورکیا و پەکەکە شەڕی خۆیان ببەنە دەرەوەی عێراق".

هاوکات جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە گوتارێکیدا لەبەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکە رایگەیاند: "زۆر گرنگە هەموو هێرشەکان بۆسەر خاکی عێراق بوەستێن. ئەم پێشێلکارییانە نەک تەنها بێباکانە گرژییە نێوخۆیی و هەرێمییەکان زیاد دەکەن، بەڵکو هەروەکو بینیمان، دەبنە هۆکاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە."

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و گوتانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، جێگری نێردەی تورکیا، راستەوخۆ هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دەگوترێت تورکیا لە پشت هێرشەکەوە بووە، داواشی لە عێراق کرد چیدی رێگەنەدات پەکەکە خاکەکەی وەکو گۆڕەپانێکی خۆیەکخستنەوە لە دژی ئەنقەرە بەکاربهێنێت.

ئۆنجو کەچەلی، جێگری نێردەی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئێمە پێشبینی دەکەین پەکەکە کۆنتڕۆڵی بەسەر لانیکەم 10 هەزار مەتر چوارگۆشەی خاکی عێراق هەبێت. نزیکەی 800 گوند بەزەبری هێز لەسەر دەستی پەکەکە چۆڵکراون، هەموو ئەو خاڵانە بوونەتە پەناگەیەک بۆ تیرۆرستان".

لە كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا، نوێنەرانی چواردە وڵات بۆردومانه‌كه‌ی سوپای تورکیایان بۆ سه‌ر گوندی په‌ره‌خێ شەرمەزار کرد، لە هەمان کاتدا داوایان کرد رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت.

ئەو وڵاتانەی سەرکۆنەی بۆردومانەکەیان کرد بریتی بوون لە، فەڕەنسا، به‌ریتانیا، رووسیا، چین، هیندستان، ئیمارات، مەکسیک، گانا، ئیرلەندا، نەرویج، گابۆن، ئەلبانیا، بەرازیل و کینیا.