د.ڕێبوار بابکەیی: ناسنامەی ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان ئاشكرایە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

د.ڕێبوار بابکەیی: ناسنامەی ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان ئاشكرایە

بۆچی هێرش دەکرێتە كێڵگەی غازی کۆرمۆر؟

 شارەزایانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان پێیان وایە، چەندین ئامانج لەپشت هێرشی میلیشیاکانەوەیە بۆ سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر و ناسنامەی ئەو گرووپانەش ئاشکرایە، کە هێرش دەکەنە سەر سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان.

کاتژمێر (7:55) خولەکی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، بۆ جاری چوارەم هێڕشی مووشەکی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەڵام بەپێی راگەیەنراوە فەرمییەکان، هێرشەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە و کاریگەریشی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی نەبووە.

لە ماوەی مانگی حوزەیران و تەمووزی ئەمساڵدا، ئەوە بۆ جاری چوارەمە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە بەیانێکدا بەتوندی ئەو هێرشانەی شەرمەزار کرد، کە چەندین جارە ژێرخانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج و  گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەكانی عێراقی تۆمەتبار کرد.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەنراوەکەیدا، ئاماژەی بەوەش دا، کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە و ژێرخانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی خەڵکی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەش لە ئەستۆی ئەو لایەنانەیە، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان، سامانی گەلی کوردستان دەکرێتە ئامانج.

لەمبارەوە، د.ڕێبوار بابکەیی، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی وڵاتی ئیقلمی لەپشتەوەی ئەو هێزە لە یاسادەرچووانەیە، حکوومەتی عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردن و داماڵینی چەکی ئەو هێزانەی نییە، گوتیشی: “ئەو گرووپانە ئەجێندای وڵاتێک جێبەجێ دەکەن و چەند ئامانجێکی ئاشکرایان لەو کارەیاندا هەیە، یەکەمیان، بۆ ئەوەیە لە ئابووری و ژێرخانی هەرێمی کوردستان بدەن، چونکە دەزانن غاز و نەوتی سروشتی لە هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی سەرەکی و شادەماری هەرێمی کوردستانە، بە لێدان لەو کێڵگە سەرەکییانە، واتا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ئێستا، كە غازی سروشتی بۆ بواری ناوخۆیی لە دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی بەکار دەهێنێ، دەیانەوێ تەنگژەی کارەبا و سووتەمەنی دروست بکەن، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بە هیچ شێوەیەک نەگات بەو ئاستەی، کە بتوانێ هەناردەی بکات، یان بۆ عێراقی دابین بکات، ئەوەش لەپێناو ئەوەی، کە نەبێت بەو سەنتەرەی، کە وڵاتان بۆ هاوردەکردنی غاز ڕووی تێ بکەن و ببێت بە شوێنگرەوەش بۆ غازی وڵاتی دیکە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، ڕاشیگەیاند، جگە لەو ئامانجە ئابوورییانە، ئەو کارانە پەیامێکی روونە، کە ڕێگە نادەن هەرێمی کوردستان ببێتە ئەو شوێنەی، کە بتوانێ سەربەخۆیانە مامەڵە لەگەڵ مەلەفی نەوت و غازەکەی بکات، گوتیشی: ”پەیامێکی دیکەی پشت ئەو هێرشانە ئەوەیە، کە لە رووی ئەمنییەوە بڵێن، هەر کات ئێمە بمانەوێ پێشڤەچوون و عەقڵیەتی ئیداری و ستراتیژیتان بۆ مامەڵەکردن بە کەرتی وزە و ئەو پێشکەوتنانەی کە هەیە، دەتوانین بیکەن بە ئامانج”.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان، راشیگەیاند، ئەو گرووپانە ناسراون و ناسنامەیان دیارە و حکوومەتی عێراق باش دەزانێ لەکوێوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، گوتی: “بەداخەوە حکوومەتی عێراق نە دەتوانێ کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپانە بکات، نە دەشتوانێ هەڵوێستێکی وای هەبێت، کە ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو هێرشە ترسنۆک و تێکدەرانەیە”.

پێشتر، د.هاوڕێ مەنسوڕبەگ، شارەزا لە کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر کێڵگەی غاز لە کۆرمۆ، بەشێکە لە درێژکراوەی ئەو سیاسەتەی، کە بە ئاراستەکردنی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان گیراوەتە بەر، کە دژایەتییەکە ئێستا بە فشارکردن لە ڕێگەی هێرشی میلیشیاکانەوە بۆ سەر کێڵگەی نەوت و غاز دەکرێن، تاوەکوو بەهیچ شێوەیەک غازی هەرێمی کوردستان نەبێتە شوێنگرەوەی ئەو غازەی، کە لە ئێرانەوە رەوانەی عێراق دەکرێت، گوتیشی: “بەرهەمهێنانی غازی سروشتی چ لەناو عێراق بێت یان لە هەرێمی کوردستان، دوژمنی زۆری هەیە، یان پڕۆژەی دابینکردنی کارەباش بەهەمان شێوەیە، هەربۆیەش هەر هەنگاوێک لەو بوارە لە عێراق و کوردستاندا بنرێت، لەلایەن هێزە میلیشیاکانەوە هەوڵی شکستپێهێنانی دەدرێت، کە بوونەتە پارێزەری بەرژەوەندیی وڵاتانی ئیقلیمی”.

ئەو شارەزایە لە کەرتی وزە زیاتر روونی کردەوە، کە دەبوو پڕۆژەی غازی کوردستان وەکوو چارەسەرێک بۆ پێویستییە زۆرەکانی غاز لە عێراق سەیر بکرێت و بە پڕۆژەیەکی ستراتیژ دابنرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، بە جێگرەوەی غازی ئێران دەزانرێت و هەرئەوەشە وایکردووە، لەلایەن میلیشاکانی نزیک لە ئێرانەوە هێرش بکرێتە سەر کێڵگەکان، تاوەکوو بەهەر شێوەیەک بێت بەرهەمهێنان رابگیرێت و بەرز نەبێتەوە، گوتیشی: “ئێستا ساڵانە لەلایەن عێراقەوە غازێکی زۆر، کە رەنگە تەنیا بۆ ئەمساڵ بایی یەك ملیار و نیو دۆلار لە ئێرانەوە هاوردە کرابێت، هەر بۆیەش میلیشیاکان ئەوە بە مەترسی دەزانن و پێیان وایە، بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان، لێدان دەبێت لەو پارەیەی کە ئێران لەو ڕێگەیەوە دەستی دەکەوێت، چونکە عێراق ساڵانە بە بڕێکی زۆر غاز لە ئێران دەکڕێت، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی، ئەو سەرچاوە گەورە داراییە لە ئێران وشک نەبێت”.