بەرھەم ساڵح خۆی خۆڵ دەكات بەسەری خۆیدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 26/07/2022

بەرھەم ساڵح خۆی خۆڵ دەكات بەسەری خۆیدا

سەبارەت بە بابەتێكی ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب)، كە لە لەندەن دەردەچێت و سەرنووسەرەكەی ڕەگەزپەرستێكی عەرەبی دژە كورد و كوردستانە، بە حسابی خۆی ڕاپۆرتێكی شیكاریی لەسەر سەردانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا كردووە و لەو ڕاپۆرتەدا ئەو سەردانەی بە سەرنەكەوتوو وەسف كردوووە. لە بەدواداچوونێكی (باسنیوز)دا دەركەوتووە، كە سەرچاوەی ئەو زانیارییە ناڕاست و ھەڵبەستراوە، بەرھەم ساڵحەكەی بەغدایە، كە بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی سڵ لە ھیچ شتێك ناكاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو شتە بە عەیبەیەكی زۆر گەورەی شەخسی خۆیشی تەواو ببێت. لەكۆتایی بەدواداچوونەكەی (باسنیوز)دا ھاتووە ( لە ئەنجامی بەدواداچوونەكان، دەركەوت ئەو ڕاپۆرتەی ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب) بڵاو کراوەتەوە، هیچ نییە، جگە لە هەوڵێکی دیکەی بەرهەم ساڵح لە دژی هەرێمی کوردستان، کە بەدڵنیاییەوە، بەرهەم جگە لە شەرمەزاری، هیچی دیکەی بۆ نامێنێتەوە). ئنجا نۆرەی منە و دەڵێم:

ئەگەر بەرھەم ساڵح، كە بۆ كورد نەبوونی لەو پۆستەی ئێستایدا زۆر لە بوونی باشترە، بەڵام ئەگەر وەك لەو پۆستەشدایە، ئەگەر بێ دەنگ بێت و ھیچ نەكات و تەنیا خەریكی خواردنی مووچە و ئیمتیازاتی خۆی بووایە، یان ئەگەر گوڵ نیبە دڕكیش نەبێت، كەس ئەوی بیر ناكەوێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەك كابرای سەر كانییەكەی لێھاتووە، یان وەك مریشك خۆی خۆڵ دەكات بەسەری خۆیدا، ئیتر منیش وەك ھاووڵاتییەكی كوردستان، كە بەرھەم ساڵح بەناوی منیشەوە وەك سەركۆمار لە بەغدایە، ناچارم یەك دوو سەرەنێزەی تێ بسرەوێنم.

ساڵی 2006 بوو، ناكۆكیی نێوان بەرھەم ساڵح و ھەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئەوكاتەی یەكێتی توند بووبووەوە، منیش ڕۆژێك دوو بەدوو، بە یەكێك لەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیم گوت، باشە ئێوە كێشەتان لەگەڵ بەرھەم ساڵحدا چییە؟ ئەگەر تۆ پێت خۆش بێت من و برادەرێكی دیكەی خۆم دەتوانین بەرھەم بھێنین بۆ لات و بەڕاشكاوی باسی كێشەكانتان بكەن و ئاشت ببنەوە و كۆتایی بەم كێشەیە بھێنن، چونكە ئەم كێشەیە ھەر لەنێوان خۆتاندا نامێنێتەوە، بەڵكوو تەشەنە دەكات و شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوار خۆتان. ئەویش لە وەڵامدا پێی گوتم ، جەمال من ھیچ كێشەیەكەم لەگەڵ بەرھەم ساڵح نییە، بەڵام:

1 - ھەتا بڵێیت پیاوێكی درۆزنە و ھەر زۆر درۆزنیشە!.
2 - پیاوێكی زۆر نەدی و بدییە، چونكە لەپڕێ بووە بە كوڕێ، كە دێتە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ،بەبێ وەستان و چاكوچۆنیی گەرم لەگەڵماندا ،یەكسەر دەڕوات بۆ لای سەری سەرەوەی كورسیی كۆبوونەوەكان و زۆر لەخۆباییە.
3 - ئەو كاتەی سەرۆكی حكوومەتی ئیدارەی سلێمانی بوو، گەندەڵییەكی كردووە، مەگەر لە زەمانی سوڵتانەكانی عوسمانیدا ئەو گەندەڵییانە كرابن!
4 - ئینجاش، سەرباقیی ئەمانە، جاسووسیی بەسەر برادەرەكانی خۆیەوە دەكات و جاسووسی خۆی دەنێرێتە ماڵی برادەرەكانی خۆی!.

لەكۆتاییدا پێی گوتم، دە ئینجا ئەگەر تۆ پێت خۆشە و تۆ متمانەت بەم پیاوە ھەیە، با بێت و ھیچ كێشەم نییە.
منیش پێم گوت، ئەگەر ئەوە بەرھەم ساڵح بێت، بەكەڵكی مەرحەبای سەر ڕێگەش نایەت، نەك دانیشتن و كۆبوونەوەو ئاشتبوونەوە! لەو ڕۆژەوە ھەتا ئێستا، 16 ساڵ تێپەڕیوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر ڕاستیی قسەی ئەو برادەرەی مەكتەبی سیاسیی ئەو كاتەی یەكێتیی سەبارەت بە بەرھەم ساڵح دەردەكەوێت و دەسەلمێت.