فیلمی دیكۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرهێنانی ڕەوانشاد رەحیم زەبیحی و لە بەرهەمهێنانی توورەج ئەسڵانی، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕكێی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ لە وڵاتی رووسیا بەدەستهێنا.
فیلمی دیكۆمێنتی "نانی پیرۆز" دوایین بەرهەمی سینەماكاری كۆچكردووی كورد رەحیم زەبیحییە، لە بەرهەمهێنانی سینەماكاری كورد توورەج ئەسڵانی و بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی ماد موڤی MAAD Movie، دوای بەشداری لە فێستیڤاڵە گرینگە جیهانییەكان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی بەنرخ، لە نوێترین و یازدەیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕكێی و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلمی بڵندی ئەم فێستیڤاڵە بەدەست بێنێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی "بەڵگە فیلمە بڵیندەكان"ی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ بریتی بوون لە: ئیبڕاهیم سەعیدی، دیكۆمێنت ساز، مۆنتێر و دەرهێنەری بەرهەمە بڵیندە سینەماییەكان.
دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ Moscow بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی كوردەكان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و كورتە فیلم لە سینەماكارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی كارۆ ئاڕت، لە هۆڵەكانی ناوەندی سینەمایی ئۆكتیابر و لە شاری مۆسكۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو.