بەهۆی وشكەساڵییەوە دەریاچەی وان لە وشكبوون نزیك دەبێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەهۆی وشكەساڵییەوە دەریاچەی وان لە وشكبوون نزیك دەبێتەوە

بە پانایی دوو كیلۆمەتر ئاوی تێدا كەم بووەتەوە

گۆڕانی كەشوهەوا لە جیهاندا، كاریگەریی كردووەتەوە سەر توركیا، لەوێش زۆرترین كاریگەریی لەسەر باكووری كوردستان هەیە، بەتایبەت كەرتی كشتوكاڵ و دەریاچەی وان، كە تاوەكوو ئێستا بە پانایی دوو كیلۆمەتر ئاوی تێدا كەم بووەتەوە.

بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایانی بواری كەشوهەوا، سووتانی دارستانەكان، بوونی وشكەساڵی و قەیرانی دانەوێڵە هۆكارن بۆ گەرمبوونی زەوی، لە داهاتوویەكی نزیكدا كاریگەرییەكانی بەتەواوی دەردەكەون.

بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ، گۆڕانی كەشوهەوا زۆرترین كاریگەریی لەسەر باكووری كوردستان دروست كردووە، بەتایبەت لەڕووی وشكەساڵییەوە.

دەریاچەی وان، بە یەكێك لە دەریاچە بەناوبانگەكانی جیهان دادەنرێت، لە توركیا وەكوو گەورەترین دەریاچە ناوی دەهێنرێت، بەڵام بەهۆی وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەواوە، بە پانایی دوو كیلۆمەتر ئاوی تێدا كەم بووەتەوە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی توركیای هێناوەتە دەنگ.

ئەوەی بووتە مایەی مەترسی بۆ خەڵك، بەهۆی ئەوەی ئاوی دەریاچەی وان كەمی كردووە، ئەمە وای كردووە میكرۆباتی زۆر بێتە دەرەوە و كاریگەریی خراپیشی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان هەبێت، جگە لەوەی ڕاوچییەكان زەرەرمەندی یەكەمن.

بەهۆی ئەوەی دەریاچەی وان، چواردەوری بە شاخ گیراوە، بۆیە لە هیچ شوێنێكی ترەوە ئاوی ناچێتە ناو، تەنیا پشت بە ئاوی باران و بارینی بەفر دەبەستێت.

دوو ساڵ بەر لە ئێستا وشكەساڵی ڕووی لە باكووری كوردستان كرد، بەڵام پارەکە، هاووڵاتیان ئۆمێدێكیان بۆ گەڕایەوە بەهۆی بارینی بەفر و بارانێکی زۆر، كە كاریگەریی لەسەر وشكەساڵی هەبوو، بەڵام دەریاچەی وان سوودی لەو بارانە نەبینی، تەنیا هۆكارێك بوو تا دەریاچەكە وشك نەبێت.

دكتۆر فاروق عەلائەدینئۆغڵو، شارەزای بواری ئاو و دەریاچە، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)  كردووە و دەڵێت، دەریاچەی وان پشتی بە ئاوی باران بەستووە، بەڵام كاتێك ئاوی دەریاچەكە بەهۆی گەرماوە دەبێتە هەڵم، ئیدی ئاوەكە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.

زیاتر گوتی: ”ئەو هەڵمەی لێرە هەیە هەڵمێکی ڕاستییە، نەك تەنیا دەریاچەی وان، بەڵكوو لە هەر شوێنێك هەڵمی لەو شێوەیە هەبێت، ئاو كەم دەكات. پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا دەتوانین ڕێگە لەو دیاردەیە بگرین و ئاو كەم نەكات؟ بەداخەوە نەخێر، چونكە ئەو بارانەی دەبارێت زۆر زیاد ناكات، بەپێچەوانەوە هەڵمەکە زیاد دەكات“.

بەڵام عەلی كاڵچك، شارەزای بواری مێژوو و سەرۆكی ڕێكخراوی پەرەپێدان و لێكۆڵینەوەی ئاسەوارە مێژووییەكان لە وان، پێی وایە جگە لە هەڵم هۆكاری تر هەن كە دەریاچەی وان وشك بكات.

بە گوتەی كاڵچك، بەهۆی ئەوەی لە چواردەورەی ئەو دەریاچەیە سەوزایی نەماوە و هەمووی بووە بە باڵەخانە، ئەمە وای كردووە دەریاچەكە وشك بكات، هەموو دەریاچەیەك دەبێت چواردەورەی نەكرێتە باڵەخانە.

گوتیشی: ”دروستكردنی ئەو باڵەخانانە و وشكەساڵی، دەریاچەكەیان بەرەو وشكبوون بردووە“.

ئەوەی مایەی مەترسی و كارەساتە بۆ ئەو ناوچەیە، كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەی وان، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دابینكردنی ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە و هەروەها ئاژەڵداری دەبێت، چونكە بەشێكی زۆری ئەو خاكەی لە دەورەی ئەو دەریاچەیەیە، بەهۆی ئاودانیانەوە سەوز بوون و ئاژەڵی لێ دەلەوەڕێنن، بەڵام ئەگەر ئاوی وان كەم بكات و ئەو ناوچەیە وشك ببێت، ئاژەڵداری لەو ناوچەیە بەرەو نەمان دەچێت.

عەلائەدین دەڵێت: ”هەوا وشك بووە، چونكە وشكەساڵی هەیە، بۆیە دەبێت زۆر سوود لە ئاوی باران وەربگیرێت و بە شێوەیەكی جوان پارێزگاریی لێ بكرێت، چونكە ئێستا زۆربەی دابینكردنی ئاوی پاك بۆ ماڵان لەژێر زەوییەوە دابین دەكرێت. بەداخەوە تاوەكوو ئێستا دواكەوتووین لەو ڕووەوە، چونكە یەك دڵۆپی ئاوی باران نابێت بەفیڕۆ بڕوات و دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت، بەپێچەوانەوە دوای 10 ساڵی تر، ئاوی پاكمان دەست ناكەوێت بۆ خواردنەوە“.

ئەگەر پلەی گەرمی هەر بەو شێوەیە بە بەرزی بمێنێتەوە، هەڵمیش لە دەریاچەی وان بەردەوام بێت، ئاوەكە زیاتر كەم دەكات، جیا لەوەی هاووڵاتیان هەرچی پیسی و كەلوپەلی خراپە دەیخەنە ناو دەریاچەی وانەوە، كە ئەمەش كاریگەری هەیە لە كەمبوونەوەی ئاوەكە.

دەریاچەی وان، گەورەترین دەریاچەیە لە توركیا، درێژییەكەی 120 كیلۆمەترە، پانییەكەشی 80 كیلۆمەترە. قووڵایی دەریاچەكە 171 مەترە و بە كۆی گشتی ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 713 كیلۆمەتیر چوارگۆشەیە.

لە دەریاچەی واندا چوار دوورگە هەیە؛ ئاكدەمار، چارپەناك، ئادر و كوش ئەداسی.